ناوی كاندیدانی وەزارەتە بەتاڵەكانی كابینەكەی عەبدولمەهدی ئاشكرادەكرێن

عێراق 22/06/2019


ئەگەرچی بڕیار بوو ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق  كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی تەواو بكات و وەزارەتە چۆڵەكان پڕبكاