تورکیا لە ڕۆمانی یانزە خولەکدا وشەی کوردستان سانسۆر دەکات

ڕەخنەی چاودێر 18/07/2019

ڕەخنەی چاودێر


وشەگۆڕین لە وەرگێڕدراوە تورکییەکەی ڕۆمانی "یانزە خولەک"ـی پاولۆ کۆیلۆدا لە تورکیا ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بووەوە.


گاردیان بڵاوی کردەوە: پاش ئەوەی خوێنەرانی تورک هەستیان بەوە کرد دەستکاریی ڕۆمانی یانزە خولەک کراوە، وەشانخانەکە لە ئێستادا ناچار بووە دەست بکات بە کۆکردنەوەی کتێبەکە.


لە وەرگێڕدراوە تورکییەکەی یانزە خولەکدا، وشەی "کوردستان" سانسۆر کراوە و لە بری ئەوە "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" نووسراوە. لە کۆپییە بنەڕەتییەکەی ڕۆمانەکەدا بە زمانی ئینگلیزی هاتووە: "ئەو چوو بۆ کافێنێت و تێگەیشت کوردەکان خەڵکی کوردستانن."


بەڵام لە کۆپییە تورکییەکەدا، بەشی دووەمی ڕستەکە گۆڕاوە بۆ: "لە ئینتەرنێت نووسراوە، کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەژین."


ئەم کۆپییە تورکییە لە ساڵی ٢٠٠٤ـەوە تا هەنووکە، ٣٨ جار چاپ کراوەتەوە.


کان ئووز، بەڕێوەبەری وەشانخانەی کان لە تویتەر بڵاوی کردەوە: "خوێنەران مافی خۆیانە لەم بابەتە تووڕە ببن و ئێمە لە چاپی تازەدا ڕاستی دەکەینەوە. نازانم کێ بەرپرسی ئەم گۆڕانکارییەیە. کۆپییەکەی ئێمە زۆر کۆنە. هەڵبەت وەشانخانە مافی ئەوەی نییە بە دڵی خۆی تێکست بگۆڕێت."


سادات ئوزون وەرگێڕی تورکیی "یانزە خولەک" لەم بارەیەوە دەڵێت: "سەبارەت بەوەی ئەم گۆڕانکارییە چۆن ڕووی داوە بۆچوونێکم نییە، بەڵام دڵنیام ئەم دژیەکییە، بڕیار نەبووە. وەرگێڕان ئاسایی لە ڕێی تەفسیرەکانەوە دەست بە دەست دەکرێت، بەڵام سانسۆر بە هیچ شێوەیەک جێی قبووڵ نییە. من هەرگیز لەگەڵ سانسۆردا ڕانەهاتوومە."


پاولۆ کۆیلۆ نووسەری ناوداری بەرازیلی، لە سەرتاسەری جیهاندا خوێنەری زۆری هەیە. ئەو بە پڕهەوادارترین نووسەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەناسرێت؛ ٣٠ ملیۆن کەس لە فەیسبووک و ١٢ ملیۆن لە توێتەر چاولەدووی پۆستەکانی ئەون.


ڕۆمانی "یانزە خولەک" ساڵانێک لەمەوبەر لە لایەن ئەیووب نووری و بە ئاگەداریی نووسەر کراوە بە کوردی.