چۆن دەزانیت منداڵەكەت ڕێژەی خوێنی دابەزیوە؟

تەندروستی 26/06/2019


چاودێر: تابان رەزا
خوێن  بەیەكێك لە سیستەمە گرنگەكانی لەش  دادەنرێت، كە بە هۆیەوە هەم خۆراك و هەم ئۆكسیجین دەگاتە بەشە جیا جیاكانی لەش،  هەربۆیە هەركاتێك خوێن لە لەشدا كەم بێت كەم خەوی و كەم خۆراكی و تێكچوون و وەستانی گەشەیی منداڵ و هەندێ گۆرانكاری تر دروست دەبێت، پزیشكێكی پسپۆڕیش، دەڵێت"  هۆكاری سەرەكی توشبون بە كەم خوێنی لەمنداڵدا كەمی  مادەی ئاسنە.

گرنگی خوێن بۆ لەش
د.ئازاد  علی، پسپۆڕی نەخۆشیەكانی منداڵان، ئاماژەبەوەدەكات،  خوێن یەكێكە لە سیستەمە گرنگەكانی لەش كە بە هۆیەوە هەم خۆراك و هەم ئۆكسیجین دەگاتە بەشە جیا جیاكانی لەش و زۆر پێویستە بۆ كار و فرمانەكانی لەش و درێژە دان بە ژیان،خڕۆكەسوورەكانی خوێن كە یەكێكە لە پێكهاتە سەرەكیەكانی خوێن ئەم ئەركەیان هەیە.
‎ ناوبراو وتیشی، ئەم خڕۆكانە مەودای ژیانیان دیاری كراوە و بە بەردەوام هەم كاتی كۆرپەلە و هەمیش دواتر لە دروست بوون و لە ناو چووندان، بۆ ئەوەی بتوانن بە ئەركی خۆیان هەڵبستن پێویستیان بە ئاگاداری زیاتری دایك و باوك هەیە لەو خۆراكانەی دەدرێت بە منداڵەكان.

كاتێك خۆێن لە لەشدا كەم دەبێت چی روودەدات؟
ئەو پزیشكە پسپۆڕە، باس لەوەدەكات، زۆربەی كات دابەزینی رێژەی خوێن لە لەشدا دەبێتە هۆی تێك چوون لە رەنگی منداڵ و زەردوویی،كەم خەوی و كەم خۆراكی،تێك چوون و وەستانی گەشەیی منداڵ،زوو هیلاك بوون   و عارەقە كردن ، هەندێك جاریش ژیانی منداڵ بە هۆیەو دەكەوێتە مەترسیەوە.

 وتیشی، مادەی ئاسن یەكێكە لەو شتانەی كە بۆ بەردەوام درووست بوونی خوێن زۆر گرنگەكە بە بڕی ۱ ملگم بۆ هەر كیلۆ لە كێشی منداڵ پێویستە لە خوێندا هەبێت تا هەم خوێن درووست ببێت و هەمیش لە لەشدا كۆ ببێتەوە و لە كاتی خۆیدا بە كار بێت.

هۆكارەكانی كەم خوێنی لە منداڵدا 
د. ئازاد عەلی، دەڵێت" هۆكاری سەرەكی لە منداڵدا بۆ كەم خوێنی، كەمی مادەی ئاسنەكە منداڵ لە خۆراك و هەندێك جاریش بە شێوەی چارەسەر چ بە شێوەی دەرمان یان شیری دەوڵەمەند بە ئاسن وەری دەگرێت لە دوای تەمەنی شەش مانگیەوە،لەو تەمەنە بە دواوە ئامۆژگاری دایكان و باوكان دەكرێ كە دەست بكەن بە خۆراكی پاڵپشت بۆ منداڵەكانیان، بە تایبەت ئەو خۆراكانەی كە دەوڵەمەندە بە مادەی ئاسن و لە كاتی هەر كێشەیەك سەردانی پزیشكی پسپۆر بكەن  بۆ دڵنیا بوونەوە"