ئێوارە كۆرێكی رەخنەیی بۆ رۆمانێك بەڕێوەچوو

رۆشنبیری 27/06/2019


چاودێر - تایبەت
لەهۆڵی كۆبونەوەكانی بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی پێنجوێن، ئێوارە كۆڕێكی رەخنەیی بۆ رۆمانی "ریش حەیدەر"ی ئارام حەسەن كە لەلایەن كۆمەڵەی دۆستانی كتێب – پێنجوێن، رێكخراوبوو بەڕێوەچوو.
ئارام حەسەن، نووسەری رۆمانەكە، بە(چاودێر)ی راگەیاند: بەندە لەدایكبووی ساڵی 1972م لەشاری سلێمانی، خاوەنی چەندین كتێبی ترم و لەپاڵ نووسین، كاری هونەری و شێوەكاری دەكەم، ئەم رۆمانە كۆكراوەی كۆمەڵێك نەریتی ناشرینی كوردەوارییە، ویستومە بیخەمە روو، تاوەكو بەنەوەی نوێی ئەمڕۆی ئاشنا بكەم.
وتیشی" لەرۆمانەكەدا ئەو كلتوور و نەریتە ناشرینانەی بوونەتە رێگر لەبەردەم پێشكەوتنی كۆمەڵگەكەمان باسمانكردووە، دواتر لەچەند قۆناغێكی مێژوویدا رۆمانەكەم بەرجەستە كردووە، لەساڵانی 50 تا نیوەی دووەمی هەزارەی یەكەم، بەزمانێكی كوردەواری بێ پەردە و بەشێوازێكی گاڵتەجاری باسی نەهامەتیەكانم كردووە، هەروەها ویستومە كۆمەڵێك وشەی كۆن ئەوانەی كە لەناو ئێستای كوردەواری مردون، جارێكی تر زیندوویان بكەمەوە، بۆ خوێنەرانی كورد".
ئاماژەی بەوەشكرد: ئەم رۆمانە تەنز ئامێزە و لەپێنج بەش پێكهاتووە 264 لاپەڕەیە.
هاوكات بەختیار عەلی، سەرۆكی كۆمەڵەی دۆستانی كتێب – پێنجوێن، بۆ (چاودێر)، روونیكردەوە،"كۆڕێكمان بۆ ئارام حەسەن رێكخست و لەلایەن رووناكبیر، بەهمەن تاهیر نەریمان خوێندنەوەیەكی رەخنەیی بۆ كرد كە نوێترین بەرهەمی ساڵی 2019ی ئارام حەسەنە".
وتیشی"بەگشتی رۆمانەكە باسی كوردەواری زمانحاڵی ژیانی كۆنی كوردە لەبوارە جیاوازەكان و رەنگدانەوەی ئەو واقیعە كۆنەیە بەزمانێكی پاراو وێنای ئەو سەردەمە دەكات، مەبەستی كۆڕەكەشمان بۆ ناساندن و گفتوكردن بوو لەسەر رۆمانەكە بەهاوڵاتیان و رۆشبیران و گەنجانی پێنجوێن، بەلایەنە باش و نەرێنیەكانیەوە، بۆ ئەوەی رەخنەكەمان شوێنی خۆی بگرێت لەچاپەكانی دواتری نووسەر رەنگ بداتەوە".
ئەوەشی باسكرد: جێگەی داخە كە ئێستا خوێندنەوە بەرەو لاوازی رۆیشتووە، بەڵام ئێمە هەوڵمانداوە جارێكی تر خوێنەر لەگەڵ كتێب ئاشت بكەینەوە.
لەكۆتایشدا دەرگای گفتوگۆ و رەخنە لەسەر رۆمانەكە كرایەوە و بەواژووی نووسەریش ژمارەیەك لەرۆمانەكە درایە ئامادەبووان و خوێنەرانی بەشداربوو.