"دیالۆگ لەنێوان توركیا و ئۆجەلان دەستیپێكردووە"

ڕاپۆرت 27/07/2019



چاوپێكەوتن: هێژا دڵشاد-ئیستەنبوڵ

چاودێرێكی سیاسیی توركیا رایدەگەیەنێت ماوەیەكە دیدارەكان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان دەستپێكردووە و لە ئایندەیەكی نزیكدا بۆ رایگشتی رادەگەیەنرێ، ئەو چاودێرە دەشڵێت " لە ئێستادا تاكە رێگر لەوەی پڕۆسەكە بە كرداری دەستپێبكات، مەسەلەی رۆژئاوای كوردستانە، تاكو ئەوە چارەسەر نەكرێت هەنگاوی كرداری نانرێت". 
ئیلهامی عیشق، یەك لەو كاراكتەرانەیە كە لەماوەی ساڵانی رابردوودا، لە پڕۆسەكانی ئاشتیدا نێوەندگیریی لەنێوان توركیا و عەبدوڵا ئۆجەلانی سەرۆكی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) كردووە. هاوكات گۆشەنوسی بۆ چەند رۆژنامە و سایتی توركیا دەكات و لەو بارەیەوە زۆر چاوپێكەوتنی تەلەفیزیۆنی هەیە.
لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ "سایتی چاودێر" ناوبراو ئاماژە بەوەدەكات كە مەسەلەی رۆژئاوای كوردستان كلیلی چارەسەری پڕۆسەیەكی نوێی ئاشتی لە توركیا دەكاتەوە. دەشڵێت "چاوەڕێدەكرێت كە لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا پڕۆسەیەكی ئاشتی بۆ رایگشتی رابگەیەنرێت".
پرسیار: لەم ماوەیەی دوایدا دەنگۆی ئەوە هەیە كە پڕۆسەیەكی ئاشتی لەتوركیا دەستپێبكات و سەرلەنوێ‌ دیدارەكانی بەرپرسانی توركیا و ئۆجەلان دەستپێبكاتەوە، ئێوە تاچەند ئاگادارن لەمە؟
ئیلهامی عیشق: ئەگەر تەماشای ماوەیەك بەر لەئێستا بكەین دەبینین پڕۆسەیەكی دیالۆگ دەستیپێكردووە، هاوكات پرسێكی گرانی وەك پرسی چارەسەری مەسەلەی كورد، بەو جۆرە كارەكان بەڕێوەناچێت كە چاوەڕێی لێدەكرێت. پێموابێت ئەمەش تا رادەیەك شتێكی ئاساییە. لە ناخەوە دەخوازین زوو ئەم پرسە چارەسەر بكرێت، لەبەرئەوەی ئازار و قوربانی لێكەوتۆتەوە، چ بۆ توركیا و بۆ ناوچەكەش زیانی هەبووە، چارەسەری پرسی كورد درێژەی كێشا، لەبەرئەوەی كەموكورتی هەبووە، لایەنی توركیاش كەموكورتی هەبووە، هەروەها ململانێی ناوچەكەش بەگشتی كاریگەریی خۆی هەبووە. هەندێكجار بە ئیجابی و هەندێكجاریش بە سلبی هەیبووە و وایكردووە تەگەرە بۆ پڕۆسەكە دروستبكات و بەشێوەیەكی ئاسایی بەردەوامی نەبێت. لە مانگی مارتەوە تاكوو حوزەیران پڕۆسەكە خێراییەكی پێوەدیار بوو. بەڵام لە مانگی حوزەیرانەوە پڕۆسەكە وەستا لەبەرئەوەی حكومەت پێشمەرجی هەبوو بۆ هەڵبژاردنی شارەوانی ئەستەمبوڵ، لەبەرئەوەیە كە بەرەوپێشنەچونێك لەئارادا هەیە و تائێستاش چارەسەرنەكراوە، لەپاش ئەوە رێگە نەدراوە پارێزەران سەردانی ئۆجەلان بكەن، كە لە ئێستادا داوا دەكرێت رێگە بدرێت پارێزەرانی ئۆجەلان سەردانی ئیمراڵی بكەن. ئەگەر بێت و ئەوە بێتەئاراوە ئەوا رێڕەوی پڕۆسەكە دەگۆڕێت و كاردانەوەی ئیجابی دەبێت. من چەندجارێك ئەوەم نوسی كە پێویستە رێگەبدرێت پارێزەران بچنە ئیمراڵی تاكوو كاری جدی بۆ پڕۆسەكە بكرێت. واچاوەڕێ دەكرێت لە مانگی ئەیلولدا پێبنێینە قۆناغێكی نوێی ئاشتییەوە، هەلومەرجەكەش وادەخوازێت چ بۆ توركیا و بۆ ناوچەكەش كە پێویست دەكات لە كۆتایی ئەمساڵدا پڕۆسەیەك ئاشكرا بكرێت.

