وەرگرتنی پارە نیگەرانی شۆفێرانی مەرزێكی لێدەكەوێتەوە

ئابوری 31/07/2019



چاودێر
وەرگرتنی پارە لەشۆفێرانی مەرزی شوشمێی سنووری ناحیەی بیارە لەپارێزگای هەڵەبجە نیگەرانی لێكەوتۆتەوە و بەرپرسێكیش، دەڵێت "بەنووسراوی رەسمی سەرووی خۆمان ئاگاداركردۆتەوە و پێمان ڕاگەیاندوون، كە وەرگرتنی ئەو پارەیە دەبێت لەڕێگەی یاساوە بێت".
لەوبارەیەوە، ئازاد كەریم، یەكێك لەشۆفێرانی مەرزی شوشمێ، بە(چاودێر)ی راگەیاند: ئێمە وەك ژمارەیەك لەشۆفێران كە رۆژانە لەم مەرزەدا كاری خۆمان دەكەین، بەناوی گەراجانەوە پارەمان لێوەردەگرن و ناشزانین ئەو پارە بۆ كێیە و بۆ كوێ دەڕوات، تا ئەو ئەو پارەیەش نەدەین، ڕێگا نادەن بڕۆینە مەرزەكەوە.
وتیشی "مەرزەكە جگە لەوەی هێشتا نەبۆتە مەرزێكی رەسمی، لەگەڵ ئەوەشدا، چەند كێشەیەكی خزمەتگوزاریی هەیە و ئەو گەراجەشی بۆ ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل دروستكراوە، حەوت كیلۆمەتر لەمەرزەكەوە دوورە و هێشتا تەواو نەبووە، بەڵام لەبەرامبەر تێپەڕینی هەر ئۆتۆمبێلێك بە مەرزەكەدا، پێنج هەزار دینار وەردەگیردرێت".
لایخۆشیەوە، حەمید بارام بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە، بۆ (چاودێر)، رایگەیاند: لەسەر ئەو بابەتە ئاگاداركراوینەتەوە و ئێمەش لای خۆمانەوە، بەنووسراوی رەسمی سەروو خۆمان ئاگاداركردۆتەوە و پێمان ڕاگەیاندوون، كە وەرگرتنی ئەو پارەیە دەبێت لەڕێگەی یاساوە بێت.
روونیشیكردەوە، "ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر هاتوچۆ دەكەن، هەڵكەوتەی جوگرافیی ناوچەكەشمان وایە ڕووبەری زەویمان كەمە، شەقامەكانیشمان وەك پێویست نییە، بۆیە لەسەر بڕیاری پارێزگاری هەڵەبجە پاركەكە لەخوارەوە دروستكراوە".
مەرزی شوشمێ،‌ دەكەوێتە سنووری شارەدێی بیارە لە پارێزگای هەڵەبجە و هەرێمی كوردستان و ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەیەكەوە دەبەستێتەوە و سەرباری هەوڵەكان، بەڵام هێشتا مەرزەكە بەرەسمی نەناسێندراوە.