فۆتۆستۆری: سایتی چاودێر لە ئیستەنبوڵ، سەردانی خانەی ئیسماعیل بێشكچی دەكات

ڕاپۆرت 21/07/2019

هێژا دڵشاد-ئیستەنبوڵ

دەربارەی ئیسماعیل بێشكچی
ئیسماعیل بێشكچی، گەورە نوسەر و كۆمەڵناسی ناودار توركیا، زیاتر لە لەسەر توێژینەوەكانی دەربارەی پرسی كورد و داكۆكی لە گەلی كورد دەناسرێت، بێشكچی تائێستا هەشت جار دەستگیركراوە و 17 ساڵ زیندانی كراوە. یەكەمجار لە ساڵی 1979 دەستگیركراوە و لە ساڵی 1987 ئازادكراوە، بەڵام بەهۆی بەردەوامی نوسین لەسەر داكۆكی لە گەلی كورد دۆسیەیتری لەسەر كراوەتەوەو دووبارە دەستگیركراوەتەوە تاكو ساڵی 1999 ئازادكراوە. 
لەو سەردەمەشدا لە كۆی 36 كتێبی ئیسماعیل بێشكچی 32 كتێبی قەدەغەكراوە. تائێستا 48 كتێبی چاپ كراوە كە زۆریان لەسەر مەسەلەی كورد و كوردستانە. هەربۆیە بێشكچی بە دۆستێكی دێرین و داكۆكیكارێكی مافە رەواكانی گەلی كورد دەناسرێت.

وێنەیەكی دێرینی ئیسماعیل بێشكچی

خانەیەك بەناوی "ئیسماعیل بێشكچی" دامەزراوە 
لە ساڵی 2012 خانەی ئیسماعیل بێشكچی لە ئیستەنبوڵ دامەزراوە، بیرۆكەی ئەم خانەیە لەلایەن كۆمەڵێك دڵسۆز و خەمخۆرەوە بووە، بیناكە لە سێ‌ نهۆم پێكدێت، دوو نهۆمی كتێبخانەیە و نهۆمی سەرەوەش هۆڵێكە بۆ بەستنی كۆنفڕانس و چالاكی ئەدەبی و كلتوری تیا رێكدەخرێت، دەنیز یەك لەو كەسانەی لەخانەكە خۆبەخشانە كاردەكات بە سایتی چاودێری راگەیاند :ئیبرایم گوندوز كوردێكی توركیایە، لە دڵسۆزی خۆی بۆ مامۆستا بێشكچی ئەم بینایەی بە ئێمە بەخشیوە، لێرەدا كتێبەكانی ئیسماعیل بێشكچی، لەگەڵ 12 هەزار كتێبی تیا ئەرشیف كراوە كە زۆریان لەسەر مەسەلەی كوردە. جگە لەوانەش سەدان گۆڤار و وتارەكانی بێشكچی هەمووی بەشێوەیەكی رێكوپێك ئەرشیف كراون. كە لەسەر مەسەلەی پرسی كورد لە رۆژنامەكانی توركیا نوسیوێتی.
دەنیز، لەدرێژەی وتەكانیدا دەڵێت  "لە كورد و تورك سەردانی ئێرە دەكات لە ئەستەمبوڵ و هەرێمەكانی باكووری كوردستان سەردانمان دەكەن. لێرە كتێبی تایبەت بە مەسەلەی كورد ئەرشیف كراوە، هەروەها ئیسماعیل بێشكچی ناو بەناو سەردانی ئێرە دەكات، لەبەرئەوەی خۆی لە ئەنقەرە نیشتەجێیە.


جگە لە ئەرشیفی نوسین و كتێبەكانی ئیسماعیل بێشكچی، زیاترە لە 12 هەزار كتێبی تیا ئەرشیف كراوە كە زۆریان لەسەر مەسەلەی كوردە

 كتێبی گرنگ لەسەر مێژووی كورد

بەشێك لە كتێبەكانی ئیسماعیل بێشكچی بە توركی و كرمانجی

لە نهۆمی سەرەوە، هۆڵێك بۆ كۆنفڕانس و چالاكی ئەدەبی تەرخان كراوە

خانەی بێشكچی بە كتێبەكانی ئیسماعیل بێشكچی بەشداری پێشانگای كتێب لە ئەدەنە دەكەن

لەشارەكانی دیكەش خانەی هەیە
دەنیز لە درێژەی وتەكانیدا بۆ سایتی چاودێر وتی "هاوكات لە ئامەد و لە هەولێریش خانەی ئیسماعیل بێشكچی هەیە، كە هەماهەنگیمان پێكەوە هەیە و لەئێستادا 30 كتێبی بێشكچی بە توركی و كرمانجی هەیە لە وەقفەكەمان هەندێكیتر لە چاپدان".

پڕۆژەیەكی نوێ
دەنیز دەڵێت "لە ئێستادا كار دەكەین بۆ ئەوەی سایتی وەقفی ئێسماعیل بێشكچی بەهێز بكەین بە ناوی www.ismailbesikcivakfi.org بۆ ئەو مەبەستەش بەنیازین زۆرێك لە ئەرشیفی نامە و نوسینەكانی مامۆستا بێشكچی لەوێ‌ بڵاوبكەینەوە".

وێنەی كۆڕەوەكەی باشووری كوردستان، لە خانەی بێشكچی

دیزاینی ناوەوە بە لاپەڕەی رۆژنامەكان كراوە كە نوسینی بێشكچی تیا بڵاوكراوەتەوە

 

زانكۆی بوغازئیجی لە ئەستەنبوڵ، دكتۆرای فەخری دەداتە بێشكچی

ئیسماعیل بێشكچی لەگەڵ ئاغایەكی كورد، لەو ساڵانەی لە زینداندا بووە

بێشكچی بەدەستی خۆی ئەو  وتارەكانەی ئەرشیف دەكات كە لەلاپەڕەی رۆژنامەكاندا بلاوكراونەتەوە

بە ئەرشیفكردنی وتارەكانی ئیسماعیل بێشكچی كە لە رۆژنامەكانی توركیا لەسەر مەسەلەی كورد نوسیوێتی

وێنەیەك هەموو رێگریی و فشارەكانی توركیا بۆ سەر بێشكچی نیشان دەدات

 بێشكچی خاوەن چەندین خەڵاتە