شەڕی ئامۆزا ئیماراتیەكان لەپریمەرلیگ

وەرزش 24/06/2019


یانەی نیوكاسڵ یونایتدی ئینگلیزی رۆیشتنی رافائیل بینیتێزی ئیسپانی لە ئەركی راهێنەرایەتی یانەكە راگەیاند، دوای ئەوەی لە ٣٠ حوزەیرانی ئەمساڵ كۆتایی بە گرێبەستەكەی دێت، لەماوەی رابردوشدا یانەكە زۆر هەوڵیداوە بە دەستوارەیەكی نوێ‌ راهێنەرە ئیسپانیە قایل بكات بە مانەوە لە ئەركەكەی، بەڵام نەگەیشتنەتە رێكەوتن.
لەلایەن خۆیەوە یانەی نیوكاسڵ سوپاسی ئەو راهێنەرەی كرد، كە دوای چەند مانگێك لە وەرگرتنی ئەركی راهێنانی یانەی ریال مەدریدو لابردنی لەپۆستەكەی، راستەوخۆ لە ساڵی ٢٠١٦ ئەركی مەشقی یانەكەی وەرگرت. بەپێی راپۆرتە وەرزشیەكانیش باس لەوە دەكەن هەواری نوێی رافا یانەی چێڵسیە.
لە مانگی پێنجی رابردوەوە خاوەندارێتی یانەی نیوكاسڵ گەڕاوەتەوە بۆ شێخ خالید بن زاید ئالنهەیانی ئامۆزای شێخ مەنسور ئالنهەیان خاوەنی یانەی مانچستەر سیتی، بۆیە ئیدارەی یانەكە لەبیری ئەوەدایە وەبەرهێنانی گەورە لە یانەكەدا بكات و یەكەم ئامانجیشی خۆزێ‌ مۆرینۆی پورتوگالیە، كە ئەركی یانەكەی پێ‌ بسپێرێت. ئەمە جگە لەوەی لەرابردودا مۆرینۆ رایگەیاندوە كە خوازیارە ئەركی راهێنانی هەڵبژاردەیەك بگرێتە ئەستۆ.