مەلا بەختیار: لە(25) ساڵی رابردوودا وەکو پێویست حكومەت و پەرلەمانەكانی ئێمە، بنج‌و بنەوانی ئەركەكانی پەروەردەكردنی گەنجانی ئەم سەردەمەیان لێكنەداوەتەوە

ڕاپۆرت 01/07/2019

"دۆزینەوەی بەهرەو تواناكانی مرۆڤ، پەیوەندییەكی ئۆرگانیكی توندوتۆڵی بەئازادییەكانەوە هەیە"

مەلا بەختیار، لەكۆڕێكدا بەناونیشانی "ئەركی گەنجان لەم سەردەمەدا"، كە ئەمڕۆ (1/7/2019) لەلایەن ناوەندی لاوانی بەكرەجۆ بەڕێوەبرا، پاشئەوەی هەردوو دەستەواژەی گەنجان‌و سەردەم-ی لێكدایەوە‌و قۆناغی گەنجێتی بەناسك‌و هەستیار‌و چارەنوسساز بۆ مرۆڤ خوێندەوە‌و ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە: ئەگەر لەژیان‌و لەناو كۆمەڵدا، سیستەمی پەروەردەی هەموو میللەتێكدا، ئەگەر ستراتیجێك، پرۆژەیەكی هەمەلایەنە بۆ شیاوترین شێوەی پەروەردە هەبێت، بێگومان ئەوا ئاییندەی ئەو نەتەوەیە زۆر بەباشی دەچێت بەڕێوە. بەپێچەوانەشەوە ئەگەر حكومەت‌و وەزارەتەكان، ستراتیجێكیان نەبێ‌ بۆ چۆنێتی پێگەیاندنی گەنج لەتەمەنی گەنجێتیدا، ئەوا دەكەوێتە دەست قەدەری رۆژگار كە لەناو خێزان‌و كۆمەڵ، پێدەگات یان نا!
لەكۆڕەكەیدا، سیاسەتمەدارو رۆشنگەر، مەلا بەختیار تەئكیدی كردەوە، كە: لەناو هەموو حكومەتەكانی دنیا، لەگەنجانەوە دەستپێناكەن، بەڵكو لەمنداڵییەوە پەروەردە دەستپێدەكەن‌و لەو دیدەشەوە پشتبەست بەتوێژینەوە زانستییەكان، كە گرنگی‌و كاریگەرییەكی گەورەیان لەسەر كۆمەڵ هەیە، تەئكیدی لەپەروەردەیەكی شیاوكردەوە‌و رایگەیاند:
دۆزینەوەی بەهرەو تواناكانی مرۆڤ، پەیوەندییەكی ئۆرگانیكی توندوتۆڵی بەئازادییەكانەوە هەیە. ئازادییەكانیش، پەیوەندییەكی توندوتۆڵی بەتواناكانەوە هەیەو هەركاتێكیش مرۆڤ بەسروشتی، بەتەندروستی‌و بەزانستی پەروەردە بوو، كۆسپەكانی بەردەمی لابران، ئازاد دەبێت لەبیركردنەوە، لەبڕیاردان، لەهەڵسوكەوت‌و سەرەنجامیش، ئەو توانایەی مرۆڤ هەیەتی، لەبری ئەوەی بە پەرچەكردار یان بەخەفەكردن، یان بەچەپاندن‌و خنكاندن‌و تاساندن، لەناخیدا‌و وەك گرێیەكی دەرونی هەمیشە بمێنێتەوە، بەچاودێریكردن‌و بەزانستی پەروەردە دەكرێت‌و گەشەشی پێدەدرێت.   
لەبەشێكی تری كۆڕەكەیدا، دوابەدوای ئەوەی بەوردی هەڵوەستەی لەسەر پەروەردەی زانستی تەمەنی منداڵ‌و قۆناغە جیاوازەكان كرد، تێڕوانینەكانیشی لەبارەی فەلسەفەی پەروەردەو پرۆگرامەكانی خوێندن‌و پەروەردە لەناوخۆی عیراق‌و دەروبەریشی خستەڕوو، ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد: لەڕووی فەلسەفەییەوە پڕ لەكەموكوڕین‌و دواكەتوون‌و ئاخنراون بەئەقڵییەتی تائیفی‌و مەزهەبی.
