دیدگاى مۆدێرن و ئاگایی نووسەر لە ڕۆمانى (ماڵی پشیلەکان)دا

ڕەخنەی چاودێر 17/08/2019

دیدگاى مۆدێرن و ئاگایی نووسەر لە ڕۆمانى (ماڵی پشیلەکان)دا
داستان بەرزان


مافی هەر خوێنەرێکە ئارەزووى چ جۆرە تێکستێکى ئەدەبی دەکات، چونکە چێژى ئەدەب لەو ڕووبەرە زۆرەى ئازادیدایە کە سەرەتا لاى نووسەر، پاشان دەگوێزرێتەوە بۆ خوێنەر و لە پەیوەندییەکى ستاتیکى و مەعریفی ماناداردا خۆى بەرجەستە دەکات.
هیچ کایەکى ژیان هێندەى ئەدەب ئازادى تێدا بەدەستنایەت، واتە ئەگەر بێت و لێم بپرسیت بۆچی دەخوێنیتەوە؟ لە وەڵامدا دەڵێم: بۆ ئەوەى ئازادبم و تامى ئازادى بکەم، زیاتر لەوەى ئەگەر هەبێت.
هیچ نووسەرێکى ڕاستەقینەش نییە لە پێناو ئازادیدا نەنووسێت، ئازادى ئەو چەمکە فرەڕەهەندەى لە مێژە کەرەستەى ڕامان و قسەوباسی مرۆڤى بیرکەرەوەبووە، مەگەر تەنیا ئەوانە لە خەمى ئازادیدا نەبن کە لە خەمى ژیانى ڕاستەقینەدا نین، چونکە ژیان بۆ ئەوەى تەواو بێت پێویستە ئازادى یەک لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانى بێت.
شەوێک دەستم بە خوێندنەوەى ڕۆمانى (ماڵی پشیلەکان)ى (هیوا قادر) كرد، تاکو نەگەیشتمە کۆتایی دەستم لێبەرنەدا، یەکێک لەو هۆکارانەش کە وایکرد درێژە بە خوێندنەوەى بدەم، ئەو دەستپێکەبوو کە لە سزادانى کەسێکەوە دەست پێدەکات بەوەى مەرجە بۆ ماوەى مانگێک لە ماڵی پشیلەکاندا (کە شوێنێکە بۆ بەخێوکردن و پەروەردەکردنى جۆرە جیاوازەکانى پشیلە) کاربکات، کە دەستپێکێکى جیاواز و ناباوى وەهایە کە ناکرێت سەرنجتڕانەکێشێت، بەتایبەت لە ڕۆمانى کوردیدا بۆخۆم دەستپێکى لەوجۆرەم بەرچاو نەکەوتووە.
لەوێوە کاراکتەری سەرەکى ئەم ڕۆمانە دەڕواتە ناو زۆر بەسەرهات و ڕووداوى دیکەوە کە پێویستە خوێنەر خۆی بیخوێنێتەوە و بۆخۆم لەم نووسینەدا بوار بە گێڕانەوەى چیرۆکەکە نادەم، هێندەى مەبەستمە لەو لایەنانەى ڕۆمانەکە بنووسم کە وەک خوێنەرێک بوونە هۆی چێژبینینم، لە پاڵیشیدا ئەم ڕۆمانە بکەمە هۆیەک بۆ باسکردنى هەندێک بابەتى پەیوەست بە ڕۆمانەوە چونکە کەمجار ڕێدەکەوێت ڕۆمانێکى کوردى بەجۆرێکى وەها بتجوڵێنێت کە حەز بکەیت بنووسیت، بیربکەیتەوە، یان هەرنەبێت قسە بکەیت، بەڵام ئەوەى باش بوو لەم مانگەدا دوو ڕۆمانى کوردى بوونە هۆی بەخشینى چێژێکى زۆر، ئەوانیش ڕۆمانەکانى (قەبرێکى سێگۆشە)ى (فەرهاد پیرباڵ) و ڕۆمانى (ماڵی پشیلەکان)ى (هیوا قادر) کە کەرەستەى سەرەکى ئەم نووسینەیە.
بە تەواوى نازانم چەندم ڕۆمان خوێندۆتەوە، بەڵام نزیکەى دەزانم خوێنەری سەدان ڕۆمانى کوردى و وڵاتانى دیکەى دونیام، لە ناو ئەوانەشدا تیایاندا هەبووە هەرگیز بیرم ناچنەوە، بۆیە بۆم هەیە وەک خوێنەرێک ئەو ستیلانە لە ڕۆمان دەستنیشان بکەم کە بۆ من زیاتر چێژبەخشن وەک لە ستیلەکانى دیکەى ڕۆمان، ئەمەش دیسانەوە لەو ئازادییەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە خوێندنەوە پێتدەبەخشێت، بەڵام ئەوەى هەمیشە جێگەى سەرنجم بووە لەو ڕۆمانە کوردیانەى خوێندوومنەتەوە نەبوونى ستلی جیاوازبووە، بەڵکو نزیکەى زۆرینەیان لەسەر یەک هێڵى گێڕانەوە و بابەت و کەرەستەکانى دیکەى ڕۆمان بوون، ئەوانەشی بەم دواییانە وەکو ڕۆمانى جیاواز بانگەشەیان بۆ دەکرێت لە تێکەڵەیەک لە ڕۆمانەکانى پێش خۆیان و جوینەوەى خەیاڵ و دونیابینى هەندێک نووسەری دیکە زیاتر نەبوون، بۆیە ڕوویداوە هەر لە چەند لاپەرەى سەرەتایانەوە دەستم لێهەڵگرتوون، چونکە هەرگیز لە خوێندنەوەى ئەو ڕۆمانانە بەردەوام نابم کە هێزیکێشکردنى تایبەت بە خۆیانیان نییە.