پرسیار: ئایا لەئێستادا هەدەپە و قەندیل ئاگاداری ئەم پڕۆسەی دیالۆگەن؟
ئیلهامی عیشق: بەڵێ‌، بەشێوەیەكی ئاسایی پێویست دەكات كە ئاگاداریش بن. دواجار ئەو گفتوگۆیانەی لەوێ‌ دەكرێت، خاڵە سەرەكییەكان بە لایەنی قەندیل و هەدەپە دەوترێ، خۆی لە خۆیدا میكانیزمی پڕۆسەكەش ئاوا بەڕێوەدەچێت. 

پرسیار: نەخشەرێگەیەك لەئارادا هەیە؟ ئەگەر بەراوردێك بكەین لەگەڵ پڕۆسەكانی پێشووتردا كە بۆ ئاشتی و چارەسەری پرسی كورد هاتەگۆڕ، ئەمجارە پڕۆسەیەكی چۆن دەبێت؟
ئیلهامی عیشق: لە راستیدا جیاوازییەكی ئەو  و تۆی لەگەڵ پڕۆسەكەی پێشووتردا نییە، لەبەرئەوەی دوا پڕۆسەی ئاشتی بەهۆی دۆخی رۆژئاوای كوردستانەوە كۆتایی پێهات، لێرەدا دووبارە رۆژئاوای كوردستان خاڵی دەستپێكی پڕۆسەیەكی نوێی ئاشتی دەبێت. ئەوەی لە سوریا رویدا وایكرد پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا كۆتایی پێبهێنێت، بەواتایەكیتر پەكەكە لەبری بەردەوامی پڕۆسەی ئاشتی، رۆژئاوای كوردستانی هەڵبژارد، ئەوەی ئێستاش لە سوریا دەگوزەرێت، وادەردەكەوێ ئیتر پڕۆسەیەكی نوێی ئاشتی بۆ چارەسەری كێشەكان بێتەئاراوە. ئەگەر بێت و مافی گەلی كورد لە دەستوری سوریا بناسرێت، ئەوا دەبێتە بناغەیەكی باشی بۆ چارەسەری پرسی كورد لە توركیاش، دەمەوێ ئەوەش بڵێم لێرەدا رێگر لەدەستپێكردنی پڕۆسەیەكی ئاشتی نوێ، مەسەلەی كورد لە سوریا نییە، بەڵكو ئەوەیە كە پەكەكە تائێستا لەدژی توركیا درێژە بە خەباتی چەكداریی دەدات. چاوەڕێی ئەوە دەكرێ كە پەكەكە لولەی چەكەكانی لە رووی توركیا نەمێنێت. لە سوریاش پرسی كورد بە قەوارەیەكی سیاسی و یاسایی بگات، ئەو دوژمنایەتییەش نەمێنێ، واتە لایەنی پەكەكە توركیا بە دوژمن نەزانێ‌ و توركیاش دژایەتی پێگەی كورد لە سوریا نەكات. چەك تاكە رێگرە لە دیالۆگ و سیاسەت بۆیە پێویستە راگەیەنراوێكی نوێ بۆ ئەو مەبەستە رابگەیەنیرێت.

پرسیار: هەرێمی كوردستانی عیراق، هەمیشە رۆڵی ناوبژیوانی و هاوكارییكردنی پڕۆسەكانی ئاشتی لەنێوان پەكەكە و توركیا بووە، پێتان وایە ئەمجارەش هەمان رۆڵ دەبینێت؟
ئیلهامی عیشق: بێگوومان، ئەوانیش لەلایەنی خۆیانەوە هاوكارن، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی رۆڵێكی باش دەبینێت لەو بارەیەوە، لەئێستاشدا باڵانسی ئەو هاوكێشەیە رادەگرێت كە ئەمریكا دەخوازێت لە عیراق و لە سوریا هەژمونی ئێران كەمبكاتەوە. مەسەلەی پەكەكەیش یەك لەم مەسەلانەیە كە ئازار و مەینەتی بەدوای خۆیدا هێناوە. بۆیە چارەسەری مەسەكە پێویستییەكی ئێستای هەموو لایەكە، ئەمە پەیوەندییەكانی هەرێم و توركیاش پتەوتر دەكات. پێموایە لەكاتی دەستپێكردنی هەر پڕۆسەیەكی ئاشتی، توركیا پێویستی بە هەرێمی كوردستان دەبێت. پێویستییەكی زەرورییە. بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەردانی توركیای كرد، ئەمە هەنگاوی ئیجابی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، راستە لە ئێستادا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ئارادا هەیە، ئەمە هەموو كات هەبووە و پێموانییە رێگریی بێت لەوەی گفتوگۆكان درێژەی نەبێت، خۆی لە خۆیدا بۆیە پڕۆسەیەكی دیالۆگ دەستپێدەكات بۆ ئەوەی شەڕ لە ئارادا نەمێنێت، دەتوانرێت بەسەر ئەوەشدا سەربكەوین. ئەمریكا و روسیا و تەنانەت وڵاتانی ئەوروپاش ئیرادەیەكیان بۆ چارەسەری ئەم پرسە نیشانداوە و خوازیارن ئاشتی بێتەئاراوە، نێچیرڤان بارزانی و هەموو پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستانیش هاوكاریی و ئیرادەیان نیشانداوە. پێویستە هەموو ئەمانە بە هەند وەربگیرێت.

