ئۆپێرایەک لە بەرە بەیاندا

ڕەخنەی چاودێر 16/07/2019

ئۆپێرایەک لە بەرە بەیاندا

شەنگار سابیر

 

لە ریواقە چۆڵەکانی ئۆپێرایەکی دێریندا

لەو ریواقە چۆڵانەی زیاتر لە

لەریواقی جەھەنەمێک

دەکات تا ئۆپێرایەک

لەبەردەم پەنجەرەیەک دەوەستین

کە ناتوانێت

مرۆڤی ئەم سەردەمە پیشان بداتەوە

جگە لە وێنەی ئەو سەردەمە غەمگینانەی ھێشتا مرۆڤ لەت و پەت نەبوو،

ئیدی وێنەیەکی تری پێنەبوو

نەیدەتوانی خۆمان نیشان بداتەوە

ئاوێنەیەک بوو لە ئایدیاڵی خۆیدا بە جێ مابوو

میوانەکانی ئەم بەرەبەیانە نامۆن

وەک ھەمیشە بە ئێمە غەریبەن

دێن و لەبەرچاوی ئێمەدا دەست لە شەرەفی یادەوەریان دەدەن

لەبەر چاوی ئێمەدا تێک دەئاڵێن

لەبەر دەمماندا دەوەستن و

وەک ئەوەی نھێنیەکی گرنگمان پێبڵێن،

باسی ئەوە دەکەن کە ئێوە

کۆتا نەوەی گەمژەکانن

پێمان دەڵێن ئێوە لە مێژە بیر ھەموو کەس چونەتەوە

ئێوەش لە مێژە ناوی یاران و نەیارانتان بیر نەماوە

ئۆپێراکە خەریکە دەستپێدەکات

ھەموومان ھەستدەکەین

مۆسیقای ئەم بەیانیە

وەک ھەموو بەیانیەکانیتر نامۆیە

دەنگی << پیانۆ>>کە وەک ئەوەی مردن بیژەنێت

دەیخستینە سەر سەمایەکی ڕەش

تا سەمامان

بە ئاوازی مەرگ بکردایە

زیاتر بێ ھۆش دەبووین

تا زیاتر بە ڕووتی یەکترمان بینی با

زیاتر پرسیارمان دەربارەی جیھان لا دروست دەبوو.

سەمامان دەکرد و وەک شێت

دەمان قیژاند

دوو کچی شەرمن کە بەدزی خۆیانەوە سەمایان دەکرد

بە دزی خۆشیانەوە لەناو یەکدا وندەبوون

لێوەکانیان پڕبوو لە ترس دەربارەی

جیھانی دوای ئەم ماچە،

دەمان بینی و بەلەرزینی دەستیاندا دەمان خوێندەوە،

سەردەمێک بە ھەموو ئاڵۆشی خۆیەوە بەڕێوەیە.

ئێمە ھەموو چیرۆکەکانمان دەبینی

دەستپێکی ھەر یاریەکی نوێ دەزانین،

ئێمە خۆمان

نوسەری چیرۆکەکانی خۆمانین

مۆسیقاکە تا نا کۆتا کۆتاییەکانی خۆی دوبارە دەکاتەوە و

ئێمەش وەک شێت سەما دەکەین

بەبێدەنگی لەیەک دەڕوانین و تا ئەو پەڕی بێباکی ژیان تاقی دەکەینەوە

تا دوا سنورەکانی گومان دەڕۆین و ئاوات بۆ مردن دەخوازین و دەڵێین: با بمرین،

ئێمە مەرگ تاقی دەکەینەوە،

وەک قاژو دەمانەوێت بفڕین و دەقیڕێنین ،

ئێمە ئیدی زەوینشین نین..

ئاسمان تاقی دەکەینەوە.

ئیمان فڕێ دەدەین و کوفر تاقی دەکەینەوە،

ئێمە بۆ گەردونێکی چۆڵتر دەگەڕێین لەم مۆسیقایەدا،

مرۆڤ بە جێ دەھێڵین و شتێکی تر دەژین، مەخلوقێکیتر تاقی دەکەینەوە.