وێنە: رێگە لەهاوردەكردنی سێوێكی مەترسیدار گیرا

ئابوری 01/08/2019

چاودێر- تایبەت
دوو ئوتومبێلی تریَڵەی بارهەڵگر كە لەوڵاتی ئێرانەوە، زیاتر لە(40) تەن سێوی سووری ئێرانیان باركردبوو، لەكاتی هاتنیان بۆ ناو مەرزی نێودەوڵەتی باشماخی هەرێمی كوردستان، نموونەیان بۆ پشكنین لێوەگیراو، بەهۆی خراپی و بوونی كرم لەسەریان، رێگەی هاوردەكردنیان بۆ ناو بازاڕەكانی هەرێم لێ گیرا.
بەهێز لەتیف، لێپرسراوی هۆبەی كەرەنتینەی كشتوكاڵی باشماخ، بە(چاودێر)ی راگەیاند: ئەمڕۆ دوای هاتنی دوو ترێلەی ئێرانی بەراد لەوڵاتی ئێرانەوە بۆ ناو مەرزی باشماخی هەرێم، كە سێوی ئێرانی سووری باركردبوو، بەهەردوو ئوتومبێلەكە زیاتر لە(40)تەنیان زیاتر هەڵگرتبوو، بەهۆی ئەوەی كە لەشارێكی دووری ئێرانەوە هاوردە كرابوون و ماوەی 18 كاتژمێر بەلێخوڕین گەیشتبوونە ناو مەرزی باشماخ.
ناوبراو، وتیشی"بەڵام لەبەرئەوەی كە زۆربەی سێوەكان كون بوون لەكوگای ئەو وڵاتەدا بەجوانی هەڵنەگیرابوون،  زۆربەی مێرووی لێیدا بوو، هەروەها كەڕوو كاریگەری كردبوو لەسەر كوالێتی سێوەكان و كەڕوویان كردبوو، بۆیە نەشیاوبوون بۆ خواردن".
روونیشیكردەوە،" ئەو دوو شۆفێرە كاریان بەبەڕادی ناو ئوتومبێلەكانیان نەكردبوو، لەگەڵ دیاری كردنی ئەو پلەیەی كە پێویستە بۆ بەرهەمی سێو، بۆیە دواتر نووسراوی گەڕانەوەیان بۆ هەردوو ترێلەكە بۆ وڵاتی سەرچاوە كە ئێران بو بۆ كرا".