مەلا بەختیار: کۆنگرەی گۆڕانکاری تاکە رێگەچارەی ئێستای یەکێتیە

کوردستان 26/06/2019

 

 

ئێوارەی رۆژی (26/6/2019) لە هۆڵی خاك لەسلێمانی، بەئامادەبوونی مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی، دووەم رۆژی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی ناوەندی دەرەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە لەژێر دروشمی "بەخۆداچونەوەو نوێبوونەوە، ئامڕازی بەرەوپێشچونە"‌و بەسەرپەرشتی شاناز برایم ئەحمەد لێپرسراوی ناوەندی دەرەوە بەڕێوەدەبرێن، بەڕێوەچوو.
تەوەرە سەرەكییەكانی كۆبوونەوەكەش، بەمەبەستی هەماهەنگی زیاتری نێوان ناوەندی دەرەوەو ئۆرگانەكانی تری یەكێتی لەدەرەوەی وڵات‌و بەهەماهەنگی ئەنجومەنی ناوەندیی ‌و لەپێناو خزمەتكردنی زیاتری هەڤاڵان‌و كادرانی یەكێتی بوو لەدەرەوەی وڵات. 
لەپەیامێكیشدا، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، پاشئەوەی بەوردی هەلومەرجی نێودەوڵەتی‌و دۆخی ناوچەكە، عیراق‌و كوردستانی شرۆڤە كرد‌و كاریگەرییەكانی لەسەر كوردستان رونكردەوە، هاوكات جەختیشی لەچۆنێتی ڕووبەڕبوونەی دۆخەكەو ئەگەرو پێشهاتەكان‌و چۆنێتی تێپەڕاندنیشی كردەوە.
مەلا بەختیار، لەپەیامەكەشیدا، دوابەدوای ئەوەی رۆڵ‌و پێگەی یەكێتی لەرابردووەوە بۆ ئێستا تاوتوێكرد، بۆ تێپەڕاندنی دۆخی ئێستاش، بەستنی كۆنگرەی گۆڕانكارییەكانی بۆ یەكێتی بەتەنها رێگە چارەناوبردو بەپێویستیشزانی سەرجەم هەوڵەكان لەپێناو بەستنی كۆنگرەی نوێبونەوەدا بێت.