هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان لەئانوساتدایە، ئەمریكاش هۆشداری دەداتێ

ڕاپۆرت 05/08/2019


چاودێر- ئاژانسەكان
رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكی بڵاویكردوەتەوە وەفدێكی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا پلانی هەیە لەگەڵ بەرپرسانی توركیا كۆببێتەوە وەك هەوڵێك بۆ هێوركردنەوەی گرژیەكان بەهۆی هەڕەشەكانی توركیاوە بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئەو ناوچانەی كە لە ژێركۆنترۆڵی كورد دایە لە باكووری سوریا.
واشنتون پۆست بڵاویكردوەتەوە ئەوان هەست بەنیگەرانی دەكەن لەبەرامبەر سوربونی سوپای توركیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی لە باكووری رووباری فورات لە سوریا و ئەو هێرشەی بە ناپەسەند وەسفكرد.
لەوبارەیەوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا نیگەرانی خۆی دەربری لەبەرامبەر جموجۆڵە سەربازیەكانی توركیا بەتایبەت كاتێك هێزەكانی ئەمریكا لە شوێنێكی نزیك دایە و پرۆسە سەربازیەكانی ئەمریكا بە پشتیوانی هاوپەیمانە ناوخۆیەكان بەردەوامە لە دژی پاشماوەكانی داعش. 
مۆرگان ئۆرتیگۆس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند: ئەو چالاكیە سەربازیانە مایەی قبوڵ كردن نیەو داوا لە توركیا دەكەین جارێكی دیكە كاربكەین بۆ دانانی بەرنامەیەكی هاوبەش .
وتیشی وڵاتەكەی بەردەوامە لەتاوتوێ كردنی پرسی درووستكردنی ناوچەیەكی ئارام لەگەڵ توركیادا و ئەو گفتوگۆیە تاكە رێگەیە بۆ زامن كردنی ئارامی ناوچە سنوریەكان.
لە ئێستادا سوپای توركیا دەیان هەزار سەربازی لە سنوری سوریا كۆكردوەتەوەو ئەگەری هەیە لەماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا هێرش بكەنە سەر شەرڤانانی كورد كە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاوە پشتیوانی دەكرێن.
رۆژی یەكشەممە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا هەڕەشەی دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنی سەربازی كرد لەناوچەی خۆرهەڵاتی فورات لە باكوری سوریا كە لە ژێر كۆنترۆڵی یەكینەكانی پاراستنی گەل یە پە كە دایە .
ئەردۆغان بڵاویكردەوە كە ئەوان رووسیا و ئەمریكایان ئاگاداركردوەتەوە سەبارەت بەو ئۆپراسیۆنە سەربازیە بەڵام وادەی دەسپێكردنی ئۆپراسیۆنەكەی ئاشكرا نەكرد، كە ئەمەش بە سێیەمین ئۆپراسیۆنی سەربازی توركیا دادەنرێت لە سوریا لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا
پێشتر توركیا هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی سەربازی كرد بۆ سەر ناوچەی خۆرهەڵاتی فورات بەڵام بەهۆی رێككەوتنی لەگەڵ واشنتۆن بۆ درووستكردنی ناوچەیەكی ئارام لەسەر خاكی سوریا و لەسنوری باكووری خۆرهەڵاتی توركیا بەو مەرجەی ناوچەكە لە شەرڤانانی یەپەكە پابكرێتەوە ئەو هێرشەی راگرت.
لەلایەكی دیكەوە ئاژانسی هەواڵەكانی ئەنادۆڵ بڵاویكردەوە شەوی رابردوو بەهۆی شەڕوپێكدانەوە  سێ چەكداری ئۆپۆزسیۆن كە توركیا پشتیوانیان دەكات لەلایەن یەكینەكانی پاراستنی گەلەوە كوژراون 
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە یەكینەكان هەوڵ یان دابوو هێڵی پێشەوەی ناوچەی ئەلباب كە لەلایەن توركیاوە درووستكراوە كە وەكو ناوچەیەكی ئارام كە سوپای توركیا لە ساڵی 2016 لە ئۆپراسیۆنی قەڵغانی فورات درووستی كردوە تێبپەرێنن و دزە بكەن.