براوەی خەڵاتی فڕانز کافکا بۆ ساڵی ٢٠١٩ ڕاگەیەنرا

ڕەخنەی چاودێر 07/07/2019

ڕەخنەی چاودێر


ڕۆژنامەی فیگارۆ بڵاوی کردەوە: پییەر میشۆن نووسەری فەڕەنسی وەکوو براوەی ٢٠١٩ـی خەڵاتی ئەدەبیی فڕانز کافکا دەستنیشان کرا.

پییەر میشۆن ئەم خەڵاتە ئەدەبییەی لە پێناو تەمەنێک دەستکەوتی ئەدەبیدا پێ بەخشرا، کە بریتییە لە نووسینی ١٣ ڕۆمان.

بەهای خەڵاتەکە دە هەزار دۆلارە لەگەڵ پەیکەرێکی بڕۆنزدا کە سیمبولێکی بچووکە لە پەیکەری فڕانز کافکا لە شاری پراگ و دیپلۆمێکی شانازییش.

نووسەرە فەڕەنسییەکە دوای بیستنی هەواڵەکە گوتی: "سەختە بڵێم تا چ ئەندازەیەک هەست بە غروور و شانازیی دەکەم کە کەوتوومەتە کۆمەڵێکی واوە کە کەسانێکی وەک فلیپ ڕۆت و پیتەر هاندکەی تێدایە."

پییەر میشۆن لە ساڵی ١٩٤٥ـدا لە دایک بووە. یەکەمین کتێبی ئەو بە ناوی "شارە بچووکەکان" لە ساڵی ١٩٨٤ـدا وەک شاکارێکی ئەدەبی فەڕەنسی دەناسرێت.

چیرۆک و ڕۆمانەکانی میشۆن بۆ چەندین زمان، لەوانە ئینگلیزی، ئەڵمانی، ئیتاڵی، ئیسپانی، یۆنانی، پورتوگالی، هۆڵەندی، سڕبی، چیکی و نەرویجی وەرگێڕدراون.

خەڵاتی فڕانز کافکا لە ساڵی ٢٠٠١ـەوە لە لایەن ئەنجوومی فڕانز کافکا و شاری پراگەوە دەبەخشرێت.

مارگارێت ئەتۆد، هاورووکی موراکامی، پیتەر هاندکە و فلیپ ڕۆت لەو نووسەرانەن کە ئەم خەڵاتەیان پێ بەخشراوە.