قوتابییە خەراپەکانی پیرباڵ و مەلا کرێکار

ڕەخنەی چاودێر 17/07/2019

ئەحمەدی مەلا


کاتێک هۆشیاریی سیاسی و هۆشیاریی ئەدەبی و هۆشێاریی ئایینی دەگەنە بنبەست، بەو واتایەی کە واتا بنەڕەتییەکانیان لە دەست دەدەن و لەنێو تێکچڕژانی تەونە دەلالییەکان و ئاستە جوداکاندا مانای چەمکە سەرەکییەکان بەتاڵ دەکرێنەوە؛ فەوزا و ئازادی دەبن بە یەک، مافی دەربڕین و بانگاشە بۆ کاری خراپە و تیرۆر دەبن بە وێڵداشی یەکتری، بەڵام دەشێ خودی ئەم ئیشکالییەتە بکەینە پرسیار: بۆچی شتەکان بەو ئاراستانەدا دەڕۆن؟

پیرباڵ کاریگەر بە سوریالییەت، خەمخۆر بۆ بارودۆخی گشتی، لە ناوەوە وێران وەک لەم چەند ساڵەی دواییدا دەردەکەوێ، سنوورەکانی نێوان ئەدەب (وەک گوزارشتێکی زمانەوانی) و واقیعی لێ تێک دەچێ. لە هەموو مێژووی سوریالییەکاندا لیاقەتی ئەدەبییان لە دەست نەدا، بانگاشەکردنیان بۆ ڕووخاندنی بەهاکانی بورجوازیی نەچووە بواری جێبەجێکردنەوە و نەگەیشتە ئاستی گاڵتەکردن بە تاکێکی بەستەزمانی سەر جادە- بێجگە لەوەی کە سەرجەم نمایشە بێسوودەکانی پیرباڵ نەیانتوانی و ناتوانن خاڵێک لەسەر پیتەکان دابنێن. پیرباڵ لەسەر تەختەی شانۆ دەبێ بە پیرباڵ، تەماشاکەران، وەک ئەڵقەیەک لە دەوری ورچێکی بریندار دەیکەنە هەرا و چەپڵەلێدان و فیکە و پێکەنینی بە تەوز.. ئەمان نەبن، پیرباڵ دەڕواتەوە ماڵ، چونکە تەختەی شانۆ بەبێ تەماشاکەران تەختەی ڕەقوتەقی بێواتان.

دوانمایش: سووتاندنی ماڵی وەفایییـە، لێرە باسی ئەوە ناکەم چی سووتاوە، بەڵکوو کاتێک وەرگرتنی ماف، یا داوای مافکردن دەگاتە ئەم ئاستە، هەموو بەها کۆمەڵایەتییەکان دەڕمێنە سەر یەک، چونکە ئەگەر بێت و هەر تاکێک بە دەست و هێز و بازووی خۆی داوای مافی خۆی بکات و بگاتە ئەم ئاستە، نیوەی هەولێر دەسووتێ ئەگەر بە تەواوی نەسووتێ، چونکە هەندە ناعەدالاتی و نادادپەروەری و ستەم و هەقخۆری و بەرتیل و ڕجاوپاڕانەوە هەیە، ئەگەر ئەو وزە پەنگخواردووەی ناو تاکەکان بەرەڵڵا بکەی دەبێ بە لافاوی زەمانی نووح. لەمەیاندا دەسەڵات بە پلەی یەکەم بەرپرسیارە.

دە هەزار کیلۆمەتر لێرەوە، بە بڕیاری دادگای ئیتاڵیا، مەلا کرێکاریان دایەوە دەست یاسا. مەلا کرێکار تەنیا خواپەرست و قورئانخوێنێکی بەستەزمانی ڕوو لە خوا نییە، بەڵکوو خاوەن پرۆژەیەکی مەترسیدارە. ئەو بە ئاشکرا بانگاشە بۆ تیرۆر دەکات و نیشتیمان لە لای ئەو خاکی پیرۆزی ئیسلامە و دەیەوێ بە جەمەدانی و شەرواڵە ناوبەناوەکەی ئەم ڕاستییە بشارێتەوە.


نە سووتاندنی ماڵی وەفایی دەچێتە بابی ئازادیی ڕادەربڕین و داوای مافکردن- با دادگاکانیشمان خەتوو بن- نە بانگەشەکردن بۆ تیرۆر قسەکەی ڤۆلتیری بەسەردا دەسەپێنرێ (ئامادەم گیانی خۆم بەخت بکەم لە پێناو ئەوەی تۆ قسەی خۆت بکەی) چونکە بە درێژاییی ژیانی؛ ڤۆلتێر دژ بە هزری تاریک دەوەستا و بانگەشەی بۆ ئازادییەکان دەکرد.

ئازادی چەمکێکی زۆر پیرۆزە و تەنانەت کۆمەڵگەی نوێ لەسەر ئەم چەمکە ڕاوەستاوە و تەنیا بە ئازادییەکانی تاک، کۆڵەکەکانی دیموکراسییەت و گەشەسەندن و بەختەوەری سەقامگیر دەبن، بەڵام کاتێک سووتاندن دەبێ بە زمانی حاڵی ئازادی و بانگەشەکردن بۆ تیرۆر لە پێناو دامەزراندنی حوکمی خودا دەبێ بە خواپەرستی، دەبێ پرسیاری ئەوە لە خۆمان بکەین و بڵێین ئەم قوتابییە خراپانە دەبێ بگەڕێنەوە سەر ڕەحلەی مەکتەب با سەرلەنوێ بیر لە خۆیان و خودا و ئازادی و واقیع و ئەدەب بکەنەوە.

بێگومان ئەمە دیمەنێکە لە گەرەلاوژێی گشتی و ئاماژەکانی دەبێ لەژێر سێبەری شکستی پەروەردەی ئەم هەرێمەدا بخوێندرێنەوە.



تێبینی: لێرەدا جێی باسی ئەوە نەبووەوە کە دەزگاکان چ مامەڵەیەکی ناشیرین و نایاسایی لەگەڵ نووسەراندا دەکەن.