مەلا بەختیار: شێخ مەحمود، ئامادەنەبووە بێ‌ كەركوك‌و خانەقین حاكمی كوردستان بێت

ڕاپۆرت 14/07/2019


لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، خوێندكارە یەكەم‌و دووەمەكانی خانەقینی خەڵاتكرد



مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، رۆژی (13/7/2019) مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، بەئامادەبوونی مامۆستا موحسن عەلی ئەكبەر، لێپرسراو و جێگری مەڵبەندی خانەقین، پێشوازی لەمامۆستایان‌و خوێندكارە یەكەم‌و دووەم‌و سەركەوتووەكانی خانەقین كردو وێڕای پیرۆزبایی بەدەستهێنانی پلە سەركەوتووەكانیان، خەڵاتیكردن‌و لەوتەیەكیشدا، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: 
خانەقین، لەژێر فشاری دوو بارودۆخی خراپدایە، ئەویش یەكەم: حكومەتێكی عەسكەری، نەخوازراو لەشارەكەدا هەیەو ئەو سیاسەتەی لەدوای حەڤدەی ئۆكتۆبەر لەخانەقین بەدواوە سەپێنراوە،. كە سیاسەتێكی نەخوازراوەو چاوەڕێمان دەكرد لەدوای سیانزە ساڵ لەروخانی سەدام، مادەی (140) جێبەجێ‌ ببێت، چونكە لە(95%) زیاتری خەڵكی شارەكە داوای ئەوەدەكەن خانەقین بخرێتەوە سەر كوردستان. بۆیە چاوەڕێمان دەكرد حكومەتی عیراقی پابەند بێت بەدەستورەوەو گوێ‌ لەخەڵكی خانەقین‌و شارەكانی تری مادەی (140)یش بگرێت. بەڵام بەداخەوە دەركەوت حكومەت راستگۆ نییە لەجێبەجێكردنی مادەی (140)‌و وتی: 
گریمان حكومەتی عیراقی لەحكومی یەكێتی‌و حكومەتی هەرێم لەناوچە كێشەكان رازیی نەبووە لەپێش شانزەو حەڤدەی ئۆكتۆبەر! گریشمان حكومەتەكانی عیراق، هەر لەحكومەتەكەی عەلاوییەوە تا حكومەتەكانی دواتر‌و تا حكومەتی عەبادی‌و ئەم حكومەتەش لەسیاسەتی ئێمە رازی نین! بەڵام فەرموو با خۆیان مادەی (140) جێبەجێ‌ بكەن! 
بەتایبەت كە ئیستا كەركوك، خانەقین، مەندەلی، شەنگار، مەخمور، دوو خورماتوو، داقوق، جەلەولا، سەعدیە، قەرەتەپە، جەبارە لەڕووی عەسكەرییەوە لەدەستی ئەواندایە، بۆ ئەوان لەئێمە باشتر حوكمڕانی ناكەن؟ خزمەت ناكەن؟ خەڵك رازی ناكەن؟ ئەمن‌و ئاسیاشی خەڵك دابین ناكەن‌و؟ بودجەی زیاتر بۆ ئەم ناوچانە دابین ناكەن‌و؟ نایسەلمێنن ئەوان دەتوانن دەستور جێبەجێ‌ بكەن، فەرموو بابیسەلمێنن!. 
وتیشی: نەخێر، دەركەوت لەهەموو بارێكەوە پێش شانزەی ئۆكتۆبەر، ئێمە باشتر ئەم ناوچانەمان بەڕێوەبردووە، ئەگەرچی كەموكوڕیشمان هەبووە. دەریشكەوت لەرووی سیاسی، ئابوری، ئیداریی، ئاسایش‌و تەنانەت سایكلۆجییەوە، خەڵكی ئەو ناوچانە بەئێمە ئاسودەتر بوون‌و توانیوێتی بوژانەوەیەكی گەورەتر بەدبیهێنن‌و فەرموو ئەوە خانەقین‌و با لێكۆڵێنەوە لەوبارەیەوە لەپێش شانزەو لەدوای شانزەی ئۆكتۆبەریش بكەن. 
لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، راشیگەیاند: بەڵام بەپێچەوانەوە، ئەوان سەلماندیان هەم لەسەردەمی ئێمەو هەم لەسەردەمی خۆشیاندا، نایانەوێ‌ دەستور جێبەجێ‌ بكەن! ئەگەرچی دەستور جێبەجێ‌ نەكردن، لێپرسراوێتی مێژوییە نەك تەنها لێپرسراوێتی رۆژ‌و هەڵوێست‌و سیاسەتی چارەنوسسازیش لەسەر جێبەجێنەكردنی وەردەگیرێت. ئەمڕۆنا بەیانی، دوو بەیانی، دوو ساڵی تر، چونكە ئەمە پرسێكی گەورەو گرانەو وتیشی: شێخ مەحمود لەسەر خانەقین و كەركوك، ئامادەنەبووە حاكمی كوردستانی بێ‌ كەركوك‌و خانەقین بێت!
شۆڕشی ئەیلول‌و مەلا مستەفا، ئامادەنەبوون بەیاننامەی یانزەی ئازار بگەیەننە بەبێ‌ خانەقین‌و كەركوك‌و ناوچەكانی تر رێككەوتن.. لەساڵی (1984)یشدا شۆڕشی نوێ‌‌و یەكێتی، كە بەندە ئەندامی وەفدی دانوستاندن بووین لەگەڵ رژێمی عیراق، سەدام نیوەی كەركوكی داینێ‌، خانەقین‌و ئاكرێشی داینێ‌،  بەڵام هێشتا ئامادەنەبووین رێككەوتن بەبێ‌ نیوەكەی تری كەركوك ئیمزا بكەین. چونكە بەدرێژایی مێژووی سەردەمی شێخ مەحمود هەتا ئێستا شەڕ لەسەر ئەم ناوچانە بووە‌و ئەم كێشانە هەر هەبووەو لەدوای روخانی سەدامیش، مادەی (140) بووە بەكۆدی چارەسەركردنی كێشەكان‌و ئەم كۆدەش، حكومەتی عیراق پاسۆردەكەی ونبكات، بێگومان كێشەكە جارێكی تر دەقێتەوەو لایەنیكەم، باردۆخی كوردستان و بەغداد لەسەر ئەم ناوچانە بەهەڵواسراوی دەمێنێتەوە، چونكە ئەم پرسە یەكێكە لەكێشەكانی میللەتەكەمان‌و ئەو ناوچانە‌و ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە كە خوێندكارەكانمان لەو ناوچانەدا لەژێر فشاردان، فشاری سیاسی، دەرونی، یاسایی‌و كاریگەری لەسەر باری دەرونی مامۆستا‌و سیستەمی پەروەردە‌و تەنانەت كاریگەری لەسەر چۆنێتی بیركردنەوەی خوێندكارەكانمان هەیە. كە هەموویان ئازیزی ئێمەن‌و دەیانەوێ‌ بە بارێكی دەرونی ئاسودەوە كۆشش بكەن‌و بگەنجە ئامانجەكانیان.
مەلا بەختیار، لەخاڵی دووەمیشیدا، جەختیكردەوە: خانەقین بۆخۆی شارێكی  زوڵم لێكراوە‌و (30) ساڵ ئەو شارە لەژێر بەدبەختی و زوڵم‌و زۆردا بووە، ئەگەرچی تەعریب‌و تەبعیسیش كراوە، بەڵام وەك مێژوو باوەڕموایە لەفتوحاتی ئیسلامییەوە تەعریب هەیە‌و سەد بەڵگەش هەیەو چەندین دكتۆرا لە لەندەن، لەكوردستان، هەولێرو سلێمانی بەدەستهاتووە‌و دەیسەلمێنێ‌ لەدوای فتوحات، لەسەردەمی عەباسییەكان، ئومەوییەكان، عوسمانییەكان، صەفەوییەكان، تەعریب، تەبعیس‌و تەتریك بە بەردەوامی لەكوردستاندا هەبووە!