لەبارەی گۆڕانكارییەكانی سەردەمیش، رونیكردەوە، كە ناتوانی ئێستایەكی پڕ لەگۆڕانگاری‌و بەبڕیارو قەناعەتی دینی، مەزهەبی، نەتەوەیی، دنیایی، فەلسەفی، ئایدۆلۆجی‌و هەر پاساوێك تر بێ‌، بگەڕێنیتەوە بۆ رابردوو، بەڵكو ئێستا سەردەمێكی نوێ‌ كە سەردەمی جیهانگیرییە، هاتۆتە ئاراوەو هیچ سنورێك لەبەردەم تاك، چین، كۆمپانیا، حزب، دەوڵەت، دەسەڵات، یاسا‌و دەستوردا نەماوە‌و هەموو دەوڵەتە گەورەكان، حزبەكان، كۆمپانیا گەورەو بچوكەكان، لەڕێگەی بانك‌و كاری هاوبەش‌و پشك پشكێنەی كۆمپانیاكانە‌وە، دەتوانن لەناو تۆڕی نێونەتەوەیی جیهان بەشداری بكەن‌و لەناو پرۆسەی جیهانگیریدا، شوێنێك بۆخۆیان پەیدا بكەن‌و وتی:
ئەگەر لەرابردوودا‌و هەتا جەنگی ساردیش، لەسەر سەروەری سنوری نیشتمان جەنگی گەورە پەیدا بووبێ‌، بەڵام ئێستا كە لەسەردەمی جیهانگیردا دەژین، خەسڵەتە سەرەكییەكەی ئەوەیە، بازاڕ، لەبازاڕی دەوڵەت‌و كۆمپانیا گەورەكانەوە، ورد بۆتەوە بۆ بازاڕی تاك‌و تاكگەرایی، نەك دەوڵەتبەندی یان چین بەندی، چونكە هەم دۆستایەتی‌و هەم پەیوەندییەكانیش گۆڕاون‌و تەواوی نیشتمانەكانی دنیا، لەناوی یەك نیشتمانی بازاڕدا تواونەتەوە. بۆیە ژیان بۆتە ژیانی تاكگەرایی‌و بمانەوێت یان نا مەحكومین بەبازاڕ، بەكاڵا، بە پڕوپاگەندەو بە سیاسەتی ئابوریی، بەستراتیجی ئابوری، بەمێدیا، بەكەلتورو پەیوەندیی‌و دیاردە نوێیەكانی جیهان. 
 لەو روانگەیەشەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: ئەم سەردەمە، كە سەردەمی تاكگەراییە، پێویستە گەنج، سەردەم، گەوهەری سەردەم لێكبدەینەوە‌و یەكێكیش لەگەوهەرەكانی ئەوەیە، كە پەیوەندییەكانی جیهان لەپەیوەندییەكی بلۆكبەندییەوە بۆ پەیوەندی تاكگەرایی گۆڕاوە (تاكگەرایی، دیاردەیەكی تازە سەرهەڵداوە)‌و بمانەوێ‌ یان نا، مادام تاك بنەمایەكی ئابوری هەیە، لەناو گۆڕانكارییەكانی سەردەمدان.
لەدرێژەی بابەتی كۆڕەكەشیدا، مەلا بەختیار، پرسیاری ئەوەیكرد، كە ئایا لەكوردستان‌و لەحكومەتی كوردستان، لە حزبەكان، لەرێكخراوەكەن ‌و ئێنجی ئۆكان، توانیومانە لەم سەردەمەدا، گەنج، سەردەم، تاكگەرایی، جیهانگیریی، بازاڕی ئازادو مێدیای ئازاد.. تد، توانیومانە گەنج وەكو پێویست پەروەردە بكەین؟ وەڵامیدایەوە، كە لە(25) ساڵی رابردوودا هەڵەی گەورەمان كردووە، كە وەكو پێویست حكومەتەكان‌و پەرلەمانەكانی ئێمە، بنج‌و بنەوانی ئەركەكانی پەروەردەكردنی گەنجانی ئەم سەردەمەیان لێكنەداوەتەوەو بەرنامەیان بۆ دانەناوە‌و رایگەیاند: نەوەی دوای راپەڕین بەشیك لەهەڵەكانیان دەگەڕێتەوە بۆ هەڵەی پەروەردە نەكردنیان، هەڵەی پێنەگەیاندن‌و تێنەگەیاندنیان!         