من مرۆڤێکى تاڕادەیەک شپرزەم، ئەمەش لە هەموو کاتێکدا نا، بەڵام لە خوێندنەوەى ڕۆماندا هەمیشە ڕۆمانە ڕیتم خاوەکان و ئەوانەى ساردییەک باڵی بەسەر کۆى ئەتمۆسفێر و ڕووداوەکانیادا کێشاوە دڵخوازى منن، نمونەى ئەمانەش ڕۆمانى (شەوى ڕووداوە سەیرەکەى سەگەکە....) تەنانەت هەندێکجار ئەو کاراکتەرانەم خۆشدەوێن کە کەمدوون، بەڵام دەروونێکى قوڵیان هەیە نمونەى ئەمەش ڕۆمانى (خەونى پیاوەکان و مشکەکان....) بەڵام ناشتوانم سەرسامیم بۆ کاراکتەرە شەرکەش و یاخییەکانى وەکو (هۆڵدن و زۆربا و ماسییە ڕەشەکە و بزنەشێت)دەرنەبڕم، ئەمە جگە لەوەى کاتم داوە بە خوێندنەوەى ئەو ڕۆمانانەى کار لە مێژوودا دەکەن و ڕەهەندگەلی دیکە دەبەخشنە کاراکتەر و ڕووداوەکانى، بۆ ئەمەش هەندێک لە ڕۆمانەکانى نووسەرانى وەک (ئەلیف شەفەق، ئەمین مەعلوف،عەتا موحەمەد، بەیان سەلمان، جەمال جەبار غەریب، یوسف عیزەدین، جاندۆست، ماردین ئیبراهیم...)نمونەن، جگە لەو ڕۆمانانەى کار لە لۆکەیشنەکانى شارێکى دیایکراودا دەکەن بەڵام بەبێ ئەوەى مەبەستیان بێت خوێنەر بزانێت ئەوان باسی کامە شار دەکەن،لەوانە هەندێک لە ڕۆمانەکانى (بەختیار عەلی) ڕۆمانى (ئەو پیاوەى درەختێک بوو)ى (گۆران بابا عەلی)  لەگەڵ ئەوانەشدا ئەو ڕۆمانانەى بە زمانێکى توند و بێ خەوەش و ئارایشکردن کار لەسەر دیاردە دزێو و گەندەڵییەکانى مرۆڤ و کۆمەڵگا و سیاسەت دەکەن، نمونەشم بۆ ئەم جۆرەیان ڕۆمانەکانى (هۆتێل ئەوروپا، منداڵباز، مولازم تەحسین و شتى تریش، قەربرێکى سێگۆشە)ى (فەرهاد پیرباڵ)ن.
جگە لەو ڕۆمانەى کە کار لە دەستکایکردنى مرۆڤدا دەکەن بۆ گیانەوەری جگە لە مرۆڤ، ڕەچەڵەکى ئەم جۆرەش لە ئەدەبی گێڕانەوە لە ئەفسانەکانى یۆنان و ڕۆماوە سەرچاوە دەگرێت و لە کتێبی (میتامۆڕفۆس)دا دەگاتە لوتکە و دواتر لە ڕۆمانى (مەسخ)ى (کافکا)دا ناسنامەیەکى وەها دیاریکراو وەردەگرێت کە بەدوواى ئەودا هەرچی لەو ستیلەدا کاربکات خێرا ناوى کافکا دەدرێتە پاڵی، بە(سادقی هیدایەت)یشەوە کە بۆخۆی نزیکەى خاوەن ستیلە لە ڕۆمان و چیرۆکدا.
