رائول، ئەركی راهێنانی كاستیای مەدریدی وەگرت

وەرزش 24/06/2019


ئیدارەی یانەی ریال مەدرید رائول گۆنزالیسی وەك راهێنەری تیپی (كاستیا)ی یانەكەی دیاریكرد، بڕیاری ئیدارەی یانەكە وەك دەستپێكی نوێیە بۆ ئەو راهێنەرەو دەیەوێت هەمان رێچكەی زێدان پیادە بكات.
رائولی تەمەن 41 ساڵ، سەرەتای دەستپێكی پیشەگەری لە تیپی كاستیای ریال مەدرید ساڵی 1994 دەستیپێكرد، ناوبراو یەكێكە لەو یاریزانانەی زۆرترین درێسی یانەكەی پۆشیوەو، نزیكەی 741 یاری بۆ كردووە كە 550 یان لە خولی ئیسپانیادا بووەو 323 گۆڵی تۆمار كردووە كە 228 یان لە خولی ئیسپانیادا بووە.
ساڵی 2010 بۆ ئەو یاریزانە كۆتا وەرز بوە لە یانە شاهانەكە، دواتر رویكردۆتە یانەی شالكەی ئەڵمانی، ساڵی 2012 چۆتە یانەی سەدی قەتەری،  دوا وەزری كۆتایشی ساڵی 2014 – 2015 بوە لە یانەی نیۆرك كوزموسی ئەمەریكی.
لە ژیانی وەرزشیدا لەگەڵ یانەی ریال مەدرید شەش جار بۆتە پاڵەوانی خولی ئیسپانیاو سـێ‌ جاریش خولی  یانە پاڵەوانەكالنی ئەوروپا.