مەلا بەختیار لەچاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا، چەند پرسێکی گرنگ دەوروژێنێت

ڕاپۆرت 16/07/2019

مەلا بەختیار:

هاوكاری دیموكراسی لەنێوان بەشەكانی كوردستان بەڕاست دەزانم

"دەبێ‌ پێداگیریی بكەین بۆ چۆنێتی جێبەجێكردنی مادەی (140)، چونكە پۆست رزگارمان ناكات"

"دڵم‌و ویژدانم، لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاشە لەزیندان"


روكین هاتون، كچە رۆژنامەنوس لەبەشی توركی سایتی باسنیوز، گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانی لەگەڵ مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی ئەنجامداوەو ئەمەی خوارەوەش دەقی كوردیی چاوپێكەوتنەكەیە.


*كاك بەختیار، لەناو سیاسەتی كورددا پێگەیەكی گرنگی هەیە، لەناو شۆڕشی نەتەوەی كورد‌و كوردستاندا جێگەیەكی دیارو كاریگەری هەبووە. تێڕوانینەكانی ئەو بۆ ئێمە زۆر گرنگە‌و بەتایبەت بۆ كوردستانی باكور، كە وەك كەسایەتییەكی سیاسی، هەم عەسكەری‌و هەم رۆشنگەرو رۆشنبیر ناسراوە، بۆیە هەر لەو روانگەیەوە ئەم هەڤپەیڤینە دەكەین..
بەرلەوەی بێم بۆ دیدارەكەش، لێكۆڵینەوەم لەبارەی ئێوەوە كرد، بەتایبەت كە مێژووی ئێوە، بۆ مێژووی نەتەوەی كوردستان، زۆر گرنگە چونكە لەیەك كاتدا هەم لەناو حزبدا كە سایەتییەكی خاوەن پلەو پایەن، هەم وەك كەسایەتییەكی سەربەخۆش لەدەرەوەی حزب، پێگەو كاریگەریتان دیارە‌و رۆڵی خۆتان گێڕاوە. دەمەوێ‌ بپرسم ئەو سەركەوتنە لەكوێوە هاتووە؟

-سوپاستان دەكەم بۆ چاوپێكەوتنەكە.. سەبارەت بەپێگەكەشم لەناو بزوتنەوەی كورد، هێشتا خۆم بەپێشمەرگەی كوردستان دەزانم‌و شانازیش دەكەم كە بەتەنها لەناو ئەم شۆڕشەدا، شۆڕشی نوێ‌ (15) ساڵ‌و لەشۆڕشی ئەیلولیش دوو ساڵ پێشمەرگە بوم.
ئەركەكانی دروستكردنی ئەزمونی دیموكراسی لەباشوری كوردستان، هەر بەڕۆحی پێشمەرگە لەلای من دەبێ‌ ئەنجامبدرێت. بۆیە من توانیومە لەناوەوەو دەرەوەی حزبەكەی خۆم، متمانەیەكەم هەبێ‌؟ بەكورتی ئەزمون وای لێكردوم.


*دەمەوێ‌ لەسەر باشوری كوردستان پرسیار بكەم. لەوكاتەوەی تێكۆشان دەستیپێكردووە كە مێژوویەكی دروودرێژە، لەناو كورددا یەكێتی نەتەوەیی دروست نابێت! یان زمانێكی یەكگرتوو دروست نابێ، ئایا كێشەكە چییە؟
-یەكێتی نەتەوەیی كورد لەشیعرو ئەدەبدا دروستبووە‌و ئەمەش پەیوەندی بەهەست‌و بەشعورەوە هەیە. بەڵام یەكێتی نەتەوەیی كورد، وەكو ئۆرۆپا، ژێرخانی ئابوریی‌و ئابوری سەربەخۆمان نەبووە هەتا گۆڕانكاری گەورە بەرەو یەكبوونی نەتەوەیی‌و دەوڵەتی نەتەوەیمان بەرێت. 
لەڕووی سیاسییەوە دروشمی یەكێتی نەتەوەیمان بەهێزە، بەڵام لەبنەماوە فاكتەرەكانی یەكخستنی نەتەوەی كورد، جارێ‌ لاوازە! واتا یەكنەخستنی نەتەوەی كورد، وتاری یەكنەخراوی كورد، لەلایەن من بابەتییە، خۆیی نییە! واتا هۆیەكانی بابەتین وەكو ئابوری، داگیرو دابەشكردنی كوردستان، كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كەجارێ‌ رێنیسانس، رۆشنگەری، مۆدێرنەتەی نەدیوەو جارێ‌ لەهەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، سیستەمی راستەقینەی یەك دەوڵەتی دیموكراسیش نییە. ئەم دەوڵەتانەش كە هەیە لەسەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی ئیسلامەوە، زۆریان دەوڵەتن هەتا ئێستا، بەڵام نەیتوانیوە دیموكراسی دروست بكات، ئێمە چۆن بتوانین سیستەمێكی دیموكراسی‌و یەكێتییەكی نەتەوەیی‌و گۆڕانكارییە گەورەكان بەدیبهێنین.