بەو پێیەى جۆری ڕۆمان زۆرن دەتوانین بڵێین لە ئەزموونى تەنیا یەک نووسەردا دەکرێت بەر چەند جۆرێکیان بکەوین و کاری ئەم نووسینەش ئەو پۆلێنکارییە نییە، پێمباشە کەمێک لە بارەى جۆری ئەو ڕۆمانەوە بنووسم کە حەزم پێیان نییە و لانیکەم چێژ لە خوێندنەوەیان ناکەم، بە کورتى من حەزم بەو ڕۆمانانە نییە کە خەیاڵێکى سادە و بیرکردنەوەیەکى تەنک بەرهەمى هێناون و بەهرەیەکى کەم لە پشتیانەوە ئامادەیی هەیە، هەروەها ئەو ڕۆمانانەى بە فەلسەفەیەکى پەتى بارکراون و لە کاتى خوێندنەوەیاندا تیادەمێنیت کە ئایا بابەتێکى فەلسەفی دەخوێنیتەوە یان ژانرایەکى وەکو ڕۆمان کە خاوەن هونەر و تەکنیکى خۆیەتى، یان ئەو ڕۆمانانەى کە لە ساتى خوێندنەوەیاندا هەست دەکەیت سەر بە ئایدۆلۆژیایەکى تایبەتن و لە سەرەتاوە تاکو کۆتایی دەیانەوێت باوەڕ بە خوێنەر بێنن کە ئەوەى ئەوان باسی دەکەن حەقیقەتى ڕەهایە(ئەسڵەن بۆخۆم کێشەم لەگەڵ چەمکى (ڕەها)دا هەیە وەک ئەوەى ئایدۆلۆژیست و ئاینپەروەرەکان بانگەشەى بۆ دەکەن، هەروەها گرفتم لەگەڵ ئەو ڕۆمانانەدا هەیە کە وەک چەکێک لە دژی گروپێک، نەتەوەیەک، ئاینێک یاخود جوگرافیایەکى تایبەت بەکاردێن، ئەمە جگە لەو ڕۆمانانەى کە نووسەرەکانیان بە ئەنقەست دیمەنى ڕۆمانسى و ئیرۆتیکیان تێدا دروست دەکەن، لە پێنا ئەوەى کەشەکە خۆش بکەن و ختوکەى هەست و غەریزەکانى خوێنەر بدەن، نەک ئەوەى بەهانەیەک وایکردبێت بوونى ئەو دیمەنە پێویست بێت، لەگەڵ ئەو ڕۆمانانەى بانگەشەى ئومێدێکى درۆزنانە دەکەن و وەک ئەوەى دونیا بەهەشت بێت و مرۆڤایەتى پەى پێنەبردبێت، کە ئەمەیان ئێستا لە دونیادا زیاد لە هەر جۆرێکى ڕۆمان لە برەودایە، لەپاڵ ئەمانەشدا زۆرینەى ئەو ڕۆمانانەى لە شێوەى شەپۆلێکدا هاتوون و هەندێک دەزگاى چاپ و بڵاوکردنەوە هەموو تواناى ریلامى خۆیانیان بۆ خستوونەتە کار، تەنیا لە پێناو ئەوەدا خوێنەریان بۆ پەیدا بکەن و لە ئەنجامیشدا وەکو هەندێک لەو گۆرانیانەى ئێستا کە ماوەى مانەوەیان لە بیرەوەریی گوێگرانیاندا لە چەند هەفتەیەک تێپەڕناکەن چونکە لە ناوەڕۆکدا بەرهەمەکە خاوەنى قوڵایی و ئەو پێکهاتانە نییە کە بیکاتە بەرهەمێکى ئۆرژیناڵ، بۆیە هەر ئەوەندەى لە شوێنى فرۆشتنەکەى چەند لاپەڕەى سەرەتایت خوێندەوە، تێدەگەیت نووسەرەکەى بە بەهرەیەکى کەمەوە هاتووە و دەستى داوەتە بوارێک زۆرتری دەوێت، منیش وەک خوێنەرێک مافی خۆمە ئەو قسەیەى (بەختیار عەلی) بکەمە بیانوویەک کە لە دیدارێکدا لێی دەپرسن چ جۆرە کتێبێک دەخوێنیتەوە؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: من بەهرەى کەم ناخوێنمەوە.
ڕۆمانى (ماڵی پشیلەکان)ى (هیوا قادر) کە پاڵنەری سەرەکى بوو بۆ وروژانى ئەم نووسینە، دوایین ڕۆمانى نوسەرە کە بەم دواییانە چاپ و بڵاوکرایەوە، ڕۆمانێکە لە ستیلێکى دیکەى ڕۆمان کە لە نێوان یادداشت و بیرەوەى و ڕۆماندا یارییەکى داهێنەرانەى جوان دەکات و هەستى خوێنەر وەک بەرزى و نزمییەکانى لێدانى دڵی مرۆڤ لەگەڵ خۆیدا بەرزم نزم پێدەکات و مەبەستێتى لە ئەنجامى ئەو یارییە خوێنەر لەگەڵ خۆیدا بەرێت بۆ ناو جیهانى ڕۆمانەکەى و بۆ ساتێکیش تووشی بێزاری نەبێت، هاوکات نووسەری ئەم ڕۆمانە هۆشیارە بەرامبەر هونەری ڕۆمان و ئەو بابەتەى بۆ کارکردن هەڵیبژاردووە و ئەمەش لەوەدا دەردەکەوێت کە ئەگەر بێت و بە وردى لە ڕۆمانەکە وردبینەوە زۆر بە زەحمەت ڕووداوێک یاخود دیالۆگێک دەبینین وەک یەکەیەک ڕۆڵی نەبێت لە هەڵچنینى تەواوى بونیادى ڕۆمانەدا، کە ئەم خاسییەتە لە کەمترین نووسەرانى ڕۆمانی کوردیدا هەیە(ئەوەندەى خوێندبێتمنەوە)  زۆرینەیان تەنانەت بواری لابردنى چاپتەر و  پەرەگرافیشیان هەیە، بەبێ ئەوەى زیان بە ستراکچەر و بیناى ڕۆمانەکە بگات، بە پێچەوانەوە بوونیان زیانى بە زۆرینەى لایەنەکانى ڕۆمانەکە گەیاندووە.
