جۆرەكانی كیسی سەر گورچیلە و چارەسەرەكەی بزانە

تەندروستی 07/08/2019

چاودێر: تابان رەزا
كیسی گورچیلە نەخۆشییەكی بۆ ماوەییە و بریتیە لە دروست بوونی كیس لە ناو گورچیلە كە دەبێتە هۆی گەورە بوونی گورچیلە و لەدەستدانی فرمانەكانی, بوونی كیسی زۆر یان گەورە دەبێتەهۆی زیان گەیاندن بە گورچیلەكان، لەوبارەیەوە پزیشكێكی پسپۆڕ، باس لە جۆرەكانی كیسی سەر گورچیلە دەكات.

جۆرەكانی كیسی سەر گورچیلە
‎ كاوە فەقێ ڕەحیم، پسپۆڕی نەشتەرگەری كۆئەندامیی میزو میزەڕۆ، ئاماژەبەوەدەكات، كیسی سەرگورچیلە بەشێوەیەكی گشتی سێ جۆری هەیە،  ئەویش:یەكەم كیسی سادەیە،ئەم جۆرە بەزۆری لەسەر و تەمەنی ۳٥ـ٤٠ ساڵی لە گورچیلەدا دروست دەبێت. پیاوان و ژنان وەك یەك تووش دەبن. لە ۳٠٪ ی مرۆڤ ئەم جۆرە كیسەی هەیە. واتە ئەم جۆرە كیسە لەهەموو جۆرەكانی تر زۆرترە. بۆیە پێی دەوترێت كیسی سادە ،چونكە تەنها لە یەك بەش پێك هاتووە و پەردەی ناوەوەی نیە. 
 ناوبراو وتیشی، ئەم جۆرە كیسە زۆر جار هیچ كێشە بۆ نەخۆش دروست ناكات. نە پێویست بە چاودێری  یان بە چارەسەر ناكات، بەڵام هەندێ جار لەوانەیە گەورە بێت و ببێتە هۆی ئازار یان تووشی خوێن بەربوون ببێت و ئازار دروست بكات. 
‎ ئەو پسپۆڕە، باسی لەوەش كرد،  ئەم جۆرە كیسە ترسی نیەو زۆربەی جار پێویست بە هیچ چارەسەرێك ناكات. خۆئەگەر پێویست بە چارەسەر بكات لەبەر ئەوهۆكارانەی سەرەوە. ئەوەچارەسەرەكەی نەشتەرگەریە و دەبێت لاببرێ ،نەشتەرگەریەكە بە دوو شێواز دەكرێت بە كردنەوەی سك(فتح بگن) لەگەڵ بە نازۆر.
‎د. كاوە فەقێ ڕەحیم، لەبارەی   جۆری دووەم كە كیسی ئاڵۆزی سەرگورچیلەی پێدەڵێن، رونیدەكاتەوە، ئەم جۆرە لەچەند بەشێك پێكهاتووە، واتە لە ناوەو پەردەی هەیە. ئەم جۆرە دەكرێت وەك جۆری یەكەم هیچ كێشەیەك درووست نەكات. بەڵام زۆر جار پێویست بە چاودێری دەكات و ئەگەر قەبارەكەی زیاد بكات دەبێت نەشتەرگەری بكرێت .
‎ وتیشی، هەندێ جار ئەم كیسەلەوانەیە ئەگەری شێرپەنجەی زۆر بێت و دەبێت یەكسەر نەشتەرگەری بۆ بكرێت.
ئەو پزیشكە، دەڵێت" جۆری سێیەم كیسی بۆماوەیی گورچیلەیە كە بریتیە لەكۆمەڵە كیسێكی زۆر كەلە گورچیلەدا دروست دەبێت و ووردە ووردە لەگەڵ تەمەنی نەخۆشەكەدا هەموو گورچیلەكە دەبێت بە كیسی بچووك و گەورەو هەردوو گورچیلەكە سست دەبێت ولەئیش دەكەوێت، ئەم جۆرە بۆماوەییە و زاڵە، واتە ئەگەر یەكێ لە دایك و باوكەكە هەیبێت ئەوا لە ٥٠٪ ی مناڵەكانیان تووش دەبن"
‎ ناوبراو وتیشی، لەتەمەنی ۳٥ـ٤٠ ساڵی كەسی تووشبوو تووشی بەرزبوونەوەی زەختی خوێن دەبێت و ووردە ووردە گورچیلەی لەكار دەكەوێت. چارەسەری ئەم جۆرە چاندنی گورچیلەیە.