*دیسان بۆ چوارپارچەی كوردستان، باشوری كوردستان زۆر گرنگە، لەئاستی نێونەتەوەیدا ستاتۆیەكی وەرگرتووە. بەبڕوای ئێوە ئەو ستاتۆیەی باشوری كوردستان، دەبێتە مۆدێل بۆ هەر چوارپارچەی كوردستان؟
-هەر بەشێكی كوردستان تایبەتمەندێتی خۆی هەیە، كۆپیكردنی ئەزمونی بەشێك لەبەشێكی تر هەڵەیەكی گەورەیەو! سەپاندنی ئایدۆلۆجییەت‌و رێبازی كوردایەتی لەبەشێكەوە بۆ بەشێكی تر، دیسان هەڵەیەكی زۆر گەورەیە! ئێمە تا ئەم قۆناغەو بەدیتنی من بۆ چەند ساڵی ئاییندەش، تەنها هاوكاری دیموكراسی لەنێوان بەشەكانی كوردستان بەڕاست دەزانم.


*دەمەوێ‌ پرسیارێكی ترم سەبارەت بەناوچە دابڕێندراوەكان بێ‌، بۆ نمونە خانەقین، كەركوك، ئایا كێشەكان چین؟ چارەسەرەكان چین‌و چۆن دەبن؟ چونكە خەڵكی ئەو ناوچانە رووبەڕووی توندوتیژییەكی زۆر دەبنەوە؟
-كێشەی گەورە ئەوەیە، دەوڵەتی عیراق ئامادەنییە مادەی (140) جێبەجێ‌ بكات‌و یاری بەكات دەكات‌و خۆی دەدزێتەوە لەپابەندبوون بەسەروەری یاسا‌و بە سەروەری دەستوریش. چونكە ئەوان دەستور بەمینۆی ریستۆرانت تێدەگەن! بەئارەزووی خۆیان و ئەوەی دەیانەوێت هەڵیدەبژێرن. لەكاتێكدا دەستور مینۆ نییە! بەڵكو دەستور، گەلپەسەندەو لەڕیفراندۆمیشدا قبوڵكراوەو دەبێ‌ هەموو  بەندو مادەكانی دەستور جێبەجێ‌  بكرێن. ئەمەش كێشەیەكی سەرەكییە‌و پاشان كوردیش خۆی لەدانوستاندن لەگەڵ دەوڵەتی عیراق، لەساڵانی (2004 و 2005)ەوە هەڵەی گەورەی كردووەو بەداخەوە نەیتوانیوە زیاتر لەچواردە بۆ پانزە ساڵ لەگفتوگۆ تائێستا وا لەدەوڵەتی عیراق بكەن، كە بەشێكی مادەی (140) وا جێبەجێ‌ بكرێت، كە دەوڵەتی عیراق نەتوانێ‌ پاشەكشە بكات لەمادەیەكی دەستوری. باوەڕموایە ئەگەر هێزە كوردستانییەكان ئاوا ببینین، پەیوەندی بەغدادو هەرێم هەروا بمێنێ‌، بەمشێوەیە دانوستاندن لەسەر مادەی (140) لەبەرژەوەندی بەغدادە، نەك لەبەرژەوەندی كوردو ئەم ناوچانەش دۆخەكە ئەگەر هەر وا بڕوات، ئەوا هێشتا هەر لەژێر فەرمانڕەوایی عەسكەری بەغداد دەمێننەوە!.    


