داهاتی ملیۆنان هاوڵاتی ئێران 100 دۆلارە لەمانگێكدا

ڕاپۆرت 10/07/2019

 

ئا/ رەمەزان شێخانی
هاوتەریب لەگەڵ داكشانی ئابوری وڵات بەهۆی سزا ئابوریەكانی ئەمریكاوە بۆ سەر ئەو وڵاتە رێژەی هەژاری لە ئێران بە شێوەیەكی بەرچاو بەرزبوەتەوە
ناوەندی ئاماری فەرمی ئێران بڵاویكردوەتەوە ئاماژەی نەداری كە بریتیە لە كۆی هەردوو رێژەی بێكاری و هەڵئاوسان لە وڵات گەیشتوەتە 39% لەكاتێكدا ساڵی رابردوو 19.4% بوە.
بەگوێرەی داتا رەسمیەكان  لە سێ مانگی كۆتایی ساڵی رابردوودا ، رێژەی بێكاری لە ئێران گەیشتوەتە 12% و رێژەی هەڵئاوسان بۆ 19.5% بەرزبوەتەوە لەبەرامبەردا سەرچاوە نارەسمیەكان دەڵێن رێژەكە زۆر لەوە زیاترە.
سایتی رادیۆی فرادای ئێرانی كە تایبەتە بەكاروباری ئێران بڵاویكردوەتەوە بەهۆی لەدەستدانی دراوای ئێرانی بەهای خۆی بەهۆی سەپاندنی سزا ئابوریەكانی ئەمریكاوە تێكڕای داهاتی ملیونەها هاوڵاتی ئێرانی نزیكەی 100 دۆلارە لە مانگێكدا ، كە ئەو داهاتە زۆر لە هێلی هەژاری وڵات كەمترە
سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پێش بینی كردوە ئابوری ئێران دووچاری داتەپینی زیاتر ببێت و بەشێوەیەك رێژەی هەڵئاوسان لە وڵاتەدا بگاتە سەروی 40%
پاش ئەوەی ساڵی رابردوو ئەمریكا لە رێككەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران كشایەوە ، ئابوری ئێران كەوتوەتە ژێر فشارێكی گەورەوە ، وبریارەكەی سەرۆكی ئەمریكاش بۆ سەپاندنی سزای ئابوری بەسەر كەرتی نەوتی ئێراندا ئەو وڵاتەی لە بەشێكی گەورەی داهاتی نەوت بێبەش كرد.
بەگوێرەی داتا فەرمییەكانی ئێرانەوە ، بەهۆی سەپاندنی سزاكانەوە بەرهەم هێنانی نەوت لەو وڵاتە بەرێژەی 2.2 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا كەمی كردوە ئەوەش مانای لەدەستدانی 90% داهاتی نەوتە 
سەرچاوە / سكای نیوز