 رونیشیكردەوە: كاتێك فتوحات هاتۆتە كوردستان (55) ئەمارەت لەكوردستاندا هەبووە‌و هەموویان لەناوبردوون. لەكاتێكدا هەر ئەمارەتێك لەدنیادا، بنەمای دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆیە‌و كاتێك ئەمارەت نامێنێ‌ واتە نەتەوەكە لەڕووی سیاسی، ئیدارییەوە دەشكێت‌و ناتوانی دەوڵەت دروستبكات‌و وتی: 
لەسەردەمی بەعسدا (35) ساڵ تەعریب‌و تەبعیس كراوین‌و راگوێزراوین. خێزانەكەی خۆم، دایك‌و باوك‌و حەوت خوشك‌و برام راگوێزراون، كە سیانیان لەسەگلاوییە لەدایكبوون‌و! ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە:
 بەردەوام ئەو دەسەڵاتانە میللەتەكەمانیان هاڕیوەو ئەو هاڕینەش لەماوەی (35) ساڵدا بۆ ئەوەبوو هیچ كوردێك ئومێدی بەخانەقین‌و بەكوردایەتی‌و بەپاشەڕۆژی خۆیی نەمێنێت‌و وتی:
پاشماوەی سیاسی، كۆمەڵایەتی، پەروەردەیی ئەو (35) ساڵی تەعریبە لەكوردستان‌و لەخانەقین هەیە‌و هەمیشە بیرمان لەوەیە: بڵێیت وەكو رابردوومان لێنەكەن‌و بەدبەختمان نەكەن‌و؟ جۆرەها پرسیاری دەرونی كە كاریگەری خراپی لەمێشكی هەموو خەڵكی خانەقیندا هەیە.
مەلا بەختیار، ئەوەشی لێكدایە: لەهەردوو بارەكەدا، كە لەدوای روخانی بەعس ئەم حكومەتانە پابەند نابن بەجێبەجێكردنی دەستور‌و نائومێدی دروستدەكەن لەجێبەجێكردنیدا، هەروەها كۆبوونەوەی سیاسەتی تەعریب‌و تەرحیل، لەپێكهاتەو بونیادی كۆمەڵایەتی، دەرونی، رووناكبیریی‌و نەتەوەیی هەریەكێك لەئێوەدا، رەنگدانەوە دروستدەكات‌و وتی:
لەم حاڵەتەداو ئەو ئاستە لەدەرچونی ئێوە بەپلەی یەكەم‌و دووەم، لەوێژەو زانستیدا، بەڵگەی ئەوەیە چەكی بەرگری رۆڵەكانی ئێمەیە لەخانەقین‌و ناوچەكانی تر‌و باش باش تێگەیشتوون كە چەكی دەست، مەعریفە، ئەقڵ، دڵسۆزیتان بۆ نەتەوەی كورد، بۆ خانەقین، كەركوك‌و ناوچەكانی تر، هاوشانی ئەوەی ئومێدتان بەپێشمەرگە‌و بەسیاسەتە، لەخوێندنگەكانتان، لەپۆل‌و لەسەر كورسییەكانی خوێندن، چەكێكی ترتان بەدەستەوەیە، كە ئەویش چەكی خوێندن‌و فێربوون‌و پەروەردەو دڵسۆزیتانە بۆ ئەوەی پلەی بەرزی دەرچوون بەدەستبهێنن. ئەمەش قۆناغێكی زۆر گرنگە هەم بۆخۆتان، بۆ میللەتەكەتان‌و هەم بۆ شاری خانەقینیش گرنگە‌و ئومێدیشخواست خوێندكارە سەركەوتووەكان، لەسەرجەم پێكهاتەكانی خانەقین، كورد، توركمان، كاكەیی‌و عەرەبیشی تێدابێ‌، چونكە خانەقین بەپێكهاتە جیاوازەكانییەوە جوانە‌و هیچ كاتێك خەڵكی خانەقین دەمارگیری نەتەوەیی نەبووە، بەپێچەوانەوە یەكێك لەشارەكان كە پێشككەوتن‌و رۆشنگەری تێدابووە، لێبوردەیی‌و جوانییەكانی ژیانی كۆمەڵایەتی‌و رووناكبیری تێدابووە، شاری خانەقین بووە.
