دنیاکەی ولیەم فۆکنەر

ڕەخنەی چاودێر 08/07/2019

وەرگێڕانی: شاڵاو حەبیبە

ئۆمید قەهرەمان، پڕۆفیسۆری زمان و ئەدەبیاتی ئینگلیزی لە زانکۆی خەییام لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ "ئیسنا" باس لە تایبەمەندییەکانی ئەدەبیاتی ولیەم فۆکنەر دەکات و بە دوای ئەو هۆکارەدا دەگەڕێت، کە چۆن ئەم نووسەرە هێند ئەدەبیاتێکی تایبەت بە خۆی خولقاندووە.

ولیەم فۆکنەر(١٨٩٧-١٩٦٢) چیرۆکنووس، ڕۆماننووس، شاعیر، گوتارنووس، سیناریست و شانۆنامەنووسی نێوداری ئەمەریکی بوو. قەهرەمان دەڵێت: "ئەوەی بەرهەمەکانی فۆکنەر لەناو هاونەوەکانی خۆیدا جیاواز دەردەخات، ڕوودانیانە لە ناوچەیەکی خەیاڵی بە ناوی (یۆکناپاتاڤا)، کە لە ڕاستیدا ئیلهامەکەی لە بەشی لافایتی ویلایەتی میسیسیپییەوە وەرگرتووە، کە زۆربەی تەمەنی لەوێ بەسەر بردووە."

ئۆمید قەهرەمان هەروەها دەڵێت: "کتێبەکانی فۆکنەر و پێشوازیی لێیان، وەها لەگەڵ مێژووی ڕەخنە و ئەدەبیاتی ئەمەریکادا لە سەدەی بیستەم پێکەوە گرێ دراون کە لێڕوانینیان لە ڕووی کۆمەڵایەتی و مێژوویییەوە کارێکی هێند ئاسان نییە. ئەوەی وا دەکات فۆکنەر ڕۆماننووسێکی ڕیزپەڕ بێت، سەلیقە و تواناییی ئەوە لە ئەزموونگەراییی ستایل و پێکهاتەگەرایییەکەی لە ڕێی شەپۆلی هۆشەوە، هەروەها کەسایەتیسازیی قووڵ، درک و سەرنجی وردی بۆ کۆمەڵگە و پەرژانە سەر بابەتگەلی فراوانی وەک توندوتیژی، دەمارگیریی ڕەگەزی، نەریت، هەژاری، خێزان، دین، ژنان و جیاوازیی چینایەتی."

لە بیست و سییەکانی سەدەی ڕابردوودا هێشتا کتێبەکانی فۆکنەر پێشوازییەکی ئەوتۆیان لێ نەکرابوو، تا لە ١٩٤٩ـدا خەڵاتی ئەدەبیی نۆبێلی پێ بەخشرا و بەمە بووە ناوێکی جیهانی. ئەو لە ١٩٥٤ و پاشان لە ١٩٦٢ـشدا خەڵاتی ئەدەبیی پۆلیتزەری بردەوە.

قەهرەمان ئاماژە بەوە دەکات، شێوازی نووسین و گێڕانەوەی فۆکنەر کاریگەرییەکی ئەوتۆی بۆ سەر نووسەرانی دیکەی ئەمەریکی وەک تۆنی مۆریسۆن و چەندانی دیکە هەبووە. هەروەها لە نووسەرانی ئەمەریکای لاتین دەتوانین ئاماژە بە گابرییەل گارسیا مارکیز بکەین کە لە خولقاندنی جیهانێکی فەنتاسی لەسەر بنەڕەتی ڕیالیزمی جادوویی، پشتی بە ئەدەبیاتی فۆکنەر بەستووە.

یەکەم ڕۆمانی گابرییەل گارسیا مارکیز بە ناوی "کڕێوەی گەڵا" لەسەر شێوازی ڕۆمانێکی فۆکنەر بە ناوی "وەک چۆن ڕاکشابووم و خەریک بوو دەمردم" نووسراوە.