مەلا بەختیار، لەدرێژەشدا، پاش سەرلەنوێ‌ پۆلێنبەندكردنەوەی نەوەكان، كە نەوەی یەكەمی بەنەوەی پەنجاكان‌و سەرۆك مام جەلال، شەهید عەلی عەسكەری، شەهید عومەر دەبابەو هاوتەمەنەكانی، وەك نەوەی قاڵبوی خەبات ناساند، نەوەی دووەمیشی، بەنەوەی شەستەكانن‌و هاوسەنگەرو خەباتی نەوەی یەكەم‌و شۆڕشی نوێ‌‌و راپەڕین‌و چۆكدانەدان بەرامبەر بەداگیركەران ناوبرد، نەوەی سێهەمیشی كە بەنەوەی دوای راپەڕین‌و نەوەی سێهەمی یەكێتی‌و سایەی ئازادی ناودێر كردەوەو وتی: لەنەوەی یەكەم‌و نەوەی دووەمدا، پەروەردەكردن بۆ ئەوەی مقاوەمەت بكەیت، پێشمەرگە بیت‌و نیشتمانپەروەر بیت، بۆ ئەوەی كۆڵنەدەر بیت، بەكەرەستەیەكی كەم، ئەدەبیاتێكی كەم، بەئێستگەیەكی شڕ، بەرۆژنامەو گۆڤارێك كە مانگی جارێك یان دوو مانگ جارێك دەردەچوو، بەسبوو بۆ ئەوەی مێشكمان زاخاو بدەین‌و بەردەوامبین لەخەبات‌و كۆڵنەدان‌و واشمانكرد. رازیبونیش لەنەوەی یەكەم و دووەم، كە ئەركی خەبات‌و تێكۆشانمان بردۆتە سەر دەگەڕێتەوە بۆ مێژوو! بەڵام كە حكومەتمان دامەزراندووەو بەشێك لەلێپرسراوێتی چۆنێتی پێگەیاندنی نەوەی سێهەم كە لەسەر نەوەی یەكەم‌و دووەم بوو، بەداخەوە تائێستاش بەرنامەمان نەبووە، بۆ ئەوەی ئەم نەوەیە لەم سەردەمە پەروەردە بكەین‌و ئامادەیان بكەین بۆ ئەوەی ببن بە نەوەیەك كە زۆر زیاتر لەمە خزمەت بكەن، گرێ‌ كۆمەڵایەتی، دەرونی، مەزهەبی، ئایینی، نەتەوەیی، دنیایی‌و گرێ‌ فەلسەفی‌و ئایدۆلۆجییەكان كە وەكو پاشماوە لەناو ئەم نەوەیەدا ماونەتەوە، بەداخەوە كەمتر پاككراونەتەوە‌و لەبەرئەوەی وەكو پێوست پەروەردە نەكراون‌و كێشەكانیان چارەسەر نەكراوە، وایان لێهاتووە بەپێچەوانەی نەوەی یەكەم‌و دووەمەوە، زۆر بەئاسانی بكەونە ژێر كاریگەری پڕوپاگەندەوە! 
لەكۆتایی كۆڕەكەشیدا، رۆشنگەرو سیاسەتمەدار مەلا بەختیار، ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد مادام هەین‌و رێگەكەشمان زۆری ماوە بیبڕین، مادام حكومەتەكەمان زۆری ماوە سیستەمەكەی بگۆڕێت‌و هێشتا دەستورمان نییە، ئەوا پێویستە: بەشێك لەئەركە ستراتیجییەكانمان دەبێ‌ راستكردنەوەی ئەو هەڵەیەبێ‌ بۆ پەروەردەكردنی گەنجان! چونكە پەروەردەنەكردن، پێنەگەیاندن‌و تێنەگەیاندنی گەنجانە بوار دەدات، بازرگانی سیاسی، بازرگانی بەم توێژە كۆمەڵایەتی‌و فراوانەوە بكات. بەپێچەوانەوە ئەگەر پەروەردە بكرێن‌و كێشەكانیان چارەسەر بكرێن، خوێندنگەو زانكۆ‌و پەیمانگەكانیان، هەر لەباخچەی ساوایانەوە تا دوا پلە‌و خوێندنی زانستی بەشێوەیەكی پرۆگرامی زانستی بڕوات بەڕێوە (ئەوەی كراوە باشە، ناكرێ‌ چاو لەوە بپۆشین كە كراوە، بەڵام كەمە لەچاو ئەوەی دەبوو بكرێت)‌و ئێمەو مانانیش هێشتا ئەركمانە بەردەوامبین لەو گۆڕانكارییەو لەو جۆرە پەروەردەیەدا‌و جەختیشیكردەوە: ئەم سەردەمە، سەردەمێكی زێڕینە بۆ گەنجان‌و هیچ كام لەنەوەكانی پێشتر، بەقەدەر ئێوەی گەنجی ئەم سەردەمە بەختەوەر نەبووە بۆ ئەوەی دەستی بەزانست‌و زانیارییەكان بگات‌و لێوەی فێرببێت. بەڵام كەموكوڕیتان‌و هەیەو حكومەت كەموكوڕی بەرامبەرتان هەیەو وەكو پێویست نە لەگۆڕینی فەلسەفەی پەروەردە، نە لەبەڕێوەبردنی خوێندنگەكان‌و نە لەجوانتر پەروەردەكردنتان، نە لەژینگەیەكی لەبارتر بۆ ئەوەی ئێوەی گەنجان تواناكانتان‌و ئازادییەكانتان بەیەكەوە ببەستنەوەو خزمەت، هێشتا ئێوە هەقی خۆتانە رەخنە بگرن‌و داخوازییەكانتان بخەنەڕوو، ئێمەو مانانیش پشتیوانیتان بكەین.
هەروەك بەشی دووەمی كۆەكە تایبەت بوو پرسیارو مشت‌ومڕی گەنجان‌و ئامادەبووانی كۆڕەكە، كە تیایدا گفتوگۆیەكی گەرم هەم لەسەر بابەتی كۆڕەكەو هەم لەسەر دۆخی ئێستای كوردستان‌و هەلومەرجەكەش هاتەئاراوە.