بە پلیکانەدا.. هەتا ژوورەکەی ئەو!

ڕەخنەی چاودێر 26/06/2019

بە پلیکانەدا..
هەتا ژوورەکەی ئەو!

شێرکۆ بێکەس


هەموو یەک شەممەیەک لەوێ
وەک کڵێسەیەکی گەڕۆکی بچکۆلەبم
لەبەر "دیا" و
عەشقی "دیا"
ئەبووم بە تاڵە موویەکی ڕیشی عیسا
ئەبووم بە خاچ.. لەبەر "دیا"
ئەبووم بە پەلکی ڕووخۆشی
سنەوبەری "کریسمس" و
بە "ئەیقوون"ـی خۆشەویستی پاکیزەیی و
مۆمێکی نیوە سوتاوی
بەر پێی "عەزرا"

هەموو یەک شەممەیەک لەبەر دیا
بە زستانان، تەم و مژی کۆنە شارم
لە غەریبی و لە باڵامەوە ئەپێچا.
بەفر بە خرچەخرچەوە لەژێر پێمدا و
بە پاڵتۆیەکی ڕەشەوە
ملیوانەی هەڵبڕدراوی لە پشتەوە بۆ سەرەوە
قۆپچەی زل زل
لەخوار ئەژنۆوە بۆ سەرێ، هەتاکوو بەر بینەقاقا
داخراو و
چەمکێکی مل پێچی سوورم بە دەرەوە و
ئەکەوتمەڕێ بۆلای دیا.

هەموو، هەموو یەک شەممەیەک
ئەتوت تارمایی شیعرێکی بێ ئیقامەم
وام ئەزانی لە سیلەی هەر
جادەیەک و کۆڵانێکدا
ترسێکی زلی چوارشانە
وەک پۆلیسی سوور و سپی و کەڵەگەتی
جلی بەر قەرەباڵغی
شاری ئەوێ
یەکێکیانم بۆ وەستاوە و بانگم ئەکا و
داوای پێناسەم لێئەکا!

هەموو یەک شەممەیەک بە ئێواران
زڕەی زەنگێک لە سەعات شەشی تەواودا
لە ناوەوەمدا لێی ئەدا.. نەمئەزانی
دەستی مەسیحە لێی ئەدا؟ یاخود ئەوە جەستەی
ئەو بوو کە لەبەر چاوی من ئەبوو بە خاچ؟
یاخود وەهمی
ئەو مەراق و ترسانە بوون
کە لەگەڵ خۆم وەکوو چاو و دەست و پەنجەم
هێنابوومن، بۆ ئەوروپا؟
لە ئێستەیشدا بوونەتە نامۆیی سپی و
ساردی ئێرە و
ناوبەناوێ لە بوولێڵێکی چەپەکدا
خۆیان نیشانی من ئەدا؟!

"کە نامۆبوویت و تەنیاییت
لەباتی خۆت کەوتە وڕێنەکردن و 
سەریشت بوو بە کونەبا
ئیتر تۆ ئاگات لێ نییە و هەر نایشزانی
کە چارەنووس وەک پەڕێکی
ناو گەرداوی کەنار زەریا
بۆ کوێت ئەبا؟!

لە سەعات شەشی تەواودا بۆلای دیا
"بۆ یەکەمجار لە مانگی گوڵاندا بینیم
لە هۆڵێکدا، کە "هەڵەبجە"
دەرگای گەورەی
هاتنە ژوورەوەی خەڵکی بوو. لەوێ ناسیم.
دیا لە خۆشەویستیی ژنێکی ئەفریقاوە
بۆ منداڵێکی ئاسیا و بۆ کۆترێکی لاتین و
تا ورچێکی ئەو قوتبانە و
تا دارتوویەکی ئۆگەندا و
هەتا ئەگاتە سەر خەمی
کەنگرێکی ئوسترالیا..
هەموویانی لەناو دڵیا ڕیزکردبوو
"ئەو" ژنێ بوو هەموو دنیای لەناودابوو
"دیا" وابوو!

