چی دەربارەی کتێبخانەی داهاتوو دەزانیت؟

ڕەخنەی چاودێر 20/07/2019

ڕەخنەی چاودێر


"کتێبخانەی داهاتوو" لە ساڵی ٢٠١٤ـدا لە لایەن هونەرمەندی سکۆتلەندی کیتی پیتەرسۆنەوە بە گەڕ خرا. ئەو لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ یۆرۆنیووز وردەکاریی زیاتر دەخاتە ڕوو.

لەوانەیە بتوانین بڵێین هەر نووسەرێک یان شاعیرێک کتێبێکی نهێنیی هەیە، کە حەز ناکات بڵاوی بکاتەوە، یان لانیکەم تا خۆی زیندووە نایەوێت چاپ ببێت. پڕۆژەی "کتێبخانەی داهاتوو" ڕێک بۆ ئەم مەبەستەیە و هەروەها کاری دیکەیش؛ چاپی کتێب لە داهاتوودا بۆ نەوەکانی سەدەی داهاتوو.

شوێنی ئەم کتێبخانەیە لە دەرەوەی شاری ئۆسلۆیە و کەوتووەتە دارستانێکەوە، کە ١٠٠ ساڵی تر کتێبگەلێکی بەنرخی نووسەرانی ئەمڕۆ چاپ دەکات. مارگارێت ئەتوود یەکێکە لەو نووسەرانەی لە ئێستاوە کتێبی بڵاونەکراوەی خۆی پێشکەش بەم کتێبخانەیە کردووە.


پێمان بڵێ بۆ ئەم کتێبخانەیەت کردەوە؟
پیتەرسۆن: ئەم پڕۆژەیە لە مێژ بوو لە خەیاڵی مندا بوو، بەڵام زەمینەی گونجاو بۆ دروستکردنی نەبوو، تا بەرپرسانی شاری ئۆسلۆ قبووڵیان کرد.

بۆچی ئۆسلۆ؟
پیتەرسۆن: وڵاتی نەرویج بە بوونی درەختان و دارستانی چڕ شوێنێکی گونجاوە بۆ ئەم پڕۆژەیە. شاری ئۆسلۆ بە درەختان گەمارۆ دراوە و پێم وایە ژینگە لە داهاتوودا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ مرۆڤدا هەبێت. دیدی خەڵک و بەرپرسانی ئەم شارە بۆ ئاییندە و ژینگە و پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ زەمەندا زۆر باشە و گونجاوتر بوو پڕۆژەکەم لێرەدا جێبەجێ بکەم.

بۆچی دەڵێیت پەیوەندیی لەگەڵ زەمەندا؟
پیتەرسۆن: مارگارێت ئەتوود لەم بارەیەوە شتێکی سەرنجڕاکێشی گوت: پڕۆژەی کتێبخانەی ئاییندە وەکوو پەیوەند-ی نێوان زەمەن و سروشت وایە. ئەم پڕۆژەیە ڕێز لە وشەگەلی نووسراو و پاراستنیان بە درێژاییی زەمەن؛ دەگرێت. کتێبەکان بە درێژاییی زەمەن پارێزگاریی دەکرێن و بە دەستی نەوەکانی ئاییندە دەگەیەنرێن.

جگە لە ئەتوود چ نووسەرێکی دیکە بەشداریی پڕۆژەکەی کردووە؟
پیتەرسۆن: دەیڤد میشێل، سیجوون و ئەلیف شەفەک کتێبگەلێکیان بە پڕۆژەکە بەخشیوە. ئەمساڵ هان کانگیش کتێبێکی بۆ هەڵگرتن لە کۆگەی ئەم کتێبخانەیەدا نووسیی.

داوا لە چ نووسەرانێک دەکەن بۆ پڕۆژەکەتان؟
پیتەرسۆن: ئێمە ساڵانە داوا لە نووسەرانی ناودار دەکەین کتێبمان پێشکەش بکەن. ئاسایی داوا لە کەسانێک دەکەین کە کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر ژینگەی دەوروبەریان هەبووە. لەوانەیە تا ساڵی ٢٠٩٩ درێژە بکێشێت. گرنگ ئەوەیە نووسەران کتێبی باشیان بۆ داهاتوویان هەبێت.