شێوازى ئەم ڕۆمانە نوێیەى (هیوا قادر) لە دوو ئەزموونى دیکەى نووسینى هەمان نووسەردا بەریکەوتووم و چێژم لێبردوون، ئەوانیش کتێبی (سەفەرنامە) کە خۆی لە گەشتنامەیەکى نووسەردا دەبینێتەوە لە ئەوروپاوە بۆ کوردستان و لە کۆنتێسێکى ئەدەبی جوان و تەکنیکێکى گێڕانەوەى بەرز و زمانێکى بێ پەردە و لە هەندێک ئاستدا ڕووت و توند و تەنزئامێزدا نووسراوە، کە بە خوێندنەوەى تەواو دڵخۆش بووم، بەوەى ئێمەش نووسەرێکمان هەیە وەها بوێر لە خۆی و دەوروبەرى دەدوێت، چونکە پێش ئەو تەنیا سەرگوزشتەى (نانى ڕووت)ى (موحەمەد شوکری)م خوێندبۆوە کە تاکو ئێستاش سەلیقەى ئەو نووسەرە لەو کتێبەدا سەرنجڕاکێشە بۆم و کاتێکیش دەستم دایە نووسینى بەشەکانى یادداشتەڕۆمانى(1987کتێبی برینى من) ساتە پڕ لە سەرکێشی و بوێرییەکەى ئەوم لە دەربڕیندا لەبیربوو، حەزیشم دەکرد شتێک لەو ئازادییەى ئەو بۆ تەقاندنەوەى زمان لە منیشدا سەرهەڵبدات ، وەکچۆن بەردەوام دەپاڕامەوە ڕۆحى باوکم و دایکم بەجێمنەهێڵن، کە وەک دوو پەڕی باڵندەیەکى شینى دوورگەیەکى شین لە فەزاى ژوورەکەمدا دەهاتن و دەچوون.
لە ئەزموونى ڕۆماننووسی (هیوا قادر)دا یەکێکیتر لە ڕۆمانەکانى کە سەر بەهەمان ستیلی نووسینى ڕۆمانە (منداڵانى گەڕەک)ە کە زۆر کاریگەرتر ڕۆچۆتە ناو بیرەوەیی کەسی منداڵى و گەنجى مرۆڤى کوردەوە، ڕاستە هەندێک کاراکتەر و ڕووداو و جوگرافیا و لۆکەیشنە جیاوازەکانى نێو ڕۆمانەکە شارێکى دیاریکراومان نیشان دەدەن، بەتایبەت بۆ ئێمەیەک کە لەو شارەدا دەژین باشتر دەتوانین بیانناسینەوە، بەڵام نووسەر لە بۆتەى ڕۆمانەکەییدا توانیویەتی هێڵی دیکەیان بداتى و ڕەهەندى دیکەیان لێبکاتەوە.
 ئەگەرچی من بۆ خۆم لە جۆری ئەو خوێنەرانە نیم کە لە ناو ڕۆماندا بۆ واقیع بگەڕێم و هەرگیز بە کاری ڕۆمانیشی نازانم وێنەى واقیعم نیشان بدات یان بیربخاتەوە، بەڵام هەمیشە کونجوڵییەک لە خوێنەردا هەیە بۆ ناسینەوەى شوێن و ڕووداو و نەریت و کاراکتەرى ناو ڕۆمانەکان، بە تایبەت ئەگەر بێت و نووسەرى ڕۆمانەکە سەربەهەمان ژینگەى جوگرافی و کولتوری خوێنەرەکان بێت، ئەویش ڕەنگە شتێکى تاڕادەیەک ئاسایی بێت، چونکە خوێنەر بوونەوەرێکى ئازاد و تەواوکەرى ڕۆمانە و سەرپشکە لەوەى چۆن و لە چ گۆشەنگایەکەوە دەیەوێت ڕۆمانەکە وەربگرێت، بەڵام لە ئەنجامدا ئەبێت ئەوەمان بیربێت ڕۆمان واقیع نییە، ڕۆمان ئەگەر واقیعیش بێت، واقیعێکى شێوێندراوە و دابڕێنراو و سەربەخۆیە و کەمترین لینکى لەگەڵ ئەو واقیعەدا هەیە کە مرۆڤ ڕۆژانە بەریدەکەوێت، ڕۆماننووسیش بۆیە پەنا دەباتە بەر ڕۆمان؟ بۆ ئەوەى لە واقیع هەڵبێت و خەیاڵەکانى بگوێزێتەوە ناو جیهانێک کە دەکرێت بە جیهانى ڕۆمان ناوى ببەین، کۆی کردەى ئەدەب و هونەریش خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە جۆرێکن لە ڕاکردن لە واقیع، ئەوەى (فریدرێک نیتشە) پێی وایە (ئێمە پێویستمان بە هونەرە بۆ ئەوەى واقیع نەمانکوژێت) کۆمەکى زیاتری ئەم تێڕوانینەمان دەکات، هەر خوێنەرێکیش ئەگەر هاتوو تاڕادەیەکى زۆر مەبەستى بوو واقیع بناسێت ئەوە ڕەنگە باشترین ڕێگەچارە گەڕان بێت بەناو لاپەڕەکانى مێژوو و هەڵدانەوەى دێکۆمێنت و یادداشت و بیرەوەرییە کەسییەکان کە لە ئەنجامدا هەریەک لەوانەش لە زۆر ئاستدا بە هەر هۆیەک بێت دەستکاریی کراو و شێوێندراون.
