هۆكارە سەرەكیەكەی دروستبونی تامێسك

تەندروستی 07/07/2019


چاودێر: تابان رەزا
تامێسك  بریتیە لە سوربونەوە و  بڵقبونی پێست لە دەووربەری دەم و ناو دەم و ناوچەی عەورەت بەهۆی جۆرێك لە ڤایرۆس كە پێی دەوترێت هێرپس ڤایرۆس،سەر ئێشە و تا و ئازاری لەش و ئاوسانی لیمفەگرێكانی سەر و مل یەكێكە لەنیشانەكانی ئەم نەخۆشیە، پزیشكێكی پسپۆڕ، دەڵێت" ئەم نەخۆشیە لە كەسانی تووشبوو بە درێژایی ژیانیان چەندین جار سەر هەڵدادەتەوە بە تایبەت لە كاتی نەخۆشی و سترێس وسووڕی مانگانە و بەركەوتنی تیشكی خۆری بەهێز"
تامێسك چییە؟
‎ د.بەكر ئەحمەد،  پسپۆڕی نەخۆشیە كانی  پێست، ئاماژەبەوە دەكات، تامێسك بریتیە لە سووربوەنەوە و بڵق بوونی پێست لە دەووربەری دەم و ناو دەم و ناوچەی عەورەت بە بەهۆی جۆرێك لە ڤایرۆس كە پێی دەوترێت هێرپس ڤایرۆس، بە پێی توێژینەوە جیهانیەكان سەروو لە ٦٠% خەڵك هەڵگری ئەم جۆرە ڤایرۆسەن، بەڵام ئەو كەسانەی كە نەخۆشیەكەیان تێدا دەردەكەوێت كەمترن و ئەوانی تر هەڵگری ڤایرۆسەكەن. 
 نیشانەكانی
 ئەو پسپۆڕە، باس لەوەدەكات، سەرەتا  نەخۆشیەكە بە ئازار دەست پێ دەكات پێش سووربوونەوە و بڵق كردن پاش دەبێتە هۆی سووربوونەوە و كۆمەڵە بڵقێك كە ئاوێكی زەردی كاڵی تێدایە، دەگونجێت نە خۆشیەكە هەندێك لە نیشانەكانی وەك سەر ئێشە و تا و ئازاری لەش و ئاوسانی لیمفەگرێكانی سەر و مل و ناوچەی عەورەتی هەبێت، چونكە نەخۆشیەكە زیاتر لە دەووروبەری دەم و ناوچەی عەورەت دەردەكەوێت.
هۆكارەكانی 
د.بەكر ئەحمەد، دەڵێت" ئەم نەخۆشیە لە دەووروبەری دەم زیاتر بە هۆی  ڤایروسی هێرپسی ڕوو دەدات،  تامێسكی دەم  لەوانیە بگوازرێتەوە  لە كەسانی تووشبووەوە بە هۆی ماچكردن، بەریەكەوتن و بەكارهێنانی كەلو پەلی كەسانی تووشبوو بە تایبەتی لە خانمان وەك شێداركەرەوە و ئەساسی لێو، چونكە ڤایرۆسەكە لە ناو لیكدا هەیە، بەڵام لە ناوچەی عەورەت لە وانیە لە ڕێگای بەریەكەوتینی سێكسیەوە بگوازریتەوە كە هەندێك جار دەبێتە هۆی مەترسی بۆ سەر كۆرپەلە لە خانمانی دووگیان لە كاتی مناڵبوون "
ناوبراو وتیشی، ئەم نەخۆشیە لە كەسانی تووشبوو بە درێژایی ژیانیان چەندین جار سەر هەڵدادەتەوە  بە تایبەتی لە كاتی نەخۆشی و سترێس وسووڕی مانگانە و بەركەوتنی تیشكی خۆری بەهێز. 
چی دەبێتە هۆی زیادبونی نەخۆشیەكە؟
ئەو پزیشكە، رونیدەكاتەوە، زۆربەی كات ئەم نەخۆشیە لە لایەن پزیشكانی پسپۆڕەوە بە ئاسانی دەناسرێتەوە و چارەسەر دەكرێت،  بەڵام هەندێك جار بە هۆی بە كارهێنانی دەرمانی هەڵە لە لایەن كەسانی ناپسپۆڕەوە لەوانیە نە خۆشیەكە زیاد بكات و چارەسەرەكەی قورستر بێت.بۆیە پێویستە كەسانی تووشبوو سەردانی پزیشك بكەن بۆ ئەوەی لەگەڵ هەندێك نەخۆشی هاوشێوە جیابكرێنەوە و پشكنین و چارەسەری پێویست وەرگرن.