مەلا بەختیار و سەرجەم كادیرانی مەڵبەندی گەرمیان، جەختیان لەبەستنی كۆنگرەی گۆڕانكاری كردەوە

ڕاپۆرت 24/07/2019


چاودێر- تایبەت:
ئەمڕۆ چوار شەممە، مەلا بەختیار، لێپرسراوی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، بە سەردانێك دەڤەری گەرمیانی بەسەركردەوەو لە سەردانێكیشدا بۆ مەڵبەندی رێكخستنی گەرمیان، لەلایەن سامان گەرمیانی، ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیان و هەڤاڵانی ئەنجومەنی مەڵبەند و كادرانی ئۆرگانە جیاوازەكانی یەكێتی لە دەڤەرەكە بە گەرمی پێشوازی لێكرا.
لەگفتوگۆیەكی كراوەشدا كە لەهۆڵی مەڵبەند بەڕێوەچوو، پاشئەوەی هەڤاڵ سامان گەرمیانی لێپرسراوی مەڵبەند بە گەرمی بەخێرهاتنی مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی كردو وتی : بەناوی مەڵبەندی گەرمیانەوە بە گەرمی بەخێرهاتنی كاك مەلا بەختیار دەكەین و هیوادراین پێكەوە بتوانین یەكڕیزی ناو یەكێتی وەكو مام دەیفەرموو وەك بیلبیلەی چاو بپارێزین و بێگومانیش كاك بەختیار هەر بەو جۆرە بیردەكاتەوە. وتیشی "كاك بەختیار خۆی خاوەنی مەڵبەندو یەكێتی و مێژووی یەكێتیە".
دواتر مەلا بەختیار، لە وتەیەكدا سوپاسی ئەو پێشوازیە گەرمیەی كادیرانی مەڵبەند و بەرپرسی مەڵبەندی كرد و وتی: 42 ساڵە كاك سامان دەناسم هەر لەم مانگەدا واتە لە 20/7/1977 یەكەمجار ناسیم، ئەو چركەساتە بوو كە جەنابی مام جەلال لە سوریاوە گەڕایەوە بۆ كوردستان. 
مەلا بەختیار، راشیگەیاند: ئێستا كە هاتوم بۆ ئێرە بێگومان یەكێتیم لە گلێنەی چاوم خۆشتر دەوێت و هیچ كەسێك لەخۆم بە یەكێتی تر نازانم، نە بە عەقڵ، نە بە كردار، نە بە مەنتیق، نە بە مێژوو، نە بە دەستكەوتیش. خۆم لەهەرە ماندوەكانی ناو یەكێتی دەزانم، بەڵام كاتێك یەكێتی پێویستی بەر رەخنەلەخۆگرتن هەبێت، رەخنە دەگرم، كە یەكێتی پێویستی بە پرۆژەی راستكردنەوەی هەڵەكان هەبێت، پرۆژە پێشكەش دەكەم، كاتێك یەكێتی بكەوێتە ململانێوە، ململانێ دەكەم و بێگومان ئەزمون و قەڵەمەكەم هی ئەوەیە لەكاتی تەنگانەدا بەرگریی لە یەكێتی بكەم.
لەوبارەیەوە زیاتر وتی "هەرگیز لە رەخنە و پرۆژەكانم بۆ یەكێتی، هیچ بەرژەوەندیەكی كەسی و پۆست و پلەم نیە، تەنیا خەمی بەهێزكردنەوەو هەستانەوەی یەكێتیم هەیە".
لەبەشێكی دیكەی وتەكانیدا مەلا بەختیار، باسی قوربانیدان و خەباتی ناوچەی گەرمیان و شاری كەلاری كرد و رایگەیاند: ئێستا كەلار لەهەموو كات زیاتر مافی بە پارێزگابونی هەیە، قوربانیەكانی كەلار كۆی قوربانی ناوچەكانی دیكەیە، بۆیە ئەوەی بۆی كراوە حەقیەتی، ئەوەشی بۆی نەكراوە ناحەقیە. وتیشی "ئەگەر سەرپشكم بكەن لەنێوان ئەوەی خانەقین بكرێتە پارێزگا، یان كەلار ناوەندی پارێزگا بێت، ئەوا من كەلار هەڵدەبژێرم".
دوابەدوای كۆتایی وتەكانی مەلا بەختیار، جارێكی دیكە لەناو مەڵبەند، گفتوگۆیەكی كراوە لەنێوان مەلا بەختیار و بەشێك لەكادیرانی مەڵبەندا، هاتەكایەوە بەتایبەت لەبارەی دۆخی ئێستای یەكێتی و بەستنی كۆنگرەی گۆڕانكاریەكان. لەوبارەیەوە سەرجەم كادیرانی ئامادەبوو جەختیان لە كۆنگرەی گۆڕانكاری كردەوەو وتیان "نامانەوێت بەداخی نەبەستنی كۆنگرەوە سەربنێینەوە".