بۆیە گرنگە خوێنەر بە مەبەستى بەشداریکردنێکى کارا لە خەیاڵ و بیر و ئاستى جوانیناسی و سەلیقەى هونەریی نووسەر دەست بە خوێندنەوەى ڕۆمان بکات و مەبەستى بێت لە ئەنجامى خوێندنەوەدا گەشتى جیهانێکى نادیار بکات یاخود ڕوانین لە گۆشەنیگایەکى دیکەوە بۆ ژیان بکاتە ئامانجى خوێندنەوەکەى،(ئەویش بەمەرجێک ئەو نوسەرەى هەڵیدەبژێریت خاوەن دونیابینى بێت) یان پەیبردن بە ژیانێک کە خوێنەر پێشتر ئاشناى نەبووبێت، ئەمە جگە لەوەى ڕۆمانى نوێ هۆکارێکە بۆ بەدەسهێنانى زانیاری و هەندێک لە نووسەرانى نوێ ڕۆمان دەکەنە هۆیەک بۆ گەیاندنى زانیاری، بۆ ئەمەش نووسەری لوبنانى (ڕەبیع جابر) لە هەردوو کتێبی (نووسین و بێدەنگى) و (پارادۆکسی نووسین)دا بە وردى باس لەو جۆرانە لە ڕۆمان دەکات کە کەناڵێکن بۆ دەستکەوتنى زانیاری لاى خوێنەران، کە بۆ من لە ڕابردوودا ڕۆمانى (کۆشکى باڵندە غەمگینەکان)ى (بەختیار عەلی) و سێینە ڕۆمانى (ڕێبەری کتێبسازە کوژراوەکان، پاسەوانى خودا، هەنار و فریشتەى مردن)ى (عەتا موحەمەد) و (ماڵی پشیلەکان)ى (هیوا قادر) لە جۆری ئەو ڕۆمانانەبوون.(مەبەست لە زانیاری لە ڕۆماندا حەقیقەتى مێژوویی و ڕووداو و کاراکتەر نییە، بەڵکو زانیارییگەلێک لە نووسەرى ڕۆمانەکان بۆ نووسینى ڕۆمانەکانیان پێویستیان پێی بووە.)
لە ڕۆمانى (ماڵی پشیلەکان)دا نووسەر ناوى چەندین جۆری جیاوازى پشیلە و چۆنێتى ماڵیکردن و ژینگەى ژیان و فۆڕمى لەش و گوێ و ڕەنگى توک و چاویان دەخاتەڕوو، تا دەگاتە ئەوەى لە ڕێگەى دیاریکردنى ئەو سیفاتانەیانەوە هەوڵی دروستکردنى ناسنامەى جیاواز و ئەتەکێتى مامەڵەکردن و جۆر و شێوەى خواردنیان دیاری دەکات، کە ئەمە خاڵێکى گرنگە ڕۆماننووس ئاگاداری بووە و لە خوێندنەوەى ڕۆمانەکەوە بۆت دەردەکەوێت ئەنجامى گەڕانى وردى نووسەرە، واتە نووسین بە پڕۆژەیەکى بەرنامەبۆدانراو، وەک ئەوەى ڕۆماننوسى تورک (ئۆرهان پامۆک) لە دیدارێکیدا ئاماژەى بۆ دەکات، کە بۆ نووسینى ڕۆمانى (من ناوم سورە) تەواوى ئەو نووسراوانەى دەستخستوون و خوێندونەتەوە کە دەربارەى هونەری ڕۆژەهەڵات و ڕۆژئاوان، چونکە بابەتى ڕۆمانەکەى ئەو پێکدادانەیە لە نێوان هونەری ئەو دوو جەمسەرەدا، هەمان ڕۆماننووسیش جگە لەوەى بە پڕۆژە بۆتە نووسەر و بڕیار دەدات ببێتە ڕۆماننووس، بەردەوام پێش نووسین و کاتى نووسینى ڕۆمانەکانى لە سێرچی بەردەوامدایە بۆ کۆکردنەوەى زانیاری دەربارەى ئەو کۆنسێپتەى هەڵیبژاردووە بۆ کارکردن لە ڕۆمانەکەیدا، لەوێشەوەى بیرۆکەى پێغەمبەربوونى ڕۆمانووسان پوچەڵ دەبێتەوە، وەک ئەوەى لیۆ تۆڵستۆی بەجۆرێک لە جۆرەکان هەڵگرى بووە، بەڵکو نووسینى ڕۆمان دەبێتە پڕۆژەیەکى معریفی و ستاتیکى کە پێشتر نووسەر خۆی بۆ ئامادە دەکات و ئەو بیرۆکە و سەرەداوانەى پێویستى پێنانە لە نووسینى ڕۆمانەکەیدا بەردەستیان دەخات و چەشنى باڵەخانەیەک لە بنەماوە هەنگاوبەهەنگاو کار بۆ بونیادنانى دەکات.
