مەلا بەختیار: تەنها وەرزش، شوناسی چینایەتی‌و ئایدۆلۆژی ‌و رەگەزایەتی نییە

کوردستان 11/07/2019


مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، ئەمڕۆ (11/7/2019) پێشوازی لەژمارەیەك كچە وەرزشكاری گۆڕەپان‌و مەیدانی یانەی وەرزشی سیروان كردو لەدیدارێكیشیاندا، پاشئەوەی گفتوگۆو بیروڕای پێویست لەبارەی كۆی ئەو لەمپەرانەی بونەتە ئاستەنگ لەبەردەم بەرەو پێشەوەچوونی زیاتری وەرزشی گۆڕەپان‌و مەیدان‌و یاریزانەكانیدا ئاڵوگۆڕ كرا، هاوكات ئاماژە بەهەوڵەكانی چۆنێتی  چارەسەركردن‌و بونیادنانی گۆڕەپانێكی شایستە كرا.
هەر لەگفتوگۆكەیدا، مەلا بەختیار، خۆشحاڵی نیشاندا كە ژمارەیەك لەو كچە وەرزشكارانە هەم قارەمانی عیراقن، هەم لەقارەمانێتییەكانی ئاسیادا، پلەی شایستەتان بەدیهێناوەو وتی: بەهۆی ئەوەی دامەزرێنەری ئۆڵۆمپی كوردستانم، ئێستاش لەهەوڵەكانم بۆ چارەسەركردنی هەر گرفتێك، یان پشتیوانیكردن بۆ پەرەپێدان‌و بەرەو پێشەوەچوونی وەرزش بەگشتی بەردەوامم‌و بیریشیخستەوە:
هەر لەیەكەمین كۆنگرەی دامەزراندندا لەساڵی (1995) رامگەیاند: ئێمە لەیارییە تاكەكان، دەتوانین لەعیراق‌و ئاسیا پێشبكەوین‌و ئێستاش هەمان باوەڕم هەیە، بەڵام لەیارییە بەكۆمەڵەكان پێویستمان بە ساڵانی زیاترە‌و وتیشی:
ئەم تەمەنەی ئێستای ئێوە زۆر گرنگە ‌و ئەگەر خزمەت‌و پشتیوان‌و هاوكارتان هەبێ‌، دەبنە شانازی نەك هەر بۆ كوردستان، بەڵكو بۆ عیراق‌و دەشبێ‌ عیراق ستایشتان بكات كە دەتوانن لەیارییە تاكەكان‌و لەقارەمانێتیەكانی ئاسیادا سەری عیراق بەرز بكەنەوە. لای منیش شوناسی ئایدۆلۆجی گرنگە نییە كە سەر بەچ یانەیەك‌و حزبێكن، بەڵكو قارەمان هەر قارەمانە‌و راشیگەیاند:
لەراستیشدا تاكە بوار كە سەدان ملیارەها مرۆڤ هۆگرێتی‌و شوناسی چینایەتی‌و ئایدۆلۆژی ‌و رەگەزایەتی نییە، وەرزشە. ئێوەش بەهەمان رۆحییەت بەردەوامبن‌و ئەوەشی بەمن بكرێت درێغی ناكەم.