مەلا بەختیار: ئێمەی یەكێتی، لەسەدام نەترساوین، ئێستاش نابێ‌ لەسزادانی گەندەڵێك بترسین!

کوردستان 26/06/2019


"پێویستە ئێستا لەهەموو كاتێك زیاتر سوربین لەسەر خزمەتی یەكێتی، هەڵسانەوەی یەكێتی‌و یەكێتی ناو یەكێتی"

"لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، نە نەتەوەیەك هەیە بەقەدەر كورد قوربانی دابێت،
نە حزبێكیش هەیە بەقەدەر یەكێتی خۆڕاگر بووبێت"


مەلا بەختیار، پێشوازی لەژمارەیەك لەخزمانی هەمەوەند دەكات‌و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات: "كەم عەشیرەت هەیە لەمێژوودا بەقەد هەمەوەند دەردەسەری دیبێت‌و خۆیشی گرتبێت".
هەر لەو دیدارەدا كە ئەمڕۆ (26/6/2019) بەڕێوەچوو، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، رونیشیكردەوە: ئەوەی پێیدەوترێت سیاسەتی راگواستن كە رژێمی بەعس بەكاریهێناوە، یەكەمین عەشیرەت، بەرامبەر عەشیرەتی هەمەوەند سیاسەتی راگواستن لەباشوری كوردستان بەكارهاتووە، نەك هەر بۆ خوارووی عیراق، بەڵكو بۆ سۆدان‌و لیبیایان بردن، بۆ ئەوەی لەرەگ‌و ریشەوە هەڵیانبكەنن‌و وتی: 
بەرگەگرتنی ئەو رووداوە، لەو زەمان‌و زەمینەیەدا، بۆ هەمەوەندییەكان بەڵگەی ئەوەیە كە بەراستی عەشیرەتێكی خۆڕاگر، یەكگرتوو، زۆریش ئازابوون! ئەگەرنا چۆن دەتوانی لەسۆدانەوە بگەیتەوە كوردستان؟!
لەدرێژەشدا، وێڕای ئەوەی مەلا بەختیار، خۆشحاڵی خۆی بەسەردانەكەی خزمانی هەمەوەند نیشاندا‌و ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: لەهەموو دیدارێك لەگەڵ خزمانی هەمەوەندا، كۆمەڵێك راستیم بۆ دەردەكەوێت، راشیگەیاند:
ئێوە لەناوچەی چەمچەماڵ‌و تەكیەو ئەو سنورە، نە كەمتان كردووەو نە درەنگ هاتوون، شەهیدتان بەخشیوە، پێشمەرگە بوون، ناوچەكەشتان هەمیشە پڕ لەڕووداو، شەڕو بەدبەختی‌و ئەنفال بووەو هەموو بەدبەختییەكانتان دیوە. خراپترین دۆخیش كە بەسەر كوردستاندا هاتووە، ئەنفال‌و راگواستنی دێهاتەكان‌و كیمیبارانە‌و مان‌و نەمانی كوردیش ئەوكاتە كەوتە غەرغەرەوە، بەڵام ئومێدی گەورە هەبوو خەڵكەكەش چۆكی دانەدا، ئەویش ئومێدی یەكێتی نیشتمانیی  كوردستان بوو.