یاخود لە کاتى خوێندنەوەى ڕۆمانى (کۆشکى باڵندە غەمگینەکان)ى (بەختیار عەلی)دا دڵنیادەبیتەوە کە نووسەر وەک زیندەوەرناسێک (بە تایبەت لە جیهانى باڵندە)دا سێرچی وردى بۆ ناو و شێوە و قەبارە و دەنگ و ڕەنگ و ژینگە و جوگرافیاى باڵندە جیاوازەکان کردووە و ئەمەش بە ڕوونى لە مامەڵەى نووسەر لەگەڵ بەکارهێنانى باڵندەکاندا دەردەکەوێت  و لە ئاکامدا لە  سەلیقەیەکى ئەدەبیدا کردوونیەتە کەرەستەى کارکردنى ڕۆمانەکەى، ئەوەش گەیشتۆتە ئەو ئاستەى لە هەندێک جێگەى ڕۆمانەکەدا ناوى زانستى باڵندەکانیشى داناوەتەوە، خوێنەر بە گەڕانێکى گۆگڵ دەتوانێت زانیاری نوسراو و بینراو لەبارەیانەوە بەدەستبهێنێت، بۆ خوێنەرانى ڕۆمانەکەش شتێکى خۆش بوو کە لە ناکاو لە ڕێگەى ئینتەرنێتەوە وێنەى کۆترێک کە پەڵەیەکى سور لەسەر سنگى بوو بڵاوبوەوە و دەگوترا کە ئەوە کۆتری سینەزامداری ناو ڕۆمانەکەى (بەختیار عەلی)یە
یاخود (عەتا موحەمەد) بۆ نووسینى ڕۆمانى (ڕێبەری کتێبسازە کوژراوەکان) بە وردى ڕۆچۆتە ناو چیرۆک و ڕووداوى ئەو کتێبانەى باسی لێوەکردوون و وەک کەرەستەى ڕۆمان کاری پێکردوونەتەوە، ئەم نووسەرە لە زۆر لە ئەزموونەکانیدا کتێب لە ناو کتێبدا بەگەڕدەخاتەوە، وەک کیمیاگەرێکى لێهاتوو لاپەڕەى کتێبەکان لە لابورەکەیدا دەکاتەوە بە هەویر و جارێکى دیکە وشە و ڕستەکانیان دەدڵۆپێنێتە ناو کەمۆڵەکانى و لە ڕێگەى جادوویەکەوە کە مەگەر بەس خۆی بزانێت چۆن؟ کتێبی دیکەیان لێ دروست دەکاتەوە، ئەوەتا لە کتێبی (کتێبی پەراوێزنووسان)دا ئەگەرچی وەک ژانرا بە ڕۆمان ئاماژەى بۆ نەکراوە، بەڵام گێڕانەوە ڕەگەزێکى سەرەکییە تێیدا، هاتووە لەو نووسینانەى کە لە پەراوێزى کتێبەکاندا نووسراون کتێبێکى نوێی هێناوەتەبوون و ناوى زۆر نووسەر و کتێبی دیکەى کردۆتە کەرەستە کە لە ڕاستیشدا بوونیان هەیە و لەو کتێبەشدا بوونەکەیان زۆر نزیکە لە بوونى ڕاستەقینەیان.
نووسەر (پێشڕەو عەبدوڵڵا)ش لە ڕۆمانى (لەدایکبوونى دووەم)دا بە پشتبەستن بەو تێڕوانینانەى لە میانى فەلسەفە جیاوازەکاندا بەیانکراون، خوێنەر ئاشناى دیدگایەکى تەواو جیاواز بۆ عەشق دەکات، کە وادەکات جیاواز لە زۆرینەى ئەو عەشقانەى لە ڕۆمانى کوردیدا کاریان لەسەرکراوە بکەوینە ڕۆمان و لێوردبوونەوە لە عەشقێک کە دەکرێت بە عەشقێکى تایبەت بە ڕوانینى نووسەر ناوى ببەین لانى کەم لە ڕۆماندا و بە تایبەتر لە ڕۆمانى کوردیدا،  ئەمە جگە لەوەى نووسەر بە پاشخانێکى فەلسەفییەوە دەیەوێت ڕوویەکى دیکەى پەیوەندى مرۆڤ و مرۆڤمان نیشان بدات و ئەو تەلیسمانەمان نیشان بدات کە دەکرێت لە ڕێگەى عەشقەوە بێنە ڕێگەمان، ئەوەشی کە ئەم ڕۆمانە بەچێژتردەکات بۆ خوێنەرانى ئەو زمانى گوزارشتەیە کە سادە و ڕەوان دەیەوێت تەونى چنینى ڕووداوەکان سازبکات، هاوکات لە میانى هەمان ڕۆماندا خوێنەر تێدەگات کە نووسەر ئاگاییەکى بەرچاوى لە دونیای تەسەوفدا هەیە و شارەزایانە کردوویەتییە کەرەستەى کارکردن لە ڕۆمانەکەیدا، بەڵام لە ئەنجامدا هیچکام لەمانە بۆ ئەوەنین نووسەرانى ئەم بەرهەمانە بیانەوێت کتێبی (بانکى زانیارى) بخەنە بەردەستى خوێنەرانیان، بەڵکو ئەوەى بۆ ئەوان گرنگە ئەوەیە تاچەند ئەو زانیارییانە خزمەت بە بیرۆکە و خەیاڵ و جوانترکردنى لایەنى هونەرییان دەکات و دەبنە هۆیەکى بەهێزتر بۆ خوڵقاندنى جیهانى ئەندێشەکراوى ڕۆمانەکانیان.
ئەوەى لە ئەزموونى نووسینى ڕۆماننووسی (هیوا قادر)دا جێگەى بایەخە، نووسەر لەگەڵ ئەوەى خۆی شاعیرە، بەڵام بە ئاگاییەکى ڕۆماننووسانەوە کار لە ڕۆماندا دەکات و ڕێڕەوى نووسینەکەى بزرناکات و تووشی ونبوونى شوناسی تێکست نابێت،(کە ئەمە کێشەى بەشێک لە نووسینى ئەم دواییانەیە کە دەیانەوێت لاسایی ئەزموونى دەقی واڵا یان تێکستى واڵاى شێرکۆبێکەس بکەنەوە، بە تێکەڵکردنى قسەى ڕۆژانە و نامە و فاکسی کەسی ئەو پارچە نوسراوانەى لێدەکەوێتەوە کە بەداخەوە هەر پاش خوێندنەوەى حەزناکەى لە کتێبخانەکەتدا بمێنێتەوە).
