هه‌په‌گه‌: ٢٦ سه‌ربازی توركیا كوژران و گورزیش له‌ كۆپته‌رێك درا

کوردستان 26/06/2019

چاودێر:

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) دەربارەی چالاكییەكانی گەریلا ئەمڕۆ ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە كە ئەمە دەقەكەیەتی:

لە چێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی شەهید باگەر و شەهید ڕۆنیا-دا، چالاكییەكانی هێزەكانمان دژبە سوپای توركی داگیركەر بەردەوامن. هێزەكانمان گورزی قورسیان لە داگیركەران دا:

چالاكیی سابوتاژ لە گردی شەكیف 

ڕێكەوتی ٢٤ی حوزەیران\٣ی پووشپەڕ كاتژمێر ١٠ هێزەكانمان لە گردی شەكیف-ی هەرێمی خواكورك دژی یەكینەكانی ئۆپەراسیۆنی سوپای توركی داگیركەر چالاكییەكی سابوتاژیان ئەنجام دا. لەم چالاكییەدا زۆر سەربازی دوژمن كوژران و بریندار بوون بەڵام ژمارەیان ڕوون نەبووەتەوە. دوای چالاكییەكە سوپای توركی داگیركەر بە كۆپتەری سكۆرسكی سەربازە كوژراو و بریندارەكانی لە شوێنەكە گواستەوە.

٢ ئۆتۆمبێلی زرێپۆش تێكشكێنران و ٢٣ سەرباز كوژران

لە هەمان ڕۆژدا سوپای توركی داگیركەر دەیویست لە دەراڤا خەزالكێی نێوان جۆلەمێرگ و چەلێ دەست بە ئۆپەراسیۆن بكات. یەكینەكانی دوژمن لە ناوچەكە كەوتنە ژێر چاودێریی هێزەكانمان. پاش ماوەیەكی درێژ چاودێریكردن، كاتژمێر ٢٠:٣٠ بوونە ئامانجی هێزەكانمان. لەم چالاكییەدا هێزەكانمان لە دوو قۆڵەوە لە ئۆتۆمبێلێكی زرێپۆشی جۆری كرپی-یان دا و تێكیان شكاند. دوای چالاكییەكە ئۆتۆمبێلێكی زرێپۆشی جۆری كۆبرا-ش هاتە ناوچەكە و لە لایەن هێزەكانمانەوە لە دوو قۆڵەوە كرایە‌ ئامانج و تێكشكێنرا‌. چەندین ئۆتۆمبێلی دیكەی زرێپۆش كە بوونەتە ئامانجی هێزەكانمان لە ناوچەكە هەڵاتوون. لەم چالاكییەدا ٢ ئۆتۆمبێلی زرێپۆش تێكشكێنران و ٢٣ سەربازی دوژمن كوژران. هێزەكانی دوژمن هەتا شەو بە هاوكاری فڕۆكە ئاسمانییە بێ فڕۆكەوانەكان سەربازە كوژراو و بریندارەكانی خۆیان لە ناوچەكە دەرخستووە و بەرەبەیانیش پاشماوەی ئۆتۆمبێلەكانیان گواستووەتەوە.

٢ سەرباز لە گەڤەر كوژران

لە ٢٥ی حوزەیران\٤ی پووشپەڕ كاتژمێر ٨:٣٠ هێزەكانمان لە دژی سەربازانی سەر گردی عەلی شێر-ی سەر بە ناوچەی گەڤەری پارێزگەی جۆلەمێرگ چالاكییەكیان ئەنجام دا. لە سەنگەر و پەناگەكانی دوژمنیان دا و ٢ سەرباز كوژران.

گورز لە كۆپتەرێك درا

لە هەمان ڕۆژدا كاتژمێر ١٢:٣٠ هێزەكانمان دوو كۆپتەری جۆری كۆبرا-یان كردە ئامانج كە لە چەلێ-وە بەرەو جۆلەمێرگ دەچوون. هێزەكانمان لە كۆپتەرێكیان داوە. كۆپتەرەكە گورزی بەركەوتووە و ناچار بووە لە ناوچەكە بكشێتەوە.

چالاكی لە شەمزینان

هەمان ڕۆژ كاتژمێر ١٣ هێزەكانمان لە دژی سەربازانی توركی داگیركەر لە دەڤەری دەریێ پەنا گۆڤەندێ لە سنووری ناوچەی شەمزینان چالاكییەكیان ئەنجام دا. لەم چالاكییەدا سەربازێكی دوژمن كوژرا.

هاوكات لەگەڵ ئەم چالاكییەی هێزەكانمان، كاتژمێر ١٣:١٥ لە دژی یەكینەكانی سوپای توركی داگیركەر لە گردی خوەدێی ئاڤاشین چالاكییەكیان كرد. ڕوون نەبووەتەوە لەم چالاكییەدا چەند سەرباز كوژران و بریندار بوون.

بەهۆی بۆردومانەكان ئاگر لە دارستان كەوتەوە

دوای ئەم چالاكییانە سوپای توركی داگیركەر بە ئۆبوس و هاوەن لە ناوچەكەیان داوە. بەهۆی بۆردومان ئاگر لە دارستان كەوتووەتەوە. یەكینەكانی ئێمە كە چالاكییان كردووە، بەسەلامەتی گەیشتوونەتەوە بنكەكانی خۆیان.

