رێژەی نەوتی عەمباركراوی ئەمریكا بەرزدەبێتەوە

ئابوری 14/08/2019


بەگوێرەی ئەو داتایانەی كە پەیمانگەی پترۆلی ئەمریكی بڵاویكردوەتەوە هەفتەی رابردوو بڕی نەوتی عەمباركراوی ئەمریكا بەشێوەیەكی چاوەروان نەكراو بەرزبونەوەی تۆماركردوە ، هاوكات رێژەی بەنزینی عەمباركراویش بەرزبونەوەی بەخوەوە بینیوە.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردوەتەوە هەفتەی رابردوو بڕی نەوتی عەمباركراو لە ئەمریكا بەرێژەی 3.7 ملیۆن بەرمیل زیادی كردوەو بڕی نەوتی عەمباركراو لەو هەفتەیەدا گەیشتوەتە 443 ملیۆن بەرمیل ، لەكاتێكدا پسپۆران پێش بینیان دەكرد رێژەكە بۆ 2.8 ملیۆن بەرمیل نەوت كەمبێتەوە.
بەگوێرەی داتاكانی پەیمانگەی پترۆڵی ئەمریكی ، بڕی بەنزینی عەمباركراو بە رێژەی 3.7 ملیۆن بەرمیل زیادی كردوە ئەوە لەكاتێكدا پسپۆران پێشبینیان دەكرد بڕی 910 هەزار بەرمیل زیاد بكات.
بەگوێرەی داتاكە بەرهەم كانی دیكەی وەكو گازوایل و نەوتی سپی ماڵان بەرێژەی 1.3 ملیۆن بەرمیل كەمیكردوە لەكاتێكدا پێش بینی دەكرا بەرێژەی 810 هەزار بەرمیل كەم بكات 
پەیمانگەی پترۆل لە راگەیاندراوەكەیدا بڵاویكردوەتەوە هەفتەی رابردوو بڕی داهاتی نەوتی خاو لە ئەمریكا بەرزبوەتەوەو كە رۆژانە نزیكەی 640 هەزار بەرمیل زیادی كردوەو بەوەش بڕی بەرهەم هێنانی رۆژانەی نەوت لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بۆ 7.7 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا زیادی كردوە.