سینەما و تەلەڤزیۆن زۆر جار کاریان لە ڕۆمانەکانی فۆکنەردا کردووە، بەڵام ئەوەی پەیوەندیی فۆکنەر لەگەڵ سینەمادا بەهێزتر دەکات، سیناریۆنووسینەکەیەتی بۆ سینەماکارانێکی وەک هۆوارد هاکس و جۆن فۆرد لە سی و چلەکاندا. ئەو سەر بە تیمی نووسەرانی "چوار پیاو و نزایەک"ـی جۆن فۆرد بووە، هەروەها بەشداریی لە نووسینی "خەونی مەزن"ـی هۆوارد هاکسدا کردووە.

لە ژیان و هونەری فۆکنەردا سێ جەنگ گرنگیی خۆیان هەیە؛ شەڕی ناوخۆ، جەنگی جیهانیی یەکەم و جەنگی جیهانیی دووەم. هەرچەند ئەو لە هیچ یەک لەو جەنگانەدا بەشداریی نەکرد، بەڵام جەنگ مۆتەکەئاسا لە ئەدەبیاتەکەیدا ئامادەییی هەیە. پێ دەچێت لە باکگراوندی ئەدەبیاتەکەی فۆکنەردا، شەڕی ناوخۆی ئەمەریکا بایەخێکی ئەوتۆی هەبێت، هەرچەند ٣٢ ساڵ بەر لە لەدایکبوونی ڕووی داوە.

قەهرەمان لەم بارەیەوە دەڵێت: "هەوڵی فۆکنەر لە چەندێک لە ڕوومانەکانیدا بۆ ئەوەیە تا واقیعێک کە بە هۆی جەنگەوە لە ڕۆژگاری حازردا (ڕۆژگاری خۆی) هاتووەتە بوون، بۆ خوێنەرانی ساڵانی دووری دوای جەنگ بهێڵێتەوە تا درک بکرێت."  

ئۆمێد قەهرەمان هەروەها دەڵێت: "بۆ درکی قووڵتری جیهانی فۆکنەر دەبێت بەردەوام ئاگامان لەم خاڵە بێت کە ئەو دەپەرژێتە سەر بابەتگەلێک کە لەگەڵ جیهانی مۆدێرن و پۆستمۆدێرنی ئێمەدا زۆر بێگانە نییە. ئەفسانەی ویلایەتی یۆکناپاتاڤا حیکایەتی ڕەنج و بەڵاکانی ئێمەیە. جیهانی ئێمەیش لە ژاکانێکی ئەخلاقیدا بەسەر دەبات و لەگەڵ نەبوونی سیستم، بەها و هەستی بەرپرسیارێتیدا دەستوپەنجە نەرم دەکات."

قەهرەمان زیاتر دەدوێت: "جیهانی ئەمڕۆی ئێمەیش وەک جیهانی فۆکنەر دەتوانێت بە حەسرەتەوە بڕوانێتە ڕابردوو و دنیای کۆنی بەها نەریتییەکان و شکست و نائومێدی هەست پێ بکات. ئەگەر فۆکنەر زۆر بە توندی جیهانی مۆدێرن و ئادگارەکانی ڕەخنە دەکات، ناتوانین گلەیی لێ بکەین، چونکە شەکسپیریش لە ڕۆژگاری خۆیدا مۆدێرنیتەی تایبەتی ئەوکاتی ڕەخنە دەکرد. لە دنیای فۆکنەردا دەسەڵاتخوازی بەردەوام تاوانێکی تراژیک بووە و لە نموونەی ڕەفتاری کۆمەڵگەیەکی ڕوو بە گەشەدا هەژمار دەکرێت."

قەهرەمان لە کۆتاییدا دەڵێت: "خەونە قووڵ و پێشگۆیییە ئەدەبییەکانی فۆکنەر هەموویان ڕاست دەرچوون؛ سیستمی نوێ وێرانکەرە."

سەرنج: ڕۆمانی "دەنگ و تووڕەیی"ـی ولیەم فۆکنەر بە زمانی کوردی بەردەستە.