پرسیار: بەو پێیەی ئەمریكا هاوكاری پەیەدە و لە چوار ساڵی رابردوودا پەیوەندییەك لەنێوانیان لەئارادا هەیە، ئایا ئەمە بە رێگر نابینرێت؟ یان ئەمریكا خوازیارە بەوەی پڕۆسەیەی ئاشتی لەنێوان توركیا و پەكەكە بێتەكایەوە؟ 
ئیلهامی عیشق: ئەمریكا ئێرانی كردۆتە ئامانج، بۆ ئەو مەبەستە دەیەوێ‌ توركیا و كوردەكان لە خۆی نزیكبكاتەوە بۆ لاوازكردنی پێگەی ئێران. ئەمە هۆكارێكی روونە كە پێویستە بۆ ئیدلیب و رۆژئاوای كوردستان چارەسەرێك بدۆزرێتەوە، رۆژئاوای كوردستان تەنها توركیا بە تیرۆریست دەیناسێنێت، بەڵام هەریەك لە ئێران و ئەمریكاو وڵاتانی ئەوروپا بە تیرۆریستی ناناسێنن. بۆیە پیویستە واز لەو دوژمنایەتییە بهێنرێت و چارەسەرێك بۆ دۆخەكە بدۆزرێتەوە ئەوەش بەبێ‌ رۆڵی كورد لە سوریا مەحاڵ دەبێت.

پرسیار: هەڵبژاردنی شارەوانی ئەستەمبوڵ، چ پەیامێكی بە ئاك پارتی دا؟ ئایا درك بەوە كراوە رێككەوتنی ئاك پارتی و مەهەپە هەڵە بووە؟
ئیلهامی عیشق: ئەگەر بێت و ئاك پارتی شارەوانی ئەستەمبوڵی بردایەتەوە، ئەوا رەنگ بوو ناچارنەبێت بەوەی پڕۆسەیەكی نوێ‌ رابگەیەنێت، تاكو 31 ی مارت، حكومەتی ئاك پارتی بە چاوێكی دوژمنەوە دەیڕوانیە كورد تەنانەت وتیشی "بڕۆن بۆ باكووری عێراق كوردستان لەوێیە". بینیمان ئەو سیاسەتە هەڵەبوو وایكرد لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا بیدۆڕێنێت. كوردەكان دەنگیان بە ئاك پارتی نەدا، ئەوانیش چاوەڕێی ئەوەیان نەدەكرد. ئێستا دەیانەوێ‌ هەنگاو بەرەو لای كورد بنێن، لە توركیا هیچ حكومەتێك لەسەر دەسەڵات نەماوەتەوە كاتێ‌ پشتی لە كورد كردبێت. ئەمجارە ئاك پارتی ئەم راستییەی بینی. ئاك پارتی بەدەنگی كوردانی رۆژهەڵاتی توركیا لەسەر دەسەڵات ماوەتەوە. 17 ساڵە فەرمانڕەوایی دەكات بەتەنها دەنگی توركەكانی ناوەڕاست و رۆژئاوای توركیا نەبووە. لە هەرێمە كوردییەكاندا دەنگەری كوردی هەیە. ئاك پارتی چانسیتری نییە لەوەی نزیك بێت لە كوردەوە. ئەو سیاسەتی رەتكردنەوەی كورد لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێك نییە ئەوتا جەهەپە-یش قسەی لەسەر مەسەلەی كورد و پرسی كورد هەیە لەبەرئەوەی دەزانن كورد رۆڵێ‌ لە روداوەكان هەیە.
دوا وتەت:
ئیلهامی عیشق: ئەم مەسەلەسە ناتوانین بەم شێوەیە بەردەوام بینت كێ‌ بتوانێ‌ چارەسەری بكات لەسەر دەسەڵات دەمێنێتەوە، ئاك پارتی ئەگەر بێت و بیەوێ‌ فەرمانڕەوایی درێژە پێبدات، ئەوا دەبێت مەسەلەی كورد چارەسەر بكات.