وردەکاریی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی یەکێتی و پارتی

کوردستان 26/06/2019

چاودێر


وا بڕیارە ئەمڕۆ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کۆ ببنەوە و بە پێی زانیارییەکانی بەردەست "چاودێر"یش کۆبوونەوەکە تایبەتە بە پرسی دانانی پارێزگاری کەرکوک و بەرپرسێکی یەکێتیش دەڵێت ئەگەری ڕێککەوتن نزیکە.


وەفدێکی یەکێتی هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ مەسرور بارزانی، کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم کۆبوونەتەوە و ڕایانگەیاندووە بە بێ دیاریکردن و ڕێککەوتن لەسەر کەسێک بۆ پارێزگاری کەرکوک یەکێتی سیڤیی وەزیرەکانی بۆ کابینەی نوێی حکومەت پێشکەش ناکات، ئەم کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆشیان هەر لەسەر ئەو پرسەیە.


بە پێی زانیارییەکانی "چاودێر"، پارتی پێی باشە یان فەرەیدوون عەبدولقادر، یاخود عەبدولڕەحمان مستەفا، پارێزگاری پشێووتری کەرکوک ببێتە پارێزگار و ئەمڕۆش ئەو پەیامە دەدەنەوە بە یەکێتی، هەرچی یەکێتیشە دەڵێن لە نێوان ڕزگار عەلی، خالید شوانی و عومەر ئیجنە، جێگری سەرۆکی زانکۆی کەرکوک یەکێکیان بکرێنە پارێزگار.


عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە سایتی "دواڕۆژ"ی ڕاگەیاندووە، هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی لەسەر کەسێک بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک ڕێک بکەون.


وتوشیەتی: "ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە کرا تا ڕۆژی شەممەی داهاتوو یەکێتی سیڤیی کاندیدەکانی دەداتە مەسرور بارزانی."