شێرکۆ بێکەس لە چایخانەیەکی یۆنانیدا

ڕەخنەی چاودێر 04/08/2019

ڕەخنەی چاودێر

شێرکۆ بێکەس بە کتێبەکانی ڕووبەرێکی گەورەی لەسەر نەخشەی شیعری کوردی بۆ خۆی داگیر کرد، مەبەست لەمە تەنیا ئەو ژمارە زۆرەی کتێبی شیعریی نییە کە چاپی کردن، بەڵکوو جیهانبینیی شیعری ئەو و جۆری تێڕوانینی شیعریی بۆ چەمک و ڕووداو و خودی شیعر وای کردبوو کە لەگەڵ هەر کتێبێکیدا قەڵەمڕەوی ئەدەبیاتەکەی لە شیعری کوردیدا فراوانتر ببێت.

شێرکۆ بێکەس یەکێک بوو لەو شاعیرانەی کە پێی خۆش بوو ڕۆژێک لە ڕۆژان بتوانێت ڕۆمانێک بنووسێت، بەڵام هەرگیز نەیتوانی، هۆکاریش تەنیا شیعر بوو. شیعر هەرگیز نەیهێشت شێرکۆ بێکەس ببێت بە ڕۆماننووس. گەرچی چەندین جاریش هەوڵی دا، بەڵام زمانێکی شیعری کە بەسەر پەخشانی ئەو شاعیرەدا زاڵ بوو، هەمیشە ڕێی لێ دەگرت و ڕکێفی (ڕۆمانە سەرکەوتووەکانی) لە دەست دەردەچوو. ڕەنگە هەر ئەمەش بێت وای کردبێت لە "کورسی"ـیەوە دەقی واڵا بخولقێنێت و لە یەک کاتدا هەم شیعر بخوێنیتەوە، هەم پەخشان، هەم چیرۆک و هەمیش دەقی شانۆیی. ئەمەش وای کردبوو یەک چەمک، یان یەک ڕووداوی ئەدەبی، لە چەند دەلاقەیەکی جیاوازەوە ببینێت، کە هەر ئەم کردە ئەدەبییەش تێڕوانینێکی جیاوازی بۆ خودی شیعر و جۆری جیهانبینیی شیعریی لای ئەو و خوێنەرەکانی درووست کرد.

شێرکۆ له وه‌سیه‌تنامه‌که‌یدا به‌ ڕەخنەی چاودێری ڕاگەیاندبوو: پێم وایە وەسێتنامەیەكی دوورودرێژ بوو، وتت چی؟! تكایە ئەگەر نەمردم‌ و جارێكی دی یەكترمان بینییەوە ئیتر ئەم باسی قەبر و قیامەت‌ و وەسێتكردنە لەگەڵ مندا مەكەرەوە! گرنگ ئەوەیە تا ئێستە ئەژیم‌ و باوەشیشم بۆ پاشەڕۆژی جوانتر گرتووەتەوە. چونكە ئەمەوێ‌ ئەو قەسیدە هەرە جوانە بنووسم كە تا ئەم ساتەوەختەیش نەمنووسیوە!

بێکەس یەکێک لەو شاعیرانە بوو کە بە بەردەوامی شیعری دەنووسی. تەنانەت لەو ماوانە و لەو ڕۆژانە بێزار بوو کە شیعری تێدا نەدەنووسی. ئەو لە دواهەمین گفتوگۆی ڕۆژنامەوانیدا، کە هاوڕێیانی ڕەخنەی چاودێر لەگەڵیدا ئەنجامیان دا، دەڵێت: "من دەربەندی پەپوولە، بۆننامە، خاچ و مار و ڕۆژژمێری شاعیرێك و هەندێكی تریش لە بەرهەمەكانم، هەموویان لە چاخانەكانی سویددا نووسراون. لەوێ‌ كەمتر لە ماڵەوە دەمنووسی، چایخانەیەكی یۆنانی هەبوو، ئەوەندە چووبووم مێزی خۆم هەبوو. تا دەوروبەری نیوەڕۆ دەمنووسی و دەگەڕامەوە."

شێرکۆ بێکەس
، شاعیری گەورەی کرد، لە ٢ـی مەی ١٩٤٠ـدا لە سلێمانی لە دایک بووە. ٤ـی ئۆگەستی ٢٠١٣ لە سوید کۆچی دواییی کرد. تەرمەکەی لەسەر وەسیەتی خۆی، پاش کێشمەکێشێکی زۆر، لە پارکی ئازادی نێژرا. ئەمەیش بێهۆ نییە، سروشت یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی شیعری ئەوە.