کیاڕۆستەمی؛ چراڕێی سینەما

ڕەخنەی چاودێر 22/06/2019

وەرگێڕانی شاڵاو حەبیبە

"ئێمە لە سەردەمی کیارۆستەمیدا دەژیین، بەڵام هێشتا ئەمە نازانیین." ئەمە گوتەی وێرنەر هێرزۆکـی سینەماکاری مەزنی ئەڵمانە دەربارەی عەباس کیاڕۆستەمی، کە بەرلەوەی لە وڵاتەکەی خۆیدا ببێتە ڕووخسارێکی ناسراو، لە جیهاندا ئەوە چانسەی بە دەست هێنا.

بەرچاوترین ڕەخنەگرانی ئێستای سینەمای جیهان و تەنانەت (لە ڕابردوودا)- کەسێکی وەک ڕۆجەر ئیبێرت (سەرەڕای ڕەخنەکانی) بە درێژاییی ئەم ساڵانە سەرسامی سینەمای کیاڕۆستەمی بوون و سنووری باریکی نێوان واقعییەت و خەیاڵ لە فیلمەکانیدا سەرنجی ڕاکێشابوون.


٢٢ـی ٦ـی هەموو ساڵێک یادی لەدایکبوونی کیاڕۆستەمییە. لە ٤ـی جووڵایدا کاتێک- بە هۆی هەڵەی پزیشکییەوە- کۆچی دواییی کرد، دبۆرا یانگ، ڕەخنەگری هۆڵیوود ڕیپۆرتەر گوتی: "سینەمای جیهان چرای ڕێیەکەی لە دەست دا."


تامی گێلاس/ ١٩٩٧
ئەم فیلمە و هەروەتر فیلمی "دە" لە ٢٠٠٢ـدا، لە ڕووی پێکهاتەوە زۆر لە یەکەوە نزیکن. هەردووکیان زۆربەی جار لە قاڵبی دیمەنگەلی نزیک و لە دیدی کەسایەتییەکەوە کە بە ئۆتۆمبیل بە شارێکی بچووکدا دەسووڕێتەوە وێنە گیراون. کیارۆستەمی بەم گرێچن و دیمەنسازییە دەیەوێت پرسگەلێکی گرنگتر دەربارەی سرووشتی مرۆڤ و تەنانەت مۆدێرنیتە بخاتە ڕوو. تامی گێلاس توانیی یەکەمین خەڵاتی چڵەخوورمای ئاڵتوونی بە دیاری بۆ ئێران بباتەوە. مارتین سکۆرسیزی دەرهێنەر و پیتەر برادشاوی ڕەخنەگری گاردیان هەردووکیان فیلمەکەیان بە باشترین فیلمی کیاڕۆستەمی وەسف کردووە. هەڵبەت ڕۆجەر ئیبێرت پێی وا بوو فیلمەکە ماندووکەرە.

با دەمانبات/١٩٩٩
پێچەوانەی فیلمەکانی تری کیاڕۆستەمی، کە ئاوێتە بە جۆرێک لە هەستی زویری و لێکهەڵوەشانە و لە ڕاستیدا کاردانەوەی دەرهێنەر بەرامبەر بە جیهانە کە بەردەوام لە گۆڕانکاریدایە، چیرۆکی "با دەمانبات" بۆ زۆرێکان لە ئاستی جیهاندا بیرخەرەوەی فیلمگەلێکی وەک "دۆڵەکەی من چەند سەرسەوز بوو"ـی جۆن فۆرد و "ڕۆژەکانی بەهەشت"ـی ترانس مالیکە. بە بۆچوونی ڕەخنەگران ئەم فیلمە دوورکەوتنەوەی کیاڕۆستەمییە لە کارەکانی پێشووی، هەروەها ئاشتییەکە لە نێوان نەریت و گۆڕان، ڕابردوو و داهاتوودا.
ڕیچارد کۆرلیس، ڕەخنەگەری گۆڤاری تایم نووسی: "ساتەکانی ژیانی گوندی، تا ئێستا بە دەگمەن بەم جۆرە ڕوون و ئاشکرا وینە گیراوە." فیلمەکە وەک یەکێک لە ٥٠ فیلمە باشەکەی سینەمای جیهان لە دوو دەیەی ڕابردوودا لە لایەن فێستیڤاڵی تۆرنتۆوە هەڵبژێردراوە.