*ئەی چۆن چارەسەر دەكرێت؟
-چارەسەر ئەمەیە كە ستراتیجی دانوستاندنمان لەگەڵ بەغداد بكەین بە چارەسەرێكی گشتگیر. چونكە ناكرێ‌ كورد بچینە بەغداد‌و بڵێین: چەند وەزیرمان دەدەنێ‌، جێگری سەرۆك وەزیران‌و سەرۆك كۆمار كێیە؟ لەكاتێكدا میللەتی ئێمە بەوە رزگارمان نابێ‌، كێ‌ لەبەغداد پۆستی هەیە. بەڵكو میللەتی ئێمە لەكەركوك، خانەقین، شەنگال، مەخمورو دوزخورماتوو و لەداقوق بەوە رزگار دەبێ‌، كە پێداگیر بكەین بۆ چۆنێتی جێبەجێكردنی مادەی (140)، پۆست رزگارمان ناكات.


*دەمێ‌ سەدام چ توندوتیژییەكی بەرامبەر بە كورد كردووە، ئێستاش شیعە‌و عەرەب هەمان كار دەكەن؟ ئەمە چۆن روودەدات!
-جیاوازە. سەدام بەئەقڵییەتێكی شۆڤێنی فاشی دەیكرد. شیعە بەئەقڵیەتێكی مەزهەبی‌و تائیفی دەیكەن. ئەمەش دوو شتی جیاوازە. بۆ وایە لەبەغداد، هەموو حكومەتەكان دەگۆڕێ‌، بەڵام سیاسەتیان‌و جەوهەرەكەی بەرامبەر بەكورد ناگۆڕێت؟ لەبەرئەوەی عەرەبیش گۆڕانكاری گەورەی بەدینەهێناوەو لەناو عەرەبیشدا دیموكراسی نییە! ئەگەر دیموكراسیش نەبێ‌، ئیدی مافی دیموكراسی چۆن دەبێت؟


*شۆڕشی رۆژئاوا، لەجیهاندا جێگەیەكی باشی گرت. بەتایبەتی لەشەڕو رووبەڕووبونەوەی داعش‌و ئەمەش كاریگەرییەكی گەورەی نێونەتەوەیی هەبوو، باوەڕو قسەی ئێوە لەسەر شۆڕشی رۆژئاوا چییە؟
-دۆخی رۆژئاوای كوردستان جیاوازترە لەدۆخی هەموو بەشەكانی تری كوردستان. كەمترین بەشی كوردستان‌و نەتەوەی كورد لەرۆژئاوایە، پێگەی جوگرافی رۆژئاواش، سێ‌ دەورە دراوە بەتورك‌و عەرەب، بۆیە ئێمە جیاوازین لەگەڵ رۆژئاواو لەباشور دوو بەقەدەر رۆژئاوا، خەڵك لەباشوری كوردستان هەیە، ئەمە یەك.
دووەم، لەرۆژئاوای كوردستاندا، ستراتیج تائێستا، بیركردنەوە لەچارەسەری بنچینەیی تا ئێستا، بەخوێندنەوەی منیش لەچوارچێوەی سوریادا دەبێت. ناتوانین بڵێن ئەڵتەرناتیڤێكی ترمان هەیە تا ئێستا. حكومەتی ئێستای سوریا دەمێنێ‌، كۆنگرەی جنێف‌و ئەستانەو نێودەوڵەتییەكان هەموویان لەگەڵ مانەوەی حكومەتەكەن، دەوڵەتە گەورەكانی دنیا، روسیا هەموو هێزی خۆی لەگەڵ سوریا خستۆتە كار‌و ئەمریكاش نایەوێ‌ حكومەتی ئێستای سوریا بڕوخێت! كەواتە لەم حاڵەتەدا كورد چیدەكات؟ كوردیش دەبێ‌ لەچوارچێوەی چارەسەری مافە دیموكراسییەكان‌و دەستورییەكانی سوریادا بیر لەمافەكانی خۆی بكاتەوە. لەبەرئەوە بەرزكردنەوەی دروشمی نەتەوەیی لەناو سوریادا جێگەی نابێتەوە. بۆیە لەم پرۆسەیە سیاسییەی سوریا، هەتا دروشمی نەتەوەیی‌و كوردایەتی لەسوریا بەرز بكەیتەوە، بێگومان ناتوانین ئامانجەكانمان بەدیبهێنین! بەڵام لەچوارچێوەی گۆڕانكاری لەدەستوری سوریا‌و گۆڕانكاری دیموكراسی لەسوریا، رەنگە بەشێك لەمافی دیموكراسی‌و نەتەوەیی لەڕۆژئاوا بەدیبهێنرێت.


