لە قاهیرە مۆزەی نەجیب مەحفووز دەکرێتەوە
ڕەخنەی چاودێر
پاش تێپەڕینی ١٣ ساڵ بەسەر مردنی نەجیب مەحفووز نووسەری ناوداری میسری و
یەکەم نووسەری عەرەبی براوەی خەڵاتی ئەدەبیی نۆبێل، لە شاری قاهیرە مۆزەیەکی بە
ناوەوە دەکرێتەوە.
یۆرۆنیووز بڵاوی کردەوە: "مۆزەخانەی نەجیب مەحفووز و ناوەندی
داهێنان" ناوی شوێنەکەیە و کۆی ناوەڕۆکی کتێبخانەکەی نووسەر لە خۆ دەگرێت.
ساڵانێکە هەوڵی بەمۆزەکردنی ئەم خانووە دەدرێت کە مێژووەکەی بۆ ساڵی ١٧٧٤
دەگەڕێتەوە، بەڵام بە هۆی کێشەی دارایی و هۆکاری دیکەوە سەری نەدەگرت.
ئیناس عەبدولدایم وەزیری ڕۆشنبیریی میسر لە مەراسیمی کردنەوەی مۆزەکەدا
گوتی: "هیوادارم ئەم شوێنە ببێتە ناوەندێکی گرنگی فەرهەنگی و سەرنجڕاکێشی
گەشتیاری."
ئەم باڵاخانە دوونهۆمییە لە نزیک ناوچەیەکدا، کە مەحفووز تێیدا لە دایک
بووە و سرووشبەخشی زۆرێک لە چیرۆک و ڕۆمانەکانیەتی، هەڵکەوتووە.
ئەوەی "مۆزەی نەجیب مەحفووز و ناوەندی داهێنان" لە خۆی دەگرێت،
بریتییە لە: یادداشت و شتە شەخسییەکانی، هۆڵێکی گەورە کە تێکڕای بەرهەمەکانی
نووسەر- کە هەڵگری دەستننووس و کۆپییە کۆنەکانی نووسینەکانیەتی- لە خۆ دەگرێت، چەندین
هۆڵی سیمینار، کتێبخانەکەی و هەروەها کتێبخانەیەکی تایبەتیش کە تێیدا ئەو
لێکۆڵینەوانەی لەسەر بەرهەمەکانی مەحفووز ئەنجام دراون، دانراون.
ئەوەی جێی سەرنجە مەدالیای خەڵاتی ئەدەبیی نۆبێل کە ساڵی ١٩٨٨ بە نووسەر
بەخشراوە، لە مۆزەکەدا نمایش ناکرێت و لە لایەن خانەوادەکەیەوە دەپارێزرێت.
ئوم کەلسووم، کچەکەی نەجیب مەحفووز، کە لە مەراسیمەکەدا ئامادە بوو، پاش
ساڵانێک چاوەڕوانی، خۆشحاڵیی خۆی لەم بارەیەوە دەربڕی.
نەجیب مەحفووز یەکێکە لە نێودارترین نووسەرانی عەرەب و چەندین کتێبیشی بۆ
زمانی کوردی وەرگێڕدراون. "سواڵکەر"، "تاوان"، "سێیینەی
قاهیرە"، "ڕێ"، "گاڵتەی چارەنووس"، میسری کۆن"،
"دڵدارەکەی فیرعەون"، "منداڵانی گەڕەک"، "حیکایەتی ڕۆژ و
شەو" و "بەرەبەیانی گوڵی سوور" لە بەرهەمەکانی ئەون.