مەلا بەختیار هۆشداریەکی توند دەداتە یەکێتی و پارتی

ڕاپۆرت 17/07/2019

چاودێر- تایبەت:
ئەمڕۆ لەشاری دەربەندیخان، بەڕێوەبەراتی رۆشنبیری و هونەری دەربەندیخان، كۆڕێكیان بۆ سیاسەتمەدار و رۆشنگەر مەلا بەختیار، رێكخست، كۆڕەكەش بەناونیشانی (حزبایەتی لەسەردەمی جیهانگیری) بەڕێوەچوو.
لەسەرەتای كۆڕەكەدا، مەلا بەختیار، بە كورتەباسێك چەمكی جیهانگیری رونكردەوەو ئاماژەی بە سەرهەڵدانی مێژویی چەمكەكەو كاریگەریەكانی جیهانگیری كرد لەسەر جیهان و ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و كولتوری، هاوكات باسی لەكاریگەریەكانی شۆڕشی گۆڕانكاری و زانیاریەكان كرد كە تەواوی سنورەكانی جیهانی بەزاندوەو هەموو جیهانی خستۆتە ژێر كاریگەری خۆیەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد كە قسەكردن لەسەر چەمكی جیهانیگری شتێكی تازەیەو شیكردنەوەو باسكردنی ئەو چەمكە ئازایەتی دەوێت و ناكرێت لەترسی كۆنەپارێزی قسەی لەسەر نەكەین.
لەبارەی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان و جیهانگیریەوە، رایگەیاند: حكومڕانی و دەسەڵاتی سیاسی لەهەرێمی كوردستان لەجیهانگیری تێنەگەیشتون، لەوانیش خراپتر حزبەكان سیاسەت و ستراتیژیان لەسەر بنەمای گۆڕانكاریەكانی جیهانیگری دانەڕشتوە. بۆیە تێنەگەیشتن لەجیهانگیری لەلایەن حزب و رێكخراوەكانەوە زۆر مەترسیدارە.
بەشی دووەمی كۆڕەكەی مەلا بەختیار تایبەت بوو بە حزبایەتی و حزبایەتیش لەسەردەمی جیهانگیریدا، لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوەكرد: كە ئێستا لەئەوروپا گۆڕانكاری بەسەر شێوازی حزبایەتی و خەباتی سەندیكایی و رێكخراوەكاندا هاتوەو ئەوان بەتەواوی خۆیان لەگەڵ جیهانگیریدا گونجاندوە. بەڵام بەداخەوە لەعێراق و كوردستاندا هێشتا بەشێوازی كۆن و كلاسیكی حزبایەتی دەكەین. 
مەلا بەختیار، زیاتر وتی: حزبایەتی لەعێراقدا لەئەشكەوتی پەنجاكاندایە، ئێمە كەمێك باشترین، بۆیە حزبەكانی هەرێمی كوردستان، ئەوپەڕەكەی دوو خولی تری هەڵبژاردنیان لەبەردەمدایە، بۆئەوەی گۆڕانكاری لەخۆیاندا بكەن و لەگەڵ سەردەمەكەدا خۆیان بگونجێنن، ئەگەرنا ئەم بازنە داخراوەی حزبایەتی كۆتای دێت، ئەوە كۆتایی دێت كە كوڕ و خزمەكانیان كۆنتڕۆڵی ئەم دەڤەر و ئەملاوئەولا بكەن. وتیشی "ئەم قسەیەم بۆ تۆمار بكەن، ئەمڕۆ 17/7/2019یە، ئەگەر تا دوو خولی هەڵبژاردنی تر یەكێتی و پارتی خۆیان نەگۆڕن بەتایبەتی یەكێتی، بەدیلی خراپتر و فەوزایەكی گەورە لەهەرێمی كوردستاندا دروستدەبێت. ئەگەر خۆمان نەگۆڕین، بەرەو گەندەڵی زیاتر هەنگاو دەنێنین پاكەكانیش پیس دەبن و ئەوكات كێشەی گەورە لەكوردستاندا دروستدەبێت".
وتیشی "ئێستا خواستی خەڵك گۆڕانكاری بەسەردا هاتوە، خەمی ئەوەیەتی كە ئایا تۆ گەندەڵی لەناودەبەیت یان نا؟ یاسا سەروەر دەكەیت یان نا؟ سیستمی پەروەردە دەگۆڕی و ئازادی ژن دەستەبەر دەكەیت؟ چاودێری بازاڕ دەكەیت و قۆرخكاری ناهێڵیت و مافی بەركارەكان دەپارێزیت؟ ئەمانە خەمی نوێن، بۆیە گەندەڵی هاندەری سەرەكی ناڕەزایەتی خەڵكە و دەبێت روبەڕووی ببینەوە".
لەكۆتایی كۆڕەكەشدا، مەلا بەختیار جارێكی دیكە جەختی لە گۆڕانكاری ژیانی حزبایەتی لەكوردستان كردەوەو بەتایبەتی یەكێتی و هیوای خواست كۆنگرەی ئایندەی یەكێتی بەزووی وەكو كۆنگرەی گۆڕانكاری ئەنجام بدرێت سەرەپا گۆڕانكاری لەحزبەكەدا بێنێتەدی.