*ئەگەر هەرێمێكی سەربەخۆ، یان دیفاكتۆكان لەسوریا دروستبكرێت‌و ئەمریكا هاوكار بێت، بەڵام توركیا رێگە نادات!
-بەڵی دیفاكتۆ هەیە، بەڵام بۆ كاری ئەمنی‌و ئاسایش دژی داعش، نەك دیفاكتۆ بۆ مافی چارەنوس لەلایەن ئەمریكاوە!
*مانگێكە لەباشوری كوردستان ئۆپەراسیۆنێك دەستیپێكردووە، پەكەكەش بەشێكی عەسكەری دروستكردووە، بەناوی هێزی باشوری كوردستان، ئێوە ئەمە چۆن دەبینن‌و كاریگەری لەسەر باشوری كوردستان چییە و چۆنە؟
-یەكەم: ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەكەی حكومەتی توركیا بەرامبەر بەگەریلا چییە؟  لەكوێ‌ توانیوێتی شەڕێكی بەرەیی فراوان كۆتایی پێبهێنێت؟ لەكوێ‌ توانیوێتی سەدان گەریلا بە دیل بگرێت؟ لەكوێ‌ توانیوێتی زۆربەی بارەگاكانی پەكەكە بگرێت؟ لەهیچ شوێنێ ئەمانەمان نەبیستووە، كەوابێ‌ تائێستا ئەوە دوو مانگ زیاترە ئەم هێرشە هەیە، سەركەوتنی ستراتیجی، هەتا سەركەوتنێكی تەكتیكی عەسكەری گەورە لەم شەڕەدا بۆ توركیا و وەكو دەوڵەتی توركیا، بەدینەهاتووە. 
ئەنجامەكەشی لەلای من وایە، كە دەوڵەتی توركیا، ئەم هێرشەشی وەكو هەموو هێرشەكانی تر لەمێژوودا‌و لەدوو سەد ساڵی رابردوودا، ناتوانێ‌ كێشەكانی كورد لەناو ببات. ئەم هێرشە لەساڵی (19984)ەوە بەرامبەر پەكەكە هەیە كە دەكاتە (35) ساڵ، ئەگەر بە(35)ساڵ هێزێكی چەكدار لەناونەبرێت، لەكاتێكدا كە لەو سەردەمەدا پەكەكە زۆر لاواز بوو، لەناو نەچوو. بەڵام ئێستا كە هێزێكی بەئەزموونە، توانای زۆرترە، پشتیوانی لەدەرەوە زیاترە، رۆژئاوای كوردستان لەو لاوە هەیە‌و بۆ ئەو باشە، ئێمەش لەباشوری كوردستان شەڕمان نەماوە لەگەڵیدا، ئێران شەڕی پەكەكە ناكات، سوریا شەڕی پەكەكە ناكات، كەوابێ‌ لەناوبردنی پەكەكە لەدوای (35) ساڵ لەئەزمونی عەسكەری، وەكو خەیاڵ وایە بۆ دەوڵەتی توركیا! چی باشە؟ ئاشتی‌و دانوستاندن باشە، چارەسەری سیاسی باشترە. 
سەبارەت بەوەشی كە هێز بۆ باشوری كوردستان دروست دەبێت، من لەگەڵ دروستكردنی هیچ ئەلتەرناتیڤێك نیم بۆ هیچ بەشێكی كوردستان، نە عەسكەری نە سیاسی و نە حزبی.


*سیاسەتی باكور چۆن دەبینن؟ بەتایبەت كە لەچەند مانگی رابردوودا، هەڵبژاردن دووبارە كرایەوەو كوردەكان لەئەستەنبوڵ‌و لەستراتیژیی خۆیاندا، دەنگێكی گەورەن، لەناو سیاسەتی توركیاشدا، دەنگێك گەورە؟
-بۆ یەكەمینجارە هەستدەكەم لەباكور، هەدەپە باشتر بەئەقڵێكی ستراتیجی سیاسەت دەكات. چونكە باش باش چاودێری سیاسەتی هەدەپە دەكەم. ئەگەر كاتی خۆی هەدەپە ئەقڵێكی ستراتیژی هەبوایە، ئەوكاتەی (80) كورسیان هێنا دەچوونە حكومەت. بەڵام بەداخەوە ئەقڵێكی تەكتیكیان نەبوو، بۆیە ئێستا بۆ یەكەمینجارە ئەقڵێكی ستراتیجیان بۆ چۆنێتی پێشخستنی خەباتی دیموكراسی لەسەر ئاستی توركیا، هەیە. بۆیە ئەم هەڵبژاردنە لەئەستەنبوڵ، ئەنقەرە، ئزمیرو ..تد كارێكی زۆر باشیان كرد كە ئەو رێبازەیان گرتەبەر.


