ئیبتیسام ئیسماعیل وەک سەرۆکی نوێی بنکەی ڕووناکبیریی گەلاوێژ هەڵبژێردرا

ڕەخنەی چاودێر 06/07/2019

ڕەخنەی چاودێر

 

لە کۆبوونەوەی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ٦ـی ٧ـی ٢٠١٩ـی بنکەی ڕووناکبیریی گەلاوێژ، سەرۆکێکی نوێ بۆ بنکەکە دەستنیشان کرا.

 

دوکتۆر ئیبتیسام ئیسماعیل ڕاگری کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی وەک یەکەمین ژن لە مێژووی سەرۆکایەتیی بنکەکەدا، بوو بە سەرۆکی بنکەی ڕووناکبیریی گەلاوێژ و کاروبارەکانی ئەو بنکەیە و هاوکات فێستیڤاڵی گەلاوێژ بە یاوەریی هاوڕێیانی لە بنکەکەدا، دەگرێتە ئەستۆ.

 

لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا د. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد سەرۆکایەتیی بنکەی گەلاوێژی دەکرد.

 

بنکەی ڕووناکبیریی گەلاوێژ لە ساڵی ١٩٩٦ـدا دامەزراوە و هەر هەمان ساڵ یەکەمین فێستیڤاڵی خۆی ساز کردووە و تا ئێستا ٢٣ خولی ئەو فێستیڤاڵە بە ڕێوە چووە. سەرۆکانی پێشووتری بنکەی ڕووناکبیریی گەلاویژ بریتی بوون لە "جەمال شارباژێڕی/ پێش بەستنی کۆنگرە"، "ڕەووف بێگەرد، یەکەمین سەرۆکی فەرمی"، "ڕەووف عوسمان" و "یاسین فەقێ سەعید".

 

ناوی بنکەکە لە گۆڤاری "گەلاوێژ"ـی ئیبراهیم ئەحمەدەوە وەرگیراوە.