کتێبخوێندنەوە بە یاسای بلیتی چەندسەفەرە

ڕەخنەی چاودێر 06/07/2019

بەشی یەکەم

 

 

ڕۆلف دۆبلی/ وەرگێڕانی شاڵاو حەبیبە — ئێمە بە باشی کتێب ناخوێنینەوە و کتێبخوێندنەوە بە شێوەیەکی بژاردە و بە سەرنجی وردەوە ئەنجام نادەین. دەبێت بە شێوەیەکی جیاواز کتێبەکان بخوێنینەوە و بۆ ئەم کارە چوارچێوەی ڕێنما و پێشڕەویی خۆمتان بۆ پێشنیار دەکەم.

با بە نموونەیەکی سادە ڕوونی بکەمەوە. هەر بلیتێکی چەندسەفەرەی شەمەندەفەر، لە سویسڕا شەش بەشی جیاوازی هەیە. بەر لە دەستپێکی سەفەر، ئێوە کارتەکەی خۆتان دەخەنە دەزگەیەکی پرتەقاڵیڕەنگەوە، کە کات و مێژووی سەفەرەکەتانی لەسەر تۆمار دەکەن و بەشە بچووکەکەی گۆشەی لای چەپی کارتەکەی لا دەبەن. هەرکاتێک شەش بەشەکەی کارتەکەتان کەڵک لێ وەرگرت، بلیتەکەتان تەواو بووە و بەهای نەماوە.

هەر بەم جۆرە، بۆ کتێبخوێندنەوەیش بلیتێک بە پەنجا بەشی جیاوازەوە بهێننە پێش چاوتان. ڕێک بە شێوەی بلیتەکانی شەمەندەفەر، پێش هەر یەک-جار خوێندنەوەی کتێبەکە، دەبێت یەکێک لەم بەشانە تۆمار بکەن؛ بەڵام بە پێچەوانەی بلیتی چەندسەفەرەوە، ئەمە تاقەبلیتی ئێوە دەبێت و ناتوانن ئەگەر مەیلتان لێ بوو دانەیەکی ترتان هەبێت. کاتێک بلیتەکەتان بەهای نامێنێت، ئێوە ناتوانن هیچ کتێبێکی دیکە بکەنەوە و سەرەڕای ئەوەی لە سیستمی گواستنەوەدا، ئەگەری ڕاکردن لە کۆشکی بلیتفرۆشی بوونی هەیە، لێرەدا هیچ فرتوفێڵێک ئەگەری نییە. لەوانەیە بپرسن تەنیا پەنجا کتێب بۆ تێکڕای تەمەن؟ ئەم بابەتە بە ئەگەری زۆرەوە بۆ زۆرێکان بایەخی ئەتۆی نییە، بەڵام بۆ ئێوە کە خەریکی خوێندنەوەی ئەم گوتارەن ڕوانگەیەکی ترسناکی هەیە. چۆن دەکرێت تەنانەت کەسێکی نیوەڕۆشنبیر ژیانی خۆی بەم ژمارە کەمەی کتێبەوە بەسەر ببات؟

کتێبخانە تایبەتەکەی من سێ هەزار کتێبی تێدایە، کە تەقریبەن یەک لە سێی خوێنراوەتەوە، یەک لە سێی نیوەچڵ خوێنراوەتەوە و یەک لە سێیەکەی دیکەی دەستلێنەدراوە. کتێبگەلی تازەیش ساڵانە بەم ژمارەیە زیاد دەبن؛ پۆلێنبەندییان دەکەم و خۆیشم لە هەندێکیان قوتار دەکەم. کتێبخانەکەی من بەراورد بە هیی کەسێکی وەک ئەمبێرتۆ ئێکۆ بە مەزنیی سی هەزار کتێبەوە، نموونەیەکی ناچیزە. بەم حاڵەوە و سەرەڕای ژمارەی سنوورداری کتێبەکان، ناوەڕۆکەکانیان تەنیا بە شێوەیەکی تەماوی لە خەیاڵمدا ماوەتەوە. لە ڕاستیدا کاتێک تەماشای بەرگەکانیان دەکەم، نووسینەکانی هەر کتێبێک وەک هەورێکی تێپەڕ و پەرێشان بە زەینمدا گوزەر دەکەن، کە ئاوێتە بە هەستێکی ناڕوونە. جار هەیە دیمەنێک لە کتێبێک لە زەینمدا وێنە دەگرێت و جاریش هەیە ڕستەیەک وەک بەلەمێکی ڕەوان لەنێو تەمدا، بە شێنەیی دێت و ون دەبێت.