*سەڵاحەدین دەمیرتاش وەكو رێبەری ئەو سیاسەتەی توركیا چۆن دەبینن؟
-سەڵاحەدین دەمیرتاش دۆستی ئازیزی منە. باوەڕناكەم لەباشوری كوردستان كەسێك هەبێ‌ لەمن زیاتر دۆستی دەمیرتاش بێت‌و شانازیشی پێوە دەكەم. كاتێك (80) كورسییەكەیان هێنا پێموت: سەڵاحەدین یان دەچیتە زیندان، یان بچۆرە حكومەت! یەكێكیان هەڵبژێرە، ئەگەر چویتە زیندانیش ئێمە دڵمان لەگەڵتە. بۆیە ئێساش دەڵێم دڵم‌و ویژدانم لەزیندان لەگەڵیدایەو هەر دەشبێ‌ ئازاد ببێت.


*پێمخۆشە پرسیار لەسەر چوار پارچەی كوردستان بكەم. كاتێك تەماشا دەكەیت دەوڵەتی توركیا، ئەوەی بەزمانی توركی قسە دەكات، ئەگەر كێشەیەك دروست ببێت هەموو بەدەین بەیەك! بەڵام كوردستان چوارپارچەیە، یەك زمان پەیدا نابێ‌! بۆیە كورد دەبێ‌ چیبكات بۆ ئەوەی ئەو یەك زمانییە دروست ببێت؟
-بەبڕوای من دەوڵەتەكان كاتێك بەرامبەر بەكێشەیەك دەبن بەیەك لەترسەوەیە، نەك لەئازایەتییەوە. ئەمەش واتا لەدوا قۆناغی سیاسەتی نەتەوەپەرستی‌و نەبونی دیموكراسی دەوڵەتی تورك‌و عەرەب‌و فارسداین! ئەم سیاسەتە لەسەردەمی جیهانگیریدا ناخوات. واتا سیاسەتی شۆڤێنی نەتەوەیی‌و پێشێلی دیموكراسی ناخوات، بۆیە ئیستا بەرامبەر بەبچوكترین كێشە یەك دەگرن. چونكە ئەگەر یەك نەگرن، دۆخی ئەوان خراپترە لەدۆخی كورد! ئێستا توركیا چەند هەزار زیندانی هەیە؟ كێشەی ئابوریی چەندە؟ لیرەی توركی چەند شكاوە؟ بە بەردەوامی هەموو رۆژێك لەتوركیا خەڵك دەخرێتە زیندانەوە، خەڵكی سیاسی‌و ئۆپۆزسیۆن نەك تاوانبار! هەروەها توركیا لەگەڵ ئەمریكا‌و سوریا‌و یۆنان كێشەی هەیە، لەگەڵ عیراق پەیوەندی ستراتیجی نییە. لەگەڵ روسیاش تائێستا پەیوەندی ستراتیجی نییە، توركیا لەگەڵ دەوڵەتانی دنیا‌و دواجاریش لەسەر كڕینی موشەكی (ئێس 400) ئەمریكا خەریكە گەمارۆ دەخاتە سەر توركیا. ئەگەر ئەمریكا ئەو كارەش بكات، ئەوا ئابوری توركیا لەسەدا حەفتا دەتەپێ‌. بۆیە دەوڵەتێك ئەمە دۆخی بێ‌، ئەوا كاتێك كێشەكان بەرامبەری زیاد دەبن، لەترسا زوو یەكدەگرن. چونكە هۆكارەكانی خراپبوونی حكومەتەكانی ناوچەكە زیادی كردووە. بۆیە زووترو لەترسا یەكدەگرن نەكا لەناوبچن.


*لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و دەوڵەتەكانیدا، خوێندنەوەتان بۆ كورد چۆنە؟ 
-(بەپێكەنینەوە) جارێ‌ با پرسیارەكەمان ئاوابێ‌ كە دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆیان، چۆن خۆیان دەخوێننەوە؟ ئایا ئەو دەوڵەتانە پرسیاریان لەسەر چارەنوسی خۆیان هەیە؟ پرۆژەیان لەسەر چارەنوسی خۆیان هەیە؟ ئایا دەوڵەتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەجیهانگیردا، لەفشارەكانی جیهانگیری، لەئابوری، سیاسەت، كەلتور، ئاسایش، لەدنیای جیهانگیری تێگەیشتون؟ ئایا ستراتیجی ئەم دەوڵەتانەو سیستمەكانیان‌و یاساكانیان گۆڕاوە بۆ ئەوەی لەگەڵ دۆخی گلۆبالیزاسیۆندا یەك بگرن؟ دەبێ‌ ئەم پرسیارانە لەخۆمان بكەین. چونكە ئەگەر ئەمان خۆیان نەگۆڕابن‌و بۆ چارەنوسێكی باشتر خۆیان نەگۆڕێن، چۆن بۆ چارەنوسی كورد دەگۆڕێن. ئەمە یەك.
دووەم: ئێمەش وەكو كورد چیمانكردووە؟ بەداخەوە كورد قەت لەهیچ هەلومەرجێكدا لەمە خراپتر نەبووە، كە ئێستا تیایەتی! بەداخەوە. هیچ نەبێ‌ ئەوان دەوڵەتیان هەیەو لەنەتەوە یەكگرتووەكانن‌و..تد.


*كورد چی بكات بۆ ئەوەی ئەو یەك زمانییە پەیدا بكەن؟
-كورد دەبێ‌ ئەقڵی حزبایەتی تەسك كەمبكەینەوەو گیانی دیموكراسی زیاد بكەین.


*ئەوەش پەیوەندی بەوەوە هەیە، حزب‌و پارتەكان زۆرن!
-پارتەكان زۆرن، بەڵام هەمیشە لەمێژوودا دووان لەپارتەكان داینەمۆن. بۆیە دەبێ‌ داینەمۆكانی بزوتنەوەی كورد، لەخۆبردووبن‌و ئەقڵی تەسكی حزبایەتی كەمبكەنەوە. حزب زۆرە ئاساییە، بەڵام ئەوان ناتوانن چارەنوسی نەتەوەی كورد دیاری بكەن.


*ئەم پرسیارەم سەبارەت بەباشوری كوردستان‌و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتە بەسەرۆكایەتی مەسروو بارزانی، ئایا تێڕوانینی ئێوە چییەو چۆنە؟
-زۆرم پێناخۆشە پێكهێنانی حكومەتی هەرێم دواكەوت. لەو باوەڕەدام تا ناوەڕاستی ئەم مانگە ئەو حكومەتە پێكدێت‌و ئومێدەوارم حزبەكەی خۆشم كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، هەڵەكانی خۆی لەرابردوو بزانێت بۆ ئەوەی بڕیاری ریاڵی بدات بۆ بەشداریكردن لەحكومەت.


*دەوترێت كۆنگرەی یەكێتی ببەسترێت، ئەو ئاڵۆزییانە چارەسەر دەبن! رای ئێوە چییە؟
-تائێستا لەسەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی یەكێتی بڕیاری كاتی بەستنی كۆنگرە نەدراوە، بەڵام ئەنجومەنی ناوەند داوایان كردووە تا مانگی یانزە كۆنگرە ببەسترێت‌و ئێستاش لە سەدا نەوەد زیاتری كادری یەكێتی داوای كۆنگرە دەكەن. كۆمسیۆنی باڵای عیراقیش بڕیاریان داوە، ئەگەر لایەنەكان كۆنگرە نەبەستن، ناهێڵن بەشداری هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عیراق بكات!


*ئەم پرسیارەش لەبارەی كوردستانی باشورە، كە چۆن پێشبكەوێت؟
-دیموكراسی زیاد بكەین، چاودێریكردنی بازاڕ زیاد بكەین‌و گەندەڵ سزا بدەین‌و داهاتی كوردستان بخەینە خزمەتی خەڵك چارەسەر دەبێت.