یەکەمین خانمەپڕۆفیسۆری شیعر

ڕەخنەی چاودێر 23/06/2019

ڕەخنەی چاودێر

ئالیس ئۆسواڵد شاعیری بەرجەستەی بەریتانی، بۆ یەکەمجار پاش سێ سەدە، وەکوو یەکەمین خانمەپڕۆفیسۆری شیعری ئۆکسفۆرد هەڵبژێردرا.

گاردیان بڵاوی کردەوە: ئەو یەکەمین ژنە کە سێسەد ساڵ پاش دیاریکردنی ئەم پێگە گرنگە، دەتوانێت بەم پلەیە بگات.

ئالیس ئۆسواڵد دوای هەواڵەکە گوتی: "پاش چاوەڕوانی، نیگەرانی و دوودڵییەکی زۆر، گەلێ خۆشحاڵم و سوپاسی ئەو کەسانە دەکەم کە منیان هەڵبژاردووە. من بیر لە تێکڕای شێوەکانی شیعر دەکەمەوە."

ئەو نۆ کتێبە شیعرییەی ئۆسواڵد تاوەکوو ئێستا بڵاوی کردوونەتەوە، لەبەر کەشفی سروشت و ئەفسانە، چەندین خەڵاتی وەکوو تی‌ئێس ئیلیەت، گریفین و خەڵاتی شیعری کاستایان بە دیاری بۆ هێناوە. هەندێک کەس بە باشترین شاعیری زیندووی بەریتانیای دەزانن و جینێت وینترسن پێی وایە میراتگری شایانی تێد هیووزە. وینترسن دەڵێت: "شاعیرێک کە بە شوێنی هاتوچۆی ڕێبواران و پارکەکاندا تێناپەڕێت، بەڵکوو فەزای کراوە و ژیانێک دەپێوێت کە لە چاوەڕوانیی کەشفی دووبارەی ئێمەدایە."

ڕوانینی خەوناسای ئۆسواڵد بۆ ناوچە گوندییەکان ڕەگاژۆی ڕامانە دۆزەرەوەکانی ئەو سەبارەت بە ئاژەڵان، ڕووەک و دیمەنە سروشتییەکانە و نووسینەوەکانی سەبارەت بە چیرۆکە کۆنەکان لێوڕێژە لە مرۆڤایەتی و هاودەردی.
 
ئالیس ئۆسواڵدی ٥٣ـساڵە لە ساڵی ١٩٦٦ـدا لە دایک بووە. بەشی  کلاسیک لە ئاکسفۆرد خوێندووە. هاوکاتی شیعر، بە باخەوانییەوە سەرقاڵ بوو. یەکەمین دەفتەرەشیعری بە ناوی "شتێک لە درزی بەردڕێژەکەدا" ساڵی ١٩٩٦ بڵاو بووەوە و خەڵاتی فۆرواردی پێ بەخشرا. لە ٢٠١٦ـدا بۆ دەفتەرەشیعری "لەخەوهەستان" خەڵاتی کاستا و گریفینی بردەوە.

ئەندرۆ مووشنی شاعیر کە یەکێک لەو ١٦٧ کەسەیە دەنگیان بە ئۆسواڵد داوە، دەڵێت: "لەمێژ بوو ئەم پێگەیە لە ژنان سەندرابووەوە. ئۆسواڵد بیرۆکەی سەمەرە و پڕوزەی بۆ پێگەکەی هەیە."

ئەم پێگەیە لە ئاکسفۆرد لە ساڵی ١٧٠٨ـدا دیاری کراوە، کە یەکێک لە گرنگترین پلەوپایەکانەی شیعرە کە پێش ئۆسواڵد بە شیمۆس هینی دراوە.

ئۆسواڵد دەڵێت: شیعر سیستمێکی زەینیی کۆنە، کە دەیەوێت بەرز ببیسترێت، یان لانیکەم بە شێوەی ڕەوتێکی مۆسیقایی بخوینرێتەوە و هێزی خەیاڵ پتر لە درکی ئەقڵانی بایەخ پێ بدات.