ئۆپەراسیۆن لە هەرەكۆل

ڕێكەوتی ٢٠ی حوزەیران\٣٠ی جۆزەردان سوپای توركی داگیركەر لە ناوچەی هەرەكۆل-ی شاری سێرت دەستی بە ئۆپەراسیۆنی داگیركاری كردووە. لە ٢١ی حوزەیران\٣١ی جۆزەردان كاتژمێر ١٠ فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای توركی داگیركەر و كۆپتەرەكانی بۆردومانی ناوچەكانی بێمەرەش، شەهید جانخۆرت، شاشك و كوناڤێیان كردووە. دوای بۆردومانەكە سوپای توركی داگیركەر بە كۆپتەر سەربازیان لە ناوچەكە دابەزاندووە و دەستیان بە گەڕان و پشكنین كردووە. ڕۆژی ٢٢ی حوزەیران\١ی پووشپەڕ كاتژمێر ١٢ بەبێ ئەنجام پاشەكشەیان كردووە. دەوڵەتی توركی داگیركەر لە ڕێی مێدیاكانییەوە بانگەشەی شەهیدبوونی ٦ گەریلای كردووە. ئەم هەواڵە درۆیە و بەشێكە لە شەڕی تایبەت. پێویستە گەلەكەمان و ڕای گشتی گوێ نەدەنە هەواڵی درۆ. لە ئۆپەراسیۆنەكەدا هیچ زیانێك بە هێزەكانمان نەگەیشتووە.

لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی ٣ گەریلا شەهید بوون

ڕۆژی ٢٢ی حوزەیران\١ی پووشپەڕ سوپای توركی داگیركەر لە سنووری گوندی قەنجا-ی ناوچەی تەتوان-ی بەدلیس دەستی بە ئۆپەراسیۆن كردووە. هەمان ڕۆژ فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای توركی داگیركەر كاتژمێر ٢١:٣٠ بەچڕی بۆردومانی ناوچەكەیان كردووە. لەو بۆردومانەدا ٣ هاوڕێمان شەهید بوون. زانیاری دەربارەی ناسنامەی هاوڕێیانی شەهید دواتر بۆ ڕای گشتی بڵاودەكەینەوە.

لە چەمچە كۆنترایەك سزا درا

ڕۆژی ٢٢ی حوزەیران\١ی پووشپەڕ هێزەكانمان لە دەڤەری چەمچە-ی سەر بە ناوچەی قاخزمان-ی قەرس كۆنترایەكیان بە ناوی سلێمان گولدەرە بە سزا گەیاندووە. ئەم كەسە كە لەگەڵ دەوڵەتی توركی داگیركەر كاری دەكرد، ساڵی ٢٠١٠ لە ناوچەی قاخزمان-ی قەرس دەستی هەبووە لە شەهیدبوونی هاوڕێیانمان فورات موونزوور (گۆكمان ئاكپۆلات) و هاڕوون شیار (عەلی جیلۆ). دوای چالاكییەكە سوپای توركی داگیركەر بە كۆپتەری سكۆرسكی سەربازی هێناوەتە ناوچەكە و تەرمی كۆنترا (ئەندامی هێزی دژەگەریلا)كەیان هەڵگرتووەتەوە. مێدیای توركی داگیركەر لە هەواڵەكانیدا ئەو كەسە وەك شوان و وەك كەسێكی بێ تاوان دەناسێنێت. ئەمە ڕاست نییە. كەسانی هاوشێوەی ئەو كۆنترایە كە لە شەهیدكردنی هاوڕێیانی ئێمەدا ڕۆڵیان هەبێت لە هەر شوێنێك بن سزای پێویست دەدرێن.

فڕۆكە جەنگییەكان بۆردومانی هەرێمەكانی پاراستنی مەدیایان كرد

فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای توركی داگیركەر لە دژی هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا هێرشی ئاسمانییان ئەنجام دا. لەم چوارچێوەیەدا:

ڕۆژی ٢٤ی حوزەیران\٣ی پووشپەڕ فڕۆكە جەنگییەكان لەنێوان كاتژمێر ١١ و ١٢ی شەودا بۆردومانی دەشتی كافیە-ی هەرێمی گارەیان كرد.

ڕۆژی ٢٥ی حوزەیران\٤ی پووشپەڕ فڕۆكە جەنگییەكان كاتژمێر ٨ بۆمبارانی ناوچەی خنێرە-ی خواكورك، كاتژمێر ٨:٣٠ و ١٢ بۆردومانی گردی هەكاریی هەرێمی مەتینان-یان كرد.

ڕۆژی ٢٦ی حوزەیران\٥ی پووشپەڕ (ئەمڕۆ) كاتژمێر ٧:٣٠ فڕۆكە جەنگییەكان بۆردومانی ناوچەی كێلەشین-ی هەرێمی خواكورك-یان كرد.

لەو بۆردومانانەدا هیچ زیانێك بە هێزەكانمان نەگەیشتووە.