دیا نووکی قەڵەمە زەردەکەی هەنگ بوو
لەسەر هەموو گوڵێکی گۆی زەوی ئەنیشتەوە و
بەیەکەوە
هیوا و ئازاری ئەمژی و
لەدواییدا ئەیکردن بە شانەی وتار
شانەی ستوونی ڕۆژنامە و شانەی شانۆ و
بەسەر خۆشەویستیی بێداڵدەدا
بەسەر لێوی منداڵاندا و
بەسەر هەتاوی ئاوارە و
شیعری بێ چەتر و چیرۆکی بێ پێڵاودا
چون یەک دابەشی ئەکردن.
بۆ یەکەمجار لە مانگی گوڵاندا بینیم
بەڵام لە مانگی خەزاندا
لە ژوورە بەرزەکەی خۆیدا و
لەبەرچاوی پشیلەکەی
تێکەڵ بووین و باوەشمانکرد بەیەکتردا.

لە سەعات شەشی تەواودا
بەسەر هەشتا پلیکانەی تەسکا
بەسەر هەشتا پلیکانەی عەشقا
بەسەر هەشتا ئارەزوودا
بەسەر هەشتا پلەی خەونا
سەرئەکەوم بۆلای دیا

"لە یەک وەختا دیا چەپ و عیساییش بوو
لە چەپیاندا بۆ ڕۆژنامە
هەر خەریکی کۆکردنەوەی
فرمێسکی وەک هەڵەبجە بوو
بۆ دووەمیش ئازاری پێغەمبەرێکی
پەرەوازەی، وەکوو ڕاستی و
وەکوو خاچ دابوو بە کۆڵدا"

لەوێ، هەموو یەک شەممەیەک..
تەنها هەر خودا و (با)ی بەفر
ئەیانزانی بۆ کوێ ئەچم!
هەموو یەک شەممەیەک سەرما
بە زستانان، لە دەرەوەی جەستەی مندا
لە پلەکانی خوارەوەی، زۆر خوارەوەی
ژێر سفرا بوون
بەڵام لە ناوەوەی مندا.. بۆلای دیا
ژمارە ئەچوونە سەرێ و
لە خانەی دەروون و سەرما
ئەوینێ ئەیکرد بە گەرما
سەهۆڵبەندانی شیعریشی تیا ئەسووتا
چ دۆزەخێکی فێنکە
عەشقی دیا
بۆلای دیا

هەموو یەک شەممەیەک عەشق
بەناو کۆنە شار و کۆنە یادگار و کۆنە شیعر و
کۆنە چوخما ئەیگەڕانم
شەقامەکان.. بۆنی چۆڵی و
گڵۆپەکان.. بۆنی تیشکێکی زەردباو و
کۆڵانەکان.. بۆنی تەنیاییەکی زۆر گۆشەگیریان
لێوەئەهات
هاڵاوی دەمی کافتریا
بۆنی تووتنی جگەرە و بۆنی بیرە و
ماڵەکان بۆنی شەراب و
چەرداخەکان بۆنی ڕیقنەی کۆترەکان و
چوخمیش بۆنی مێژوویەکی کەڕوگرتووی
لێوەئەهات.
لەبنەوەیش
هەندێ دیواری ناو "تونێل بان"یش
بۆنی قژ و سمێڵی "سترن بێریان"
لێوەئەهات!

عەشق.. ئەیگەڕانم.. عەشق
بە شەقامی مۆسیقادا ئەیگەڕانم
بەناو باخچەی تابلۆکاندا ئەیگەڕانم
ئەیخستمە ناو کێڵگەی گوڵەبەڕۆژە و
قسەم لەگەڵ (ڤان کوخ) ئەکرد..
عەشق.. ئەیگەڕانم.. عەشق
بەیەکەوە ئەبووین بە میوانی "پرسیار"
بەیەکەوە ئەچووینە ماڵی "گومان" و
لەوسەرەوە، کە ئەهاتینە دەرەوە
گومانمان ئەکرد لە چاومان
گومانمان ئەکرد لە دەستمان!.

