کتێبێکی هەرگیزنەبینراوی پرووست بۆ یەکەم جار بڵاو دەکرێتەوە

ڕەخنەی چاودێر 08/08/2019

ڕەخنەی چاودێر


نۆ کورتەچیرۆکی مارسێل پرووست کە هەرگیز نەبینراون، بڕیارە لە ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا لە لایەن وەشانخانەی دووڤلوا لە فەڕەنسا چاپ و بڵاو بکرێتەوە.

هاوکات لەگەڵ ساڵیادی پێبەخشینی خەڵاتی کۆنگوور بە مارسیل پرووست بۆ کتێبی "لە سێبەری خانمانی شکۆفادا"، کە ساڵی ١٩١٩ ڕووی دا، وەشانخانەکە دەستی کردووە بە بڵاوکردنەوەی بەرهەمی جۆراوجۆر دەربارەی ئەم نووسەرە فەڕەنسییە. لەم نێوانەدا ڕایگەیاندووە نۆ کورتەچیرۆکی پرووست لە کتێبێکدا بە ناوی "ڕۆژنامەوانە جێگومان و چیرۆکە بڵاونەکراوەکانی دیکە" لە ئۆکتۆبەردا بڵاو دەکاتەوە.

بێرنارد دووڤلوا ساڵی ڕابردوو ئەم چیرۆکانەی لە کاتێکدا دۆزییەوە کە بەناو بەرهەمەکانی پرووستدا دەگەڕا. چیرۆکەکان لە پەنجاکاندا نووسراون و بڕیار بووە لە کتێبی "چێژەکان و خۆشییەکان"ـدا بڵاو بێتەوە، بەڵام پرووست لەوەی بیانخاتە بەر دەستی خوێنەر، پەشیمان بووەتەوە.

وەشانخانەکە دەڵێت: "خوێنەران بە خوێندنەوەی ئەم نۆ چیرۆکە، ئادگارەکانی ئەو ژیاننامەیە دەبینن کە لێهاتووانە دەنێو چیرۆکەکاندا گونجێراون."

وەشانخانەکە ئاماژە بەوە دەکات، زۆربەی چیرۆکەکان دەربارەی ئەڤینی جەستەیین، ڕەنگە هەر ئەمەیش وای لە پرووست کردبێت بڵاوی نەکاتەوە، بۆ ئەوەی خوێنەرانی ئەو ڕۆژگارە شۆک نەکات.

چیرۆکەکان هەموو تەکنیکەکانی کورتەچیرۆکیان لە خۆیاندا، وەک (دیمەنسازیی دۆخێک، لوتکەی چیرۆک، گرێکردنەوە و کۆتاییبەندیییەکی باش) هەڵگرتووە.

 

مارسێل پرووست بە شاکاری "گەڕان بۆ کاتی لەدەستچوو" ناسراوە، کە لە کتێبخانەی کوردییشدا هەیە و سیامەند شاسواری کردوویە بە کوردی.