ئایا نووسراوەکانی ئەمڕۆ بۆ خوێنەرانی ١٠٠ ساڵی داهاتوو بایەخیان هەیە؟
پیتەرسۆن: سەد ساڵ زۆریش دوور نییە. وێناکردنی سەد ساڵی دیکە سەخت نییە. لەگەڵ چالاکانی ژینگەدا کە ئێمە کاریان لەگەڵدا دەکەین؛ سەد ساڵی خولێکی زەمەنیی سروشتییە کە گیاگەل پێیدا تێدەپەڕن. بۆ دارستان سەد ساڵ وەک چاوترووکانێکە.


تپن: لەوانەیە ئەگەر پڕۆژەی "کتێبخانەی داهاتوو" سەد ساڵ لەمەوبەر دەستی پێ کردبا؛ ئەمڕۆ کتێبگەلێکی تازەمان لە نووسەرانی وەک ڤیکتۆر هوگۆ، ئەلیکساندەر دۆما، ئێگزۆپێری و چارلز دیکنز هەبوایە... [لیستەکە لە ڕووی ساڵەوە دەقیق نییە، مەبەست تەنیا کۆنییەکەیانە] ئەمەش جگە لەوەی دیارییەکی مەزن دەبوو لە نووسەرانێک کە چیتر بە خەیاڵیشماندا نەدەهات شتی نوێ بنووسن، هاوکات دیدێکی نوێی سەبارەت بەو نووسەرانە دەداینێ. ڕەنگ بوو هەندێک لە نووسەران لە پڕۆژەیەکی ئاوهادا بە تایبەتی بیریان لە داهاتوویان- کە ئێمەین- بکردایەتەوە و ئەوکات ئێمە دەمانزانی کە ئەوان چۆن بیر لە خەڵکانی داهاتوو دەکەنەوە و چۆن بەهاکان بەروارد دەکەن. ئاخۆ ناچار دەبوون شێوازی نووسینی خۆیان بگۆڕن؟ یان هەر ئاسایی بە هەمان ستایلی خۆیان دەیاننووسی؟ سەد ساڵی داهاتوو، واتا لە ٢١١٤ـدا ئێمە وەڵامی ئەم پرسیارە سەبارەت بە نووسەرانی ئەمڕۆ وەردەگرینەوە. ئەم پڕۆژەیە هەروەها دەکرێت بەوە سەرنج بدرێت کە ئەدەبیات چۆن ڕێز لە خوێنەرانی تەنانەت سەد ساڵی داهاتوو دەگرێت. هەروەها کەیفخۆشکردنی خوێنەرانێکە، کە دەبینین نووسەرە دڵخوازەکەیان لە مێژە مردووە، بەڵام هێشتا کتێبی تازەیان بۆ دەنووسێت. کتێبەکە جگە لەوەی تەمەنی نووسەر درێژتر دەکاتەوە و هەستی لێرەبوونی لەناو خوێنەراندا بۆ دروست دەکات، هاوکات چارەنووسی ئێمەی خوێنەرانیش لە ئەدەبیات زیاتر دەکات و کاری نووسەرانیش سەختتر دەکات، کە دەبێت هەوڵی زیاتر بدەن بۆ نووسینی کتێبێک کە لە سەد ساڵی داهاتوودا- بە پێشکەوتنێکی هەمەلایەنەی جیهانەوە، یان بە گۆڕانێکی هەمەلایەنەی جیهانەوە-  دەچێتە بەردەمی خوێنەران. ئەگەر تا ئێستا کە جارجار بە دەگمەن ڕوو دەدات، لە پڕ نووسینی یان پارچەشیعرێکی شاعیرێکی کلاسیک دەدۆزرێتەوە و دڵخۆشمان دەکات، ئەوا لەمەودوا خۆمان ئەم کەشە دڵنشینە ئەدەبەییە دەخولقێنین. ئۆسلۆ ئەم پەرجووە لە ٢١١٤ـدا دەنوێنێت.

 

سەردانی سایتی کتێبخانەی داهاتوو بکە

https://www.futurelibrary.no/