جەختیشیكردەوە: كام رۆژگار لەپێش پاش ئەنفال لەكوردستاندا تاریكبووە، یەكێتی توانیوێتی ئەستێرەیەكی گەشی كوردایەتی بێت‌و رێپیشاندەرێكی شۆڕشگێڕی دەستبەری ئاییندەی كوردایەتی بێت‌و وتیشی: لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نە نەتەوەیەك هەیە بەقەدەر كورد، قوربانی دابێت. نە حزبێكیش هەیە بەقەدەر یەكێتی نیشتمانیی لەكاتی تەنگانەو قۆناغی سەختدا، خۆڕاگر بووبێت. ئەمەش جێگەی شانازییەكی ئێجگار گەورەیە بۆ نەتەوەكەمان، هەتا گەیاندومانەتە راپەڕین‌و راپەڕینیشمان گەیاندە هەڵبژاردن‌و هەڵبژاردنیشمان گەیاندە فیدراڵ‌و رۆژ بەدوای رۆژ قۆناغێكی تازەمان دەستپێكرد، هەتا هاتوینەتە ئەم رۆژگارە.
هەر لەدرێژەی قسەكاندا، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، پاشئەوەی زانیاریی‌و رونكردنەوەی پێویستی لەسەر قۆناغەكانی گەشەكردن‌و ئاوەدانی لەكوردستان خستەڕوو، ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد: دە ساڵ خزمەت دەكەیت، بەڵام رەفتارێكی خراپی لێپرسراوێك هەموو ئەو دەساڵە لەبیر خەڵكی دەباتەوە‌و لەویژدانیشاندا دەیسڕێتەوە. لەبەر ئەوە ئەو گەندەڵی‌و مشەخۆریی‌و بەدبەختییەی لەم وڵاتەدا هەیە، وایكردووە خەریكە مێژووشمان لەبیری ئەم نەوەیەو خەڵكیشدا نامێنێ‌!و ئەوەشی بۆ سیاسەتی هەڵە، لەدەستدانی متمانە، رەفتاری خراپ، گۆڕانكاری نەكردن، چارەسەرنەكردنی كێشەكان گەڕاندەوە، كە هەموو ئەمانە وردە وردە كاریگەری خراپی لەسەر خەڵك داناوەو متمانەی كەمكردۆتەوە‌و وتی:
پێویستە هەموومان لەدەوری راستییەكان كۆببینەوەو دەبێ‌ ئێوە چەند لەپێشمەرگایەتیدا شەهید‌و قوربانیتان بەخشیوە بۆ ئەوەی یەكێتی شكست نەخوات، هەروەكو چۆن شكستیشی نەخوارد، ئێستاش هەقە هەموومان بەوپەڕی دڵسۆزیی‌و پەرۆشییەوە هەوڵبدەین یەكێتی لەم میحنەتەش رزگار بكەین‌و تاكە رێگەش لەبەردەم یەكێتیدا، تەنها بەستنی كۆنگرەیەو بەكۆنگرە دەتوانین گۆڕانكاری دورست بكەین‌و راشیگەیاند:
جاران میللەتەكەمان لەبەر ئازایەتی لەگەڵماندا بوو، بۆیە نابێ‌ ئێستا بترسین لەوەی گەندەڵێك سزا بدەین. چونكە ئەوكاتە لەسەدام نەترساوین، ئێستاش نابێ‌ لەسزادانی گەندەڵێك بترسین!
لەكۆتایی دیدارەكەشیدا، مەلا بەختیار، رایگەیاند: پێویستە هەموو ئەو رووداوانە هۆشیارترمان بكات، بۆ ئەوەی یەكێتیی دەرباز بكەین‌و نابێ‌ بهێڵین دوژمنەكانی یەكێتی زاڵببن. ئێستاش لەهەموو كاتێك زیاتر، دەبێ‌ پەرۆشبین بۆ هەڵسانەوەی یەكێتی، بۆ ئەوەی هاوسەنگی لەكوردستان تێكنەچێت‌و بۆ ئەوەی خەباتی دیموكراسی‌و شۆڕگێڕێتی، خزمەتگوزاریی‌و دادپەروەری لەكوردستان بەردەوامبێت‌و پێویستە ئێستا لەهەموو كاتێك زیاتر سوربین لەسەر خزمەتی یەكێتی، هەڵسانەوەیی یەكێتی‌و یەكێتی ناو یەكێتی. چونكە یەكێتی خوێنی هەموومانەو كەسیش دەستەبەرداری خوێنی خوێنی نابێت.