دیمەنی ترسناکی تاریکی

ڕەخنەی چاودێر 20/07/2019

سەیدعەلی ساڵحی

وەرگێڕانی: هیدایەت جان

 

 

من لە تارانەوە بۆنی کتێبی سووتاوم بۆ دێت
لە شەڕی دەوڵەتان کوشتن نەک ئازادە، بگرە دەگوترێ کارێکی یاساییە. هەڵچوونی غەریزە هەندێک جار و لە هەلومەرجێکی تایبەتدا بوونی چەند هەزار ساڵەی مرۆڤ رەچاو ناکات. بڕواکردنی ئەستەمە: دکتۆر فەرهاد پیرباڵی بەڵا لێدراو دیسان نەیتوانی بە لەخۆبوردەیی لەو بازنە جاڕزکەرە تێبپەڕێت، شەڕ و ئاگر و کتێب!؟ مرۆڤ وا سەری سووڕ دەمێنێ لاڵ دەبێ. رووداوی ئاگر و کتێب. هەندێک برگەی دەیەی شەس و تەنانەت حەفتای "مەبەست دەیەی هەشتا و نەوەدی زاینییە" خۆمان بهێننەوە بیر خۆتان، بەڵام نەک لەلایەن هەر کەسێکەوە.


هەواڵەکە نە درێژ بوو و نە کورت، وێرانکەر بوو. دیمەنی ترسێنەری وێرانەیەک: شەڕی دەزگای چاپ و نووسەر! ئەویش لە هەولێر کە مافی ئازادی دەربڕینی لێیە. وەک هەر قوژبنێکی ئەو هەرێمە بە رەنج ئاخنراوە. بزانە چی کەوتووەتە نێوانیان "د. فەرهاد پیرباڵ، شاعیری ناودار، لەلایەکی ترەوە بەرێوەبەری کتێبفرۆشی و دەزگای چاپی "ماڵی وەفایی" لە پایتەختی سیاسی کوردستان" کە بەهۆیەوە ئاگر لە کەرامەتی وشە بەردرا. چ نادادپەروەرییەک لە بەرامبەر شاعیر کراوە وا دەستی لە هەموو شتێک بەرداوە و ئاگری لە خەرمانی ترس و بێتاقەتی خۆی بەرداوە.


ئەگەر هەواڵەکە راست بێت، فەرهادی ئێمە ئاگاداری کردبێتەوە کە چاپکردنی بەرهەمەکانم نابێ بکرێتە قوربانی تەماح! بەڵام دواتر بەری تووڕەیی زۆر بە خراپی بەرەڵا دەبێت. هەم خاوەن دەزگای چاپەکە نەدەبوا زەوینە بۆ لەباربردنی گفتوگۆ لەگەڵ شاعیر خۆش بکات و هەم نووسەر نەدەبوایە بە دەنکە شقارتەیەک بڵێسە بخاتە دڵی شەوەوە! چ دۆخێکی نالەبارە! بێ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ بەهاکانی بکەم، تەنیا دەتوانم داخداربوونی خۆم بە قەڵەمەکەم دەربڕم. دیمەنێکی ناخهەژێنە. لە گەنجێتیمدا لەبارەی دەفتەری شیعری "گەنم و گێلاس"ی مەنوچێهر ئاتەشی، بە رقەوە نووسیم، دەبێ مەنوچێهر ئەو کۆمەڵە شیعرە لاوازە کۆ بکاتەوە و ئاگریان بدات. تا ئێستاش شەرمەزاری ئەو سەهوویەم بۆچی وشەی "ئاگر"م بۆ ئەو بابەتە بەکار هێناوە. دانی پێدا دەنێم کە نابێ لێم خۆش ببن تەنیا لەبەر وشەی شوومی ئاگر. ئەویش تەنیا درکاندنی بە "وشە" نەک وەکو فەرهاد بە کردەوە کە کاردانەوەیەکی مەترسیدارە لە رەفتاری شاعیرێکدا. دەبێ بزانین ئەو خاوەن دەزگای چاپە بەرێزە تا چ ئاستێک نادادپەروەری دەرحەق بە وشەکانی شاعیر کردووە، یان ئەوەش نا..... بۆچی رۆحییەتی بێقەراری فەرهادی ئێمەی نەناسیوە؟


ئەو خۆکوژییە دوو لایەنەیە "خاوەن دەزگای چاپ و نووسەر" کارەساتێکی فەرهەنگییە کە بۆشایی یاسامان بۆ باس دەکات. لە بنەڕەتەوە بێ متمانەیی دوو لایەن... هۆی درووستبوونی ئەو رووداوە، کوورەی ناکۆکییەکانی وەها گەرم داهێناوە کە من لە تارانەوە هەست بە بۆنی "سووتانی کتێب" لە هەولێر دەکەم. لە روانگەیەکی بەرفراوانترەوە، وا هەست دەکرێ نە شاعیر تاوانبارە و نە خاوەن دەزگاکە. هەلومەرجی ناجێگیری ناوچەکە بەردەوام چنگ لە روخساری مرۆڤی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات. لەو کێشمەکێشەدا کار گەیوەتە ئەوەی بە کوتک لە رووخساری کتێبەکان بدرێت.


هەناسەی ئەو کردەوە و دژکردەوە "واتا پڕوکێن"ە بە شێوەیەکی باوەرپێنەکراو ئازاردەرە، هەم زیاترینە لەبەر ئەوەی ئەو هەڵچوونە کاتییە هی نووسەرێک و خاوەن دەزگایەکی چاپ نییە، بەڵکو نیشانەیەکی سەیر و خەفەتاوی ئاگرێکی گەورەتر و بەرفراوانترە. هۆشداری ئاشکرای "کتێب و ئاگر" بە رژدی وەرگرن. نەوەک رۆژێک فیشەک جێگەی وشە بگرێتەوە.