عەشق ئەیگەڕانم عەشق
لەم شارەدا ئازادی و با لەیەک ئەچن
لەم شارەدا بەفر و ئاشتی
وەکوو یەکن

سەعات شەش هێشتا لەوسەرە و،
لەپێشمەوە چاوەڕوانە و من لەدواوەم
ئا ئێستاکە سەعات پێنجە
نزیک ماڵە بێ باوک و دایکەکەی دیا
نزیک ژوورە لەق لەقەکەی دیا
کافتریایەک بەدی ئەکەم
وێنەی کوپە قاوەیەکی هاڵاوبەسەر
کە هەر بە ڕەنگی قاوەیی
لەسەر جامخانەی کێشراوە"

   ((دەسکی زۆر تەزیوی دەرگا ڕائەکێشم. کە پێ ئەنێمە ناوەوە، لەوسەر زەنگێک چەندجارێ ئەزرنگێتەوە. وەکوو بە خاوەن قاوەخانەکە بڵێت "وا یەکێکی تری تازە هاتەژوورێ" ئەچمە ژوورێ، هەوایەکی گەرم گەرم لە دەم و چاوم ئەدات و هەر دەم و دەست پاڵتۆی قورسم دائەکەنم. هەردوو پەڕەی گوێی تەزیوم ئەگڵۆفم و مل پێچ ڕائەکێشمە دەرێ. دوو قۆپچەی سەر سنگی کراس ئەکەمەوە. تۆپەڵێ تووک دەرئەکەوێ. دوو سێ جارێ مشەمشێ و هەردوو دەست لەیەک ئەخشێنم. پانتۆڵ گورجتر ئەکەمەوە. چاو ئەگێڕم و مێزێکی چۆڵ ئەدۆزمەوە. کچێک وەک گوڵە مێلاقە لەبەردەمما ڕائەوەستێ "لەناو خەوێکی شیعردا من ئەم گوڵە مێلاقەیەم دیوە" داوای قاوەیەک ئەکەم و هەر لە تەنیشتی جامخانەی لووس و پووسی بێگەردەوە دائەنیشم. دیسانەوە بەفر ئەبارێ. بەفر کە ئەوەندە باری ئێسک سووکی لەدەست ئەدا و ڕەزای تەواو گران ئەبێ. چاوم لێیە لە دەرەوە لەژێر چەترێکی زەردباودا، ژن و پیاوێ، یەکی دەستێکیان کردۆتە ملی یەک و بە هەنگاوی خێراخێرا ئەڕۆن بەرەو جادەی سەرێ. هەر لە دەرێ، لەوبەرەوە. پشیلەیەکی قەترانی لەناکاوێ دەرئەپەڕی و لەلایەوە پیرێژنێکی پاڵتۆ سوور دائەچڵەکی. پیرێژن لەژێر چەترێکی سەوزدایە. کە تازە کلوو خەریکە بە توێژاڵێکی زۆر تەنک ڕەنگە کەسکەکەی بگۆڕێ. پیرێژن ورد ورد ئەڕوات و بە هێواشی پێ دائەنێ تا نەخلیسکێ و تا نەکەوێ. چاو بەرزتر ئەکەمەوە. بۆ باڵەخانەی ئەوبەرم. لەناو ژوورێکی ڕووناکدا، پەردەی پەنجەرە لادرا و، کوڕێکی باریکی قژخاو. خەریکی گیتار لێدانە و بەڵام ئەفسووس من لێرەوە هیچ نابیسم. لەخۆمەوە دەفتەری بەر باخەڵەکەم دەرئەهێنم. ڕەسمێکی تازەی دایکم ئەبینم. بە دوو پەنجە دەریدێنم و ئەمە ڕەنگە هەزارەمین جار بێ تەماشایکەم بەڵام چۆن تێر لە ئاو ئەخورێ. سرکەیی مۆری ماچ ئەکەم. کۆڵوانەکەی، نقیمی موستیلەی پەنجەی دەستی ڕاستی. مێخەک بەنگەکەی ماچ ئەکەم. بەفر ئەبارێ، بەفر و دەم و چاوی دایکم. تێکەڵ بە یەکتری ئەبن. دوو پەنجەم ڕوومەتم ئەسڕن. بیرکردن و وێنەی دایکم بەیەکەوە ئەخەمەوە بەر باخەڵم))