لەكۆتایی وتەكانیشدا، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی رایگەیاند: ئەم رێژەی دەرچوونەی ئێوە، هاوشانی ئەوەی كە بەرنامەی ستراتیجیمان بۆ شارەكە هەیە‌و لەم رۆژانەشدا بونیادنانی كۆلێجی سێهەم لەشارەكە كۆتاییهات‌و ئومێدەواریشم حكومەتی عیراق، نەك سێ‌ كۆلێژ بەڵكو یەك كۆلێژی ترمان بۆ دروستبكات. ئەگەرچی سەرەڕای ئەو هەموو داهاتە هیچی نەكردووە، بەڵا حكومەتی كوردستان، بەقەرزو قۆڵەو هەوڵەكانی ئێمەش، توانیومانە سێ‌ كۆلێژ‌و چەند پەیمانگەش بونیادبنێین‌و ئەمانەش هەمووی دەستكەوتن بۆئێوەو وتی:
ناڵێم كەموكوڕی نییە، گەندەڵی‌و دزیش نییە، چونكە بەرگری لەگەندەڵ‌و دزی‌و كەموكوڕییەكانیش ناكەم، بەڵكو چارەسەركردنیشی هەر خەمی ئێمەیە‌و خۆشمانی لێنادزینەوە، بەڵام خۆشبەختانە مامۆستایان‌و خوێندكارە ئازیزەكانی خانەقین، بەو دۆخەشی كە هەیە، ئەگەرچی حاڵی لە دووز خورماتوو، داقوق، كەركوك‌و شەنگال باشترە! ئەوەتا ئێوە دێن بۆ سلێمانی‌و شانازی بەنمرەكانتان‌و پەروەردەكەتانەوە دەكەن، بۆ ئەم سەركەوتن‌و پێشكەوتنە گەورانە‌و ئێمەش هەوڵدەدەین بە بەردەوامی ئەم سەنگەرە، سەنگەری پەروەردە، خوێندن‌و گۆڕانكاری پتەو بكەین‌و بڕواش ناكەم هیچ لایەك بەئاسانی بتوانن دەرەقەتمان بێن‌و فێڵمان لێبكرێت، چونكە بەزۆر ناوی جیاجیاوە هەوڵیاندا‌و پێیان نەكرا‌و رایگەیاند: 
هەموو ئەو سیاسەتانەی كە ناهێڵن خانەقین بێتەوە سەر كوردستان، سەرچاوەكەی شۆڤێنییەت‌و ئەقڵی تائیفییە‌و هەموو ئەو سیاسەتانەش لەسەر دەستی دڵسۆزانی خەڵكی خانەقین، شكستیخواردووە‌و خۆشبەختین. بۆیە تەنانەت دەبێ‌ بیر لەوەش بكەینەوە، ئەو غەدرانەی لەساڵانی رابردوو لەشارەكە كراوە، كە داهاتی پەروێزخان‌و مەنزرییە نایات بۆخانەقین‌و مەسەلەی كەرتی نەوت بۆ خانەقین وەكو پێویست نییە، دەبێ‌ ئیتر هیچ كەس نەتوانێ‌ بەئاسانی دەستدرێژی بكاتە سەر مافی ئابوری شارەكە‌و لەئاییندەشدا ئەوەی پێویستە جێبەجێی دەكەین.
