مەلا بەختیار، پشتیوانی خۆی بۆ پرۆژەی بەستاندارکردنی زمانی کوردی راگەیاند

کوردستان 11/07/2019

دەزگای بولێڵ، بەمەبەستی كاركردن لەسەر پرۆژەكانی بەستانداركردنی زمانی كوردی، سەردانی لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیان كردو لەگفتوگۆیەكیشدا سەبارەت بەپرۆژەكانیان كە رۆژی (11/7/2019) بەڕێوەچوو، رونكردنەوەیان سەبارەت بەكۆی پرۆژەكەیان خستەڕوو.
لەگفتوگۆكەدا نەوا كەمال كۆكۆل، لێپرسراوی دەزگاكە، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە دەزگاكە (بولێڵ) لەهەنگاوی یەكەمدا، فەرهەنگێكی كوردی كوردی، كوردی ئینگلیزی، ئینگلیزی كوردی گشتگیر دروستدەكات، بەشێوەی ئەلیكترۆنی‌و بۆ مۆبایل‌و پاشانیش لەڕێگەی ماڵپەڕێكەوە دەیخەنە بەردەست. 
وتیشیان: لەكاری دووەمیشدا، كە لەگەڵ پرۆژەی یەكەمدا كاری لەسەر دەكرێت، ئەویش روانگەیەكی زمانەوانییە‌و هەر باس‌و خواستێك لەسەر زمان هەبێ‌، لەسەر ئە‌و ماڵپەڕە بڵاودەكرێتەوە كە ناوی "بولێڵ"ە‌و بۆ بونیادنانی دەزگایەكی فەرهەنگی پەرەپێدەری  زمانەوانی ستانداری كوردییە.
پرۆژەی سێهەمیش، دەزگایەكی هەڵەبڕییە، كە هەڵەبڕی بۆ هەر دەزگایەك‌و لایەنێك دەكات‌و لەم رێگەیەشەوە وێڕای پەیداكردنی بڕێك داهات، یاسای هەڵەبڕییەكە دەكات بەدیگیتاڵی، تا وابكات لەپشت بەرنامەی تێكستەوە بخوێندرێتەوە. كە ئەمە پرۆژەی سێهەممانە. پاش ئەم پرۆژانەش دەتوانین رۆبۆتی وەرگێڕ دروستبكەین. واتا ئەوەی ئێستا لەگوگڵ دەكرێت، ئەگەرچی گوگڵ یاساكانی هێناوە، بەڵام دانەكانی نییە، ئەگەر دانەكان- داتاكان نەبێ‌ ئەوا یاسا ناتوانێ‌ هیچ شتێك بكات، بۆیە دەبێ‌ هەر فەرهەنگەكە لەڕوی دانە دانەی تۆمارە فەرهەنگییەكانی ئەو زمانەوە كۆبكەیتەوە، پاشان یاسا رێزمانییەكان بكرێت بەدیگیتاڵی‌و دواتر دەتوانی رۆبۆتێكی جیهانی دروستبكرێت كە هەموو ئینتەرنێت بتوانێت وەرگێڕانە كوردییەكە بۆ یەك ستاندار وەربگێڕێت.
راشیانگەیاند: ئامانجەكەش ئەوەیە كە، بۆ ستانداركردنی زمان رێڕەوی گفتوگۆ نەماوە‌و بەسەرچووە، بۆیە لەئینتەرنێتدا‌و یەك شێوە ستانداردی زمان بۆ وەرگێڕان بۆ هەموو خەڵك دەستەبەردەكەین.
لەدرێژەی گفتوگۆكەشدا‌و لەو چوارچێوەیەدا پرۆژەكەو پرۆپۆزەڵ‌و نەخشەرێگەی پرۆژكانیان پێشكەش بە مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی كردو لەلایەن خۆیشییەوە، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، وێڕای دەستخۆشی، خۆشحاڵی خۆی بەبیرۆكەكەو پرۆژەكانی دەزگای بولێڵ نیشاندا.
  هاوكات لەبارەی كۆی پرۆژەكان‌و چۆنێتی جێبەجێكردنیشیانەوە، مەلا بەختیار، گفتوگۆیەكی وردی لەگەڵ دەزگای بولێڵدا كردو ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە: 
خۆشحاڵم لەوەی بەجوانی‌و بەئاراستەیەكی زانستی بیردەكەنەوە‌و لەزانستیشدا بەگرنگترین تەكنیكی سەردەم دەتانەوێ‌ پرۆژەیەكی لەمشێوەیە جێبەجێ بكەن‌و وتی:
باوەڕموایە كە ئێمە بەگشتی لەمێژوودا، لەشارستانییەت بەجێماوین‌و لەدەرەوەی شارستانییەتی مێژووین. بەتایبەتی لەئێستاشدا هەم حكومەتەكەمان، هەم داوودەزگاكانمان نەمانتوانیوە بچینە ناو شارستانییەتی تەكنیكی نوێوە، كە دیگیتاڵ‌و سۆشیالمێدیایە، كە تەكنیك‌و تەكنەلۆجیای مێدیاییەو رایەڵەی هەموو ئەو تەكنیكەشە بۆ جومگەكانی دەسەڵات، حزبەكان، رایگەیاندن، سۆسیۆلۆجیا، ئابوری، كەلتوری و ..تد، كە دەبێ‌ ئەم تەكنیك‌و تەكنەلۆجیا نوێیە بچێتە هەموو جومگەكانەوە، ئەگەرنا مەحاڵە بتوانین پێشكەوتنی گەورە بەدیبهێنین‌و مەحاڵیشە بتوانین وەرچەرخانی گەورە بەدیبهێنین‌و جەختیشیكردەوە:
وەك مەلا بەختیار، هەر هەوڵێك لەم هەوڵانە، تۆبیت یان هەر كەسێك رایپەڕێنێت، بەوپەڕی توانامەوە پشتیوانی دەكەم.