دێمەوە ناو چایخانەکە
شێوەی پیاوێک.. بەوبەرمەوە
ئەمباتەوە بۆ شارەکەم
"ئەگەڕێمەوە بۆ سلێمانی 
ئەچمەوە ناو شەستەکانی سەدەی پێشوو
چایخانەکەی "حاجی ساڵح".
لە دەرەوە و، لە سەربان و
لەسەر شووشەی جامخانەکە 
خرمەژنێکی دەنگ تیژ دێ
گوێمان لە تاوە تەرزەیە و دائەڕژێ
زۆپای بە دار داگیرساوی نێڵەنێڵدار
لایەکی زۆر سووربۆتەوە و لایەکی کەم"
لەناکاوێ
دائەچڵەکم
وەختێ پیاوێ
وەک سەهۆڵاوێ بکاتە پشت ملمەوە 
بە سویدی لێم ئەپرسێ سەعات چەندە؟

بۆ سەعات شەش..
هێشتا هەنگاوی دە خولەک ماوە بڕوا و
بگاتەجێ
هەڵئەسم و پارەی قاوەکەم ئەدەم و پاڵتۆ ئەکەمەوە
بەرم و مل پێچ ئەئاڵێنمە ملم و هەتا ئەگەمە بەر دەرگای
ماڵی دیا بەفر ق مل پێچ ژ و هەردوو شانم سپی ئەکا. پەنجە 
ئەنێم بە جەڕەسدا و دەرگاکەم بۆ ئەکرێتەوە.

بۆ سەعات شەش
هەرچەند خولەکێکی ماوە
هەشتا پلیکە بۆ سەرێ
هەشتا وشە بۆ شیعرێک و 
هەشتا خەون بۆ عەشقێک و
هەشتا هەنگاو بەرەو "ژوورێک"
من ئێستا ئاوێتەیەکم
لە مانگەشەو و لە بەفر.
هەشتا پلیکە بۆ سەرێ
بەرەو ژووری ژنە هەورێ
هەشتا خۆزگە و یەک شەممەیەک
نیوەی فڕینم بڕیوە
چل ڕەنگم داوە لە جەستەم
نامۆییم داگیرساندووە.
چل تەماشام بوون بە تەیر و
چل هەناسەم بوون بە گوڵ و
چل گوڵم بوون بە چل پەخشان.
شەست پلیکەم بوون بە ڕووبار
ڕووبارم بوون بە ڕۆمان و
ڕۆمانیشم بوون بە ئاسمان.
حەفتا پلیکە بۆ سەرێ
گەورەبووە قەسیدەکەم.
بەرزەفڕە خەونەکەم و
وا خەریکە پێ بخاتە ناو ژوورەکەی.
حەفتا و پێنج گوڵە لاولاوی
هەڵزناو بەم خانووەدا.
حەفتا و شەش ئاوێنە بە ڕیز.
حەفتا و حەوت گۆمیلکەی شین شین.
حەفتا و هەشت چرای بچووک و
حەفتا و نۆ پەنجەرەی مەست و
هەشتا ماچ و
هەشتا باوەش
دەرگای دیا ئەکرێتەوە و
پشیلەکەی لە باوەشیا و
ئەوسا ئیتر
پێ ئەخەمە ژوورێکەوە
لێوان لێوە و پڕاوپڕە
لە شەراب و لە مۆسیقا و
لە شیعر و عەشق!


سلێمانی ٢٨/١/٢٠١٣