ئەم خۆراكانە كاریگەری خراپیان لەسەر مێشك هەیە

تەندروستی 22/06/2019

 

چاودێر
ئەو خۆراكانەی رۆژانە دەیانخۆین، كاریگەریی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان لەسەر هەموو ئەندامەكانی جەستە هەیە، كۆئەندامی مێشك و دەماریش لەو كاریگەرییانە بەدەر نییە، ماڵپەڕی برایت ساید ئەو خۆراكانەی دەستنیشان كردووە كە مەترسی لەسەر مێشك و دەمار دروستدەكەن، ئەوانیش بریتین لە:
 برنج:
بە كاربۆهێدراتێكی زۆر دەوڵەمەندە، ئەمەش وادەكات شەكری خوێن زۆر بەخێرایی بەرز بكاتەوە، بەرزبوونەوەی ئاستی شەكریش لە خوێندا مەترسیی نەخۆشییەكانی مێشك و دەمار زیاد دەكات. توێژینەوەیەكی زانستی لە جۆرناڵی نیوتریشن دەریخستووە ئەوانەی برنج زۆر دەخۆن بەتایبەت خانمانی بەتەمەن، ئەگەری تووشبوونیان بە خەمۆكی زیاترە.
خۆراكی سوورەوەكراو:
ئەو خۆراكانە بە رێژەیەكی زۆری چەورییە تێرەكان دەوڵەمەندن، چەندین توێژینەوەی زانستی دەریانخستووە ئەوانەی خۆراكە سوورەوەكراوەكان زۆر دەخۆن، زیاتر تووشی نەخۆشییەكانی مێشك و دەمار دەبن، لەوانەش ئەلزەهایمەر.
پەنیر:

پەنیر بەهۆی ئەوەی بە ماددەی تایرامین دەوڵەمەندە، هانی نۆرەكانی لاسەرئێشە دەدات، بۆیە ئەوانەی بەدەست شەقیقەوە دەناڵێنن، باشترە پەنیر نەخۆن. هەرچەندە ئەمە بۆ هەموو تووشبوویەك وەك یەك نییە.

- كحول:
توێژینەوەی زۆر هەن دەریدەخەن هیچ بڕێكی خواردنەوەی كحول سەلامەت نییە، تەنانەت خواردنەوەی كەمێكیش لە كحول زیانی بۆ تەندروستی هەیە. ئەوانەی كحول دەخۆنەوە مەترسیی زیاتری تووشبوون بە جەڵتەی مێشكیان لەسەرە، بەراورد بەوانەی كحول ناخۆنەوە.