پەنجەرەیەکی دوور لە شارێکی دوور

ڕەخنەی چاودێر 24/06/2019

پەنجەرەیەکی دوور لە شارێکی دوور
شەنگار سابیر

ھەموو بەیانیەک یەکەم ئیشت ئەوە بوو لەبەردەم پەنجەرەکەتدا کەمێک ورگت بخورێنیت. ھەمیشە دەتگوت وەستان لە بەردەم پەنجەرە جگە لە درۆیەکی گەورە ھیچیتر نیە ، ھیچ کات وەکوو خەڵکی نەت دەتوانی بە دیار مانگەوە مەست ببیت و خەیاڵ بکەیت ، بەڵکو مانگ بۆتۆ بەردەوام تەنێکی کۆسمۆگۆنی بووە و ھیچیتر.
ھیچ شیعریەتێکت لەو ڕەنگە ترساوەیدا نەدەدۆزیەوە. بەڵام کێشەی تۆ لەگەڵ خودی ئاسمان بوو، ئەو شوێنەی جگە لە تاریکیەکی قوڵ ھیچیتری لێنیە. بۆشاییەکە و جگە لە بۆشایش ھیچ مەخلوقێکیتری تیا نیە. ھێشتا خەو بەری نەداویت، جگەرەیەک لە و پاکەتە قاچاخەی کڕیوتە دەردەھێنیت. زەردەخەنەیەکی گاڵتە جارانە دێتە سەر لێوەکانت، دەتپرسی ئایە دەکرێت لە سەر زەمینێک کە پڕبێت لە کارگەی زەبەلاحی جگەرە ، ئێمە لە وێرانە خاکی خۆمانەوە بە قاچاخ بۆمان بێتەوەو بیکڕین؟ مرۆڤ گەر چی مەخلوقێکی ئاڵۆزە ، بەڵام بارتەقای ئاڵۆزیشی بوونەوەرێکی قەشمەرە ، جنسێکە بە ئاوەزە لە تەک گەمژەییدا. ھەمیشە لە گەڵ دۆستە سەرخۆشەکانتدا باسی ئەوەت دەکرد ، کە ئێمە نیشتیمانمان تەنھا لەبەر یەک ھۆکار جێھێشتووە ، ئەویش بیریتیە لەوەی بیری بکەین. ئێمە بە جێمان ھێشت تا بە جۆرێکیتر بیدۆزینەوە ، ڕامانکرد لە دەستی تا لە زەمانێکیتردا ڕابکەینەوە بە دوایدا. لێرە و لەم سەرزەمینە دورانە بەردەوام یادی دەکەینەوە، ئەوە ئیشی ئێمەیە، ئیشی ئەو رۆحلبەرەیە کە ناوی مرۆڤە. لێرە ھێندەی مەبەستمانە دەست بە یادەوەریەکانمانەوە بگرین، بایی ئەوە لامان گرنگ نیە کە ئایندە چی ڕوودەدات. جگەرەکەت داگیرساند و چویتەوە بەردەم پەنجەرەکە ، ساڵانێکە تاقەتت نەماوە لە ھیچ کۆڕ و مەجلیسێکدا باسی خۆکوشتن بکەیت، لە ڕاستیدا پێکەنینت بە ھەموو شتێک دێت. تەنانەت باشترین جۆر عارەقیشت پەیدا کردوە و بەڵام تامی جاران نادات بۆتۆ، لە راستیدا تۆ بەدوای ھەموو ئەو شتانەدا دەگەڕێیت کە جێت ھێشتوون. بەڵام بۆ دەبوو جێی بێڵیت؟ مردوە گەڕۆکەکانی شەوان بوون ، یان تارمایی دۆستەکانت، ڕاکردن بوو لە دەست شکستەکانت ، یان وەک گۆندۆریە بچوکەکان دەتویست ژیانێکیتر بژیت. ئا...ژیانێک ڕێک ئەوەی لە فیلمەکاندایە ، خەونت ئەوە بوو وەک کاوبۆیە کۆنەکان ھاوینانی گەرم جینسێکی شین لە بەربکەیت و جگەرە پۆلیڤی بکێشیت. تا چی ببێت؟ تا ئەوەی بە چی بگەیت؟ خەونی تۆ بریتی بوو لە لاسایی کردنەوەی فیلمەکان، ئەو ژیانەی ھەتبوو ترسناکتر بوون لە فیلمەکانی ھیچکۆک». دەتویست چیتر تاقی« بکەیتەوە؟ جگەرەکەت لە تەپڵەکە کەدا کوژاندەوە ، ئێستا ئیدی وەک جاران نیە، جاران یەکەم شت کوپێک قاوەیی خەستت دروستدەکرد و مۆسیقایەکی قۆناغی باڕۆکت پێدەکرد ، ئەو بە ئارامییەکی سەرشار لە غرورەوە سەیری رۆژێکیترت دەکرد. ئێستا بۆ دروستکردنی کوپێک قاوە دەبێت شەست و سێ پلیکانە ببریت بۆ خوارەوە تا بگەیت بە مەقسەدی خۆت و پاشانیش شەست و سێ پلیکانەی تر ببڕیت تا دەگەیتەوە سەرەوە و دەچیتەوە بەردەم پەنجەرەکەت. دیسان خەندەیەکی تاڵیتر دێتە سەر لێوت ، سیستەمی سەرمایەداری ھەموو ئەفسانەکانی کرد بە راستی. ئێستا ئیدی ھەموومان سیزیفین، ھەموومان ژیانمان دابەش بووە بەسەر دووبارە بوونەوەیەکی سەخیفدا. ھێشتا لەبەردەم پەنجەرەکەت وەستاوی ، وەک ئەوەی سەیری شتێکی گرنگ بکەیت کەمێک چاوەکانت دادەخەیت و جوڵە لە خۆت دەبڕیت ، بەڵام ھیچ نیە ئەمیش خوویەکی حیزی تری تۆیە. لە نەکاو دێیتەوە باریی ئاسایی خۆت بەڵام کەمێک شپرزەتر ، دەبێت زوو بەرنامەی ئیمڕۆت دابڕێژیت ، ئیمرۆ ڕۆژێکی نوێیە. بیردەکەیتەوە کە ھەر وەکوو دوێنی کاتژمێر دوازدە نان بخۆیت و پاشان وەک پێری کاتژمێر چوار جگەرەیەک بکێشیت لەگەڵ خواردنەوەی چایەکی تاڵ و وەک بەسر پێری جل لەبەر بکەیت و بەم جۆرەش رۆژەکانی ئایندەت بەڕێ بکەیت.