 لە چەند ساڵی ڕابردوودا بینیمان شاعیرێک هەوڵی نووسینى ڕۆمانیدابوو، بەڵام لە کاتى خوێندنەوەیدا بۆت دەردەکەوت نووسەر هۆشیار نییە بەرامبەر ڕەگەزە پێکهێنەرەکانى ڕۆمان و لە ناکاو کۆی کەش و زمان و دیالۆگ و ڕووداوەکانى دەبوونە شیعرێکى سادەى باو و پەتى، ئەمەش خوێنەری تووشی بەدحاڵیبوون دەکرد بەوەى نەیدەزانى ئایا کامە ژانرای ئەدەبی دەخوێنێتەوە(ئەمە ئەو جۆرە لە تێکست ناگرێتەوە کە نووسەر خۆی مەبەستێتى گەمەیەکى هونەری و ستاتیکى لە نێوان ژانرەکاندا بکات، نمونەى هەرە دیاری ئەم جۆرەش ئەو تێکستانەبوون کە شێرکۆ بێکەس لە ژێر ناوى دەقی واڵا یان تێکستى واڵادا دەینووسین، یاخود چەند ئەزموونێکى نزیک لەو جۆرە) بەڵام (هیوا قادر) باش ژانرا جیاوازەکانى ئەدەب دەناسێت و لە کاتى نووسینى ڕۆماندا دەزانێت کە ئەو خەریکى چنینى ڕووداو و دروستکردنى کاراکتەر و دیالۆگە و هونەرمەندانە کاردەکات بۆ بەرەوپێشبردنى وردە گرێکان لە پێناو دروستکردنى گرێی سەرەکى و سازکردنى شیرازەیەکى تۆکمە و پاشان هەڵوەشاندنەوەى شیرازەکەى بە بیانوویەکى ئەدەبی باوەڕپێکەر و داکشانى کۆی ڕووداوەکان بەرەو کۆتایی تەواو یان کۆتاییەکى هەڵواسراو(ئەگەرچی ئاساییە نووسەری هەر ژانرێکى ئەدەبی زۆرینەى ڕەگەزەپێکهێنەرەکانى تێکستەکەى بارگاوى بکات بە شیعر، چونکە زەحمەتە هیچ ژانرێکى ئەدەبی خۆی لە شیعر ببوێرێت، بەڵام ئەو شیعریەتە لە نێو هەر ژانرایەکى دیکەى ئەدەبیدا نەگاتە ئاستێک ڕەگەزە پێکهێنەرەکانى ژانراى کارلەسەرکراو لەخۆیدا بزربکات، بەڵکو دەکرێت شیعرییەت هۆیەک بێت بۆ بەهێزترکردنى تواناى دەربڕین و زیادکردنى چێژ و باڵاترکردنى ستاتیک لە بەرهەمەکەدا وەک ئەوەى لە هەندێک دیمەن و دیالۆگ و تەنانەت ناوى ئەم ڕۆمانەدا کراوە) بەم پێوەرانەش بێت دراما لەلاى ئەم نووسەرە و لەم ڕۆمانەدا درامایەکى تەواو ئەرستۆییە کە ئەگەر بێت و هێڵکاری بۆ بکەین لە شێوەى هەرەمێکدا خۆی دەبینێتەوە و سەرەتاکەى دەکاتە گۆشەى خوارەوەى لاى ڕاستى هەرەمەکە،پاشان بەرەو لوتکە هەڵدەکشێت کە دەکاتە لوتکەى هەرمەکە و لەوێدا شیرازە یان گرێ دروست دەبێت، دواتر بەرەو کۆتایی دادەکشێت کە دەکاتە گۆشەى خوارەوەى لاى چەپی هەرەمەکە، بەڵام ئەم جۆرەش لە دراما جێگیرنییە و بەڵکو لە هەندێک جێگەدا ڕۆمانەکە جۆرێک لە دراماى ئاسۆیی تێدا بەرجەستە دەبێت، ئەویش ئەوەندە ناخاێنێت کە بینەر تووشی وەڕسی بکات، بە پێچەوانەوە ڕۆڵی هەیە لە هێمنکردنەوەى ڕیتمى ڕۆمانەکەدا کە وەک لە سەرەتادا ئاماژەم بۆ کرد چێژبەخش و ئارامە و خوێنەر دەخاتە سروتێکى تایبەتەوە و وادەکات زیاتر حەز بە مانەوە بکات لە کەشی ڕۆمانەکەدا و بوونى ئەمجۆرە لە ڕیتمى ڕۆمانیش کاریگەریی نەرێنى دادەنێت لەسەر خوێنەری کورد(چونکە زۆرینەى ئەو ڕۆمانە کوردییانەى خوێندومنەتەوە ڕیتم  ڕووداوى خێرا و زۆرجار دیالۆگ و ڕەفتاری کاراکتەریش تێیاندا هەر خێرابوون) ئەمەش بێپلانى و بێسەلیقەیی نووسەرەکەى نیشانداوە، بەوەى مەرج نییە هێڵی درامى ڕۆمان بەردەوام لە هەڵچون و داچوونێکى زیاد لە پێویستدا بێت و لە ئەنجامدا ببێتەهۆی دروستکردنى ڕیتمێکى ناکۆک و نەشازى وەها کە خوێنەر فریانەکەوێت لەسەر دیمەن و ساتەوەختەکانى ناو ڕۆمانەکە بوەستێت و ڕابمێنێت، وەک دەڵێن: نوسەر دەستبدات بەیەکدا لە گێڕانەوە و