کۆپی بەرامبەر ئەسڵ/٢٠١٠
ئەم فیلمە و "وەکوو ئاشقێک" دوایین فیلمەکانی دەرهێنەرن، کە هەردووکیان لە فەزای دەرەوەی ئێراندا درووست کراون. "کۆپی…" پێ دەچێت چیرۆکی سادەی جووتێک بێت، بەڵام نەختەنەختە توێیەکانی فیلم و چیرۆکەکە دەردەکەون.
جارێکی تر لەم فیلمەکەدا دەگەڕێتەوە بۆ درزی نێوان حەقیقەت و چیرۆک و ئەوەی ئەسڵەن ئەم جۆرە سنووربەندییانە چ گرنگییەکیان هەیە؟ جووتەکە لەم فیلمەدا بە هەڵکەوت یەکتر دەناسن و بە درێژاییی فیلمەکە کە دەکەونە گفتوگۆ، بینەر زیاتر ئەو گومانەی بۆ دروستر دەبێت ئاخۆ ئەم دوانە هەر وا تازە یەکتریان ناسیوە یان ساڵانێکە ژنومێرد بوونە؟
دەیڤد دۆنبای لە نیویۆرکەدا نووسی: "ئەمە گەڕانەوەیەکی شکۆمەندی کیارۆستەمییە بۆ دنیای سینەما."

ماڵی هاوڕێ لە کوێیە؟/١٩٨٧
ئەمە ڕاستییە کە یەکێک لە پڕمشتومڕترین فلیمەکانی لە ئاستی جیهاندا، لە ڕاستیدا دژوارترین فیلمی ئەوە بۆ تەماشاکردن. لەسەر کاخەز، لەگەڵ چیرۆکێکی ڕاستگۆیانە و بە ڕواڵەت سادەدا ڕووبەڕووین. ئەم فیلمە بەشی یەکەمی سێیینەی "کۆکەر"ـە؛ سێ فیلمی درێژ کە لە یەکێک لە گوندە بچووکەکانی ئێراندا ڕوو دەدات. هەڵبەت ئەمە ڕەخنەگران بوون کە بەم جۆرە پۆلێنیان کرد. ماڵی هاوڕێ لە کوێیە؟/ ژیان و ئیتر هیچ/ هەروەها: لەژێر درەختانی زەیتووندا. کیاڕۆستەمی خۆی دژی ئەم پۆلێنبەندییە و سەرناوی سێیینە بوو.
فیلمەکە دەربارەی ئەرکگەلێکی ئەخلاقییە، کە ئێمە وەک ئەندامانی کۆمەڵگەیەک پێویستە بەرامبەر یەک بەجێیان بهێنین. هەروەها دەربارەی مرۆڤی شەریف و سەرڕاستە، دەربارەی وریابوونە لە یەکتری.

کڵۆئەپ/١٩٩٠
کاتێک باسی درزی نێوان واقعییەت و چیرۆک بکەین، بێشک دەبێت شافیلمەکەی کیاڕۆستەمی، کڵۆزئەپ لە بیر نەکەین. فلیمێک کە تێیدا: حقیقەت، ڕووداوی ڕاستەقینە، خەیاڵ، بەڵگەفیلم و هونەر تێیدا ئاوێتە دەبن.
نانی مۆرتی دەرهێنەری ئیتاڵی، لە ساڵی ١٩٩٦ـدا فیلمێکی کورتی بە ناوی "ڕۆژی نمایشی کڵۆزئەپ" دەربارەی ئەم فیلمە دروست کردووە. هەروەها گۆڤاری "کایەدۆسینەما" لە ساڵی ١٩٩١ـدا وەکوو پێنجەمین فیلمی باشی ساڵ هەڵی بژاردووە.