هەروەك لەدوا وتەكانیشدا، مەلا بەختیار، جارێكی تر پیرۆزبایی لەهەموو مامۆستایانی بواری پەروەردەی كوردستان‌و تەنانەت عیراقیش لەشارەكە كرد، ئەگەر توانیبێتیان سەركەوتن بەدەستبهێنن‌و وتی: كچان‌و كوڕانی خانەقین، سەربەرز‌و دڵخۆشم پێتان، ئەگەر توانیبێتیشمان خزمەتێك بەهەمووتان بكەین بۆ ئەوەی ئەم پلەیە بەدەستبهێنن، ئەوا منەت نییە‌و ئەركی خۆمان جێبەجێ‌ كردووە. كە یەكەمیان بەرامبەر بەنەتەوەكەمانە‌و دووەمیش بۆماڵی خۆمانە كە خانەقینە‌و خانەقینیش سەربەرزیمانە‌و وەك مەلا بەختیاریش، ئەگەر خانەقینی نەبومایە نەدەبووم بە مەلا بەختیار.
هەر لەدیدارەكەدا‌و لەوتەیەكیدا، مامۆستا موحسن عەلی ئەكبەر، لێپرسراوی مەڵبەندی خانەقین، دەستخۆشی ئاراستەی مامۆستایان‌و پەروەردەی شارەكە كردو خانەقینیشی بەشارێكی بریندار پێناسە كردو وتی: خانەقین زۆر بریندار كراوەو ئێستاش چاوی لەدەستی هەمووتانە، بەتایبەتی نەوەی نوێ‌، ئەوانەی لەخوێندن‌و خوێندەواریدا كۆششدەكەن. چونكە هەڵسانەوەی خانەقین‌و بونیادنانەوەو جوانتركردن‌و بۆئەوەی بیكەین بەنمونە، پێویستی بەتوانا جیاوازەكانە، توانا زانستییەكان، ئیداریی‌و هەموو ئەو بوارانەی كە تیایدا كادری دوارۆژمان پێبگەیەنێت‌و ئەوانیش بتوانن پارێزگاری لەخانەقین بكەن‌و گەشەی پێبدەن‌و رایگەیاند:
خانەقین دەكرێ‌ بكەین بەو بنكەیەی كە سەرجەم، دەوروبەرەكەشی بەخۆیەوە ببەستێتەوە، چونكە قوڵاییەكی بەرفراوانی هەیە، هەم لەكوردستانی رۆژهەڵات‌و هەم لەباشور، بۆیە دەكرێ‌ ببێت بەنمونەیەك كە زۆر بابەتیش لەكوردستاندا راستبكاتەوە. شارەكە بەو رابردووەی هەیبووە، بەو كادرانەی پێشتر هەیبووە، بەكۆی توانای ئەو كادرە جیاوازانەی لەناوخۆیدا هەیبووە، سەباری ئەوەی پێگەیەكی گرنگی لەڕووی گەشەپێدانی ئابورییەوە هەیە، دەكرێت سودی زۆری لێببینین‌و توانای هەمووانیش كاریگەری خۆی هەیە، بۆ ئەو داخوازیانەی كە هەیە یان لەئاییندەدا دێتە پێشەوەو ئەوەش پێویستی بەوەیە هەمومان پێكەوە كاری بۆ بكەین، رۆڵی تێداببینین‌و هاوكاری یەكتربین لە هەر بوارێكدا بۆتان دەرەخسێت‌و گوێ‌ بەئاستەنگ‌و لەمپەرە روكەشەكان مەدەن، چونكە هەموو ئەوانە تێدەپەڕن‌و ئەوەی گرنگە بوونی خۆمانە لەناو شارەكەدا‌و دەتوانین هەرشتێك كە هەیە، بەتوانای هەموومان راستی بكەینەوە‌و ئێوەش ئەو نەوەیەن كە لەئاییندەدا چاومان لەدەستتانە، كە بتوانن سەركردایەتی رەوتی خانەقین بكەن لەڕووی سیاسی، زانستی، ئیداریی، هونەریی‌و وەرزشیشەوە‌و ئومێدی ئێمەو داهاتووی میللەتەكەشمانن.
دوابەدوای وتەكانیشیان، لێپسراوی دەستەی كارگێڕیی دیاریی‌و رێزلێنانی پێشكەشی خوێندكارە سەركەوتووەكان كرد.