سبەی بۆ ئەستەمبوڵییەكان یەك شەممەی یەكلایكەرەوە دەبێت

ڕاپۆرت 22/06/2019

راپۆرتی چاودێر
وابڕیارە سبەی هەڵبژاردنی شارەوانی لە ئەستەمبوڵ ئەنجامبدرێت، ئەمەش لەپاش ئەوە بوو كە لە 31 ی مارت ئەكرەم ئیمانئۆغڵوی كاندنی پارتی كۆماری گەل (جەهەپە) %48.8 و بیناڵی یڵدرمی كاندیدی ئاك پارتی %48.5 ی دەنگەكانی بەدەستهێنابوو. بەڵام بە بڕیاری كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی ئەو وڵاتە و لەسەر رەخنەگرتنی ئاك پارتی ئەنجامی هەڵبژاردنەكە هەڵوەشایەوە.
 
هەدەپە: لە پاڵپشیمان بۆ ئەكرەم ئیمانئۆغڵو بەردەوامدەبین
لای خۆشیەوە پەوین بوڵدان، هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند كە پارتەكەیان بەهەمانشێوە پشتیوانی بەرەی دیموكراسی دەكەن و دەنگ بە ئەكرەم ئیمانئۆغڵوی كاندیدی جەهەپە بۆ شارەوانی گەورەی ئەستەمبوڵ دەدەن.
كورد ئەمجارە یەكلاییكەرەوەی هەڵبژاردنەكە دەبێت، بەوەی 200 هەزار كورد لەو شارە دەنگیان نەدابوو پێشتر، لای خۆیەوە هەدەپە رایدەگەیەنێ كە ئەمە بۆ شكستپێهێنانی ئاك پارتییە لەمەڕ دۆڕاندنی شارەوانی ئەستەمبوڵ دەنگ بە كاندیدەكەی جەهەپە دەدەنەوە. بۆیە داوای لە دەنگدەرانی كردووە پاڵپشتی لە ئیمامئۆغڵو بكەنەوە.

ئیمامئۆغڵو چانسی زیاترە
بەپێی دواهەمین راپرسی دەركەوتووە كە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو  دووبارە چانسی بردنەوەی زیاترە،
راپرسییەكە لەلایەن پێنج دامەزراوەی سەربەخۆ ئەنجامدراوە، دەركەوتووە كە هەر پێنجییان رێژەی دەنگی بیلالی یڵدرم لەخوار %50 یە  لەبەرامبەریشدا راپرسی چوار لەو دامەزراوانە دەریانخستووە كە دەنگەكانی  ئیمامئۆغڵو لەسەروو %50 یە ئەمەش چانسی بردنەوەی ئیمامئۆغڵوی زیادكردووە.
جێی باسە لە ٣١_٣_٢٠١٩ ئەكرەم ئیمامئۆغلو توانی بە ١٣ هەزار و ٥٠٠ دەنگ پێشی یڵدرم بكەویت، بۆیە ئەگەر هەركام لە پارتەكانی توركیا بتوانن قەناعەت بەو ٢٠٠ هەزار دەنگدەرەی كورد بهێنن كە نەچوونەتە سەر سندووقی دەنگدان، ئەمجارەیان بچنە سەر سندووق و دەنگیان پێ بدەن، ئەوكات ئەو كاندیدە دەیباتەوە كە ئەو دەنگدەرە كوردانە دەنگیان پێ دەدەن، بۆیە راستە دەڵێن ٢٠٠ هەزار دەنگدەرەكەی كورد لە ئیستەنبوڵ كە پێشتر بایكۆتی سندووقی دەنگدانیان كردبوو چارەنووسی هەڵبژاردن و سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبۆڵ یەكلایی دەكەنەوە.