بە دەگمەن دەتوانم کتێبێک بە کورتە پۆلێنبەندی بکەم. هێندێک لە کتێبەکان لە ڕەفەکەدان، کە ناتوانم بە دڵنیایی بڵێم تاوەکوو ئێستا خوێندوومنەتەوە یان نا. دەبێ بیانکەمەوە و ئاماژەکانی ناو لاپەڕەکان و یادداشتی پەراوێزەکان بخوێنمەوە. لە وەها ساتگەلێکدا نازانم یادەوەریی من شەرمەزاریهێنترە یان کتێبگەلێک کە بە ئاشکرا پیچێک کاریگەرییان لەسەرم هەبووە. هەڵبەت کاتێک زانیم زۆرێک لە هاوڕێیانیشم ئەزموونێکی هاوشێوەیان هەبووە، تا ئەندازەیەک هەستم بە ئاسوودەیی کرد. ئەم دۆخە نەک تەنیا لە بابەت کتێبەکان، بەڵکوو گوتارەکان، ڕاپۆرتەکان، لێکۆڵینەوەکان و دەقگەلی ئەدەبییش ڕاستە، کە ڕۆژگارێک بە چێژەوە خوێنراونەتەوە، بەڵام زۆرێکیان بە جۆرێکی شەرمەزاریهێن بە سەختی دێنەوە یاد.


هەنووکە پرسیارەکە ئەوەیە، ئەگەر ناوەڕۆکی کتێبەکان بەم ئەندازەیە کەم لە بیرەوەریدا دەمێنێتەوە، لە بنەڕەتەوە گرنگیی کتێبخوێندنەوە لە چیدایە؟ گومان لەوەدا نییە خوێندنەوە چێژێکی کاتیی بە دوادا دێت؛ بەڵام ئەم چێژە کاتییە دەکرێت لە خواردنی شیرینییشدا بە دەست بهێنین، بەبێ ئەوەی چاوەڕێ بکەین کەسایەتیی ئێمە دروست بکات. بەڕاستی بۆچی کاریگەریی کتێب کاتێکی کەم لەگەڵماندا دەمێنێتەوە؟

دەبێت لە نادروستیی شێوەی کتێبخوێندنەوەدا بە دوای هۆکارەکەیدا بگەڕێین. کتێبخوێندنەوەی ئێمە بە ئەندازەی پێویست بژاردە و ورد نییە. ئێمە ڕێ بە خۆمان دەدەین وەکوو سەگێکی پەروەردەنەکراو لە نێوان دەقگەلی جیاوازدا سەرگەردان بین و لە بری پەروەردەی شێوەی دۆزینەوەی (ڕاو)ی بەنرخ و دەگمەن، ئازادانە بە هەرلادا بێین و بڕۆین. لە ڕاستیدا گرنگترین و بەنرخترین سەرچاوەمان بۆ شتگەلێک کە شایانی ئەوان نیین، بە هەدەر دەدەین.

ئەمڕۆ بە جۆرێکی تەواو جیاواز لە ساڵانی ڕابردووم کتێب دەخوێنمەوە. بێگومان ڕێژەی کتێبخوێندنەوەم لەگەڵ ڕابردوودا یەکسانە، بەڵام ئێستا کتێبگەلێکی کەمتر و باشتر دەخوێنمەوە و هەر دانەیەکیش دوو جار دەخوێنمەوە. ڕاستییەکەی زۆر بژاردەخوێن بوومە و تەنیا بە کەمتر لە دە خولەک، دەربارەی خوێندنەوە یان نەخوێندنەوەی هەر کتێبێک بڕیار دەدەم. وێنای بلیتی چەندسەفەرە لەم سەختگیرییەدا هاوکاریم دەکات. لە خۆم دەپرسم ئاخۆ کتێبێک کە بە دەستمەوەیە بەهای قوربانیکردنی یەکێک لە بەشەکانی بلیتەکەی هەیە؟ وەڵامەکە لە دەگمەن-جاردا ئەرێیە. کتێبگەلێکیش کە خوێنراونەتەوە، بە پێی یاسا دیاریکراوەکە، دەستبەجێ دیسان دەخوێنرێنەوە.

سەرنج: ڕۆلف دۆبلی Rolf Dobelli، نووسەری ٥٢ـساڵەی سویسڕی، بە کتێبی "هونەری ڕوونهزرین" بەناوبەنگە.