هۆكارەكانی نەزۆكی لەپیاواندا ئەمانەن

تەندروستی 18/08/2019

چاودێر: تابان رەزا
هەندێك خێزان كێشەی منداڵ نەبوونیان هەیە، زۆربەشیان واهەست دەكەن كە كێشەكە لە ئافرەتانەوە بێت، بەڵام بەگشتی زیاتر لە یەك لەسەر سێی منداڵنەبوون هۆكارەكەی بۆ پیاوان دەگەڕێتەوە، لەوبارەیەوە پزیشكێكی پسپۆڕ دەڵێت"خواردنەوەی كحول و جگەرەكێشان ڕێژەی تۆوەكان كەم دەكەنەوە، بەمەش ئەگەری نەزۆكی لەپیاواندا زیاد دەكەن"
نەزۆكی پیاوان چییە؟
د.ڕەوا حەمەغەریب، پسپۆڕی نەشتەرگەری گورچیلە و میزەڵدان و پڕۆستات و  نەزۆكی پیاوان، ئاماژەبەوەدەكات، كەمی دروستكردنی تۆو یاخود دروستكردنی تۆو كە ناچالاكن و  شێوەیەكی ناسروشتی و گەشە نەكردوویان هەیە ئەگەری هەیە ببێتە نەزۆكی لە پیاواندا، كە كێشەیەكی تەندروستیە و ئەگەری دووگیان بوون لە ئافرەتدا كەم دەكاتەوە.
هۆكارەكانی نەزۆكی لە پیاواندا
ئەو پزیشكە، باس لەوە دەكات، ئەو لەو هۆكارە باوانەی كەئەگەری نەزۆكی لەپیاواندا زیاتر دەكات،كەمی یا زۆری ڕێژەی هۆرمۆنەكان وەك تێستۆستیرۆن، غوددە و نەخۆشییەدرێژخایەنەكانی و نەخۆشی پڕۆستات، هەروەها خواردنەوەی كحول و جگەرەكێشان ڕێژەی تۆوەكان كەم دەكەنەوە، كێشە لەكرۆمۆسۆمەكان و ئەندامی زاوزێی نێرینە، پۆشینی جلوبەرگی تەسك و گەرم وە چەند ڕۆتینێكی ژیان.

ناوبراو وتیشی، تێكچونی بەرگری لەش كە دەبێتەهۆی لەناوبردنی تۆوەكان كە زۆرجار بەهۆی ڕوداو و نەشتەرگەرییەوە،  چەند دەرمانێك وەكو ئەوانەی بۆ لەش جوانی بەكاردێن كە لەگەڵ كاتدا ڕێژەی تۆو كەم دەكەنەوە.هەروەها توشبوون بە ئلتیهاباتی بەردەوام و گیرانی ڕێڕەوی تۆواو.
لەگەڵ چەندین هۆكاری هاوشێوە كەكاریگەری خراپیان هەیە لەسەر تۆو و ئەندامی زاوزێی نێرینە.
چارەسەرەكان 
د. ڕەوا حەمە غەریب، دەڵێت" چارەسەركردن بەپێی حاڵەتەكە دەگۆڕێت ، ڕەنگە بە دەرمان بێت یاخود نەشتەرگەری، لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە پشتگوێ نەخرێت و زوو چارەسەر بكرێت"