دروستکردنى ڕووداو و گەیاندنیان بە کۆتایی، ئەمە تێڕوانینێکى دروست نییە، تەنانەت لە ڕۆمانە هەرە مۆدێرن و پۆستمۆدێرنەکانیشدا بەو چەشنە نییە، بەڵکو بابەتەکە خۆی لە زیادەڕەووى نەکردن لە وەسفی زۆر و درێژکردنەوەى ناپێویست و مینیماڵکردنەوەى شتەکاندا دەبینێتەوە، ئەمە جگە لە لایەنى ئەو کۆنسێپتانەى نووسەرانى نوێ کاری لەسەر دەکەن، دەنا بابەتى ڕاگرتنى ڕیتمى گشتى ڕۆمان لە دەستدان لە تێمپۆ هەرە بچوکەکانەوە دەست پێدەکات، کە ڕۆڵیان هەیە لەسەر خاوى و خێرایی کۆی ئەو ڕیتمەى نووسەر دەیەوێت ڕۆمانەکەى لەسەر بونیادبنێت، لەوێدایە نوسەر چەشنى دانەری موزیک کاردەکات بۆ سازکردن و یەکانگیرکردنى ڕیتمى درامى ڕۆمانەکەى، بۆ ئەوەى یەکەکان پێکەوە ڕێکبخات بۆ دروستکردنى یەکەى گەورەتر و گەوتر، ئەمەش لە پێناو گەیاندنى تەواوى بیر و ئەو ئاستە هونەرییەى دەیەوێت خوێنەرەکانى بۆ بانگێشت بکات، لە ڕێگەى چێژێکى بەرزى ستاتیکییەوە کە لە نێو دڵی بەرهەمەکەیدا نووستووە و تەنیا خوێنەرانى بە سەلیقە و هۆشمەند دەتوانن بەخەبەری بێننەوە و هەستى پێ بکەن و چێژى لێوەربگرن.
لە پاڵ ئەمانەشدا خاڵێکى گرنگە کە (هیوا قادر) لە ئەزموونى نووسینیدا کار لە زیاد لە ژانرایەکى ئەدەبیدا دەکات، ئەگەرچی ئەمە مەرجێکى بچینەیی نییە بۆ نووسەر، بەڵام بۆ خوێنەر چێژبەخشن دەبێت کە هەمان ئەو نووسەرەى شیعرەکانى دەخوێنێتەوە، لە ناکاو بەر ڕۆمان یان هەر ژانرایەکى دیکەى ئەدەبی و تەنانەت هونەری بکەوێت و کە خۆشبەختانە ئەم نووسەرە لە بواری هونەری فۆتۆگرافیشدا هەوڵی هەیە و کاری جوانیشى لەو هونەرەدا ئەنجامداوە، جگە لە کاری وەرگێڕان بۆ چەندین بەرهەمى ناوازەى دیکە کە بۆ من گرنگترینیان ڕۆمانەکانى (سێبەری –با-، جەنگ هیچ ڕوخسارێکى ژنانەى نییە) ئەمەش وەڵامێکى گونجاوە بۆ ئەو دیدگا سواوەى کە پێى وایە مرۆڤ بۆی سەرکەوتوو بێت دەبێت تەنیا لە یەک بواری بەهرەییدا کار بکات، بەپێچەوانەوە مرۆڤى بەهرەمەند و خاوەن دونیابینى زۆرینەیجار پێویستى بە زیاد لە بوارێک هەیە لە گوزارشتکردن، چونکە هەریەک لەو بوارانە ئامرازى خۆیانیان هەیە بۆ کارکردن و وادەکات کەسی بەهرەمەند تووشی دووبارەبوونەوە نەبێت و بەردەوام لە ئەبدەیتبوونەوەدا بێت بۆ کردنەوەى دەرگاى نوێ بەسەر ڕوانینەکانیدا، نمونەى ئەواش زۆرن کە لە زیاد لە بوارێکدا کاریان کردووە وەک (موسیک و گۆرانى، شیعر و چیرۆک، ڕۆمان و ڕەخنەى ئەدەبی، وەرگێڕان و کاری ئەکادیمى.....) لە هەریەکێک لەو بوارانەشدا زیاد لە ستیلێکیان تاقیکردۆتەوە و بە ئاستى جیاوازیش بەرهەمى جیاوازیان پێشکەشکردووە.
ئەوەى خاڵێکى دیکەى سەرکەوتنى ئەم نووسەرەیەک ئەوەیە هەرکات کارێکى نوێی دەخوێنیتەوە لێی نائومێدنابیت و چاوەڕوانى بەرهەمى دیکەى دەکەیت، وەکچۆن چاوەڕوانى بەرهەمى نوێی نوسەرانى وەک (بەختیار عەلی و فەرهاد پیرباڵ و عەتا موحەمەد و بەیان سەلمان و جەبار جەمال غەریب و...) دەکەیت و هەموو جارێکیش شانسی ئەوە بۆخۆیان دەبچڕن کە سەرلەنوێ خۆیانت لەلا نوێبکەنەوە و بۆت ڕوونبێتەوەکە نووسەر لەو ماوەیەدا دانەبڕاوانە لە ناو پڕۆسەى نووسیندابووە و تۆش وەک خوێنەر شادومان دەبیت بەوەى ئەو نووسەرەى دەیخوێنیتەوە نرخ بۆ میزاج و سەلیقە و ئاستى ستاتیکیت دادەنێت و بەبەهەمى کاڵکوکرچ و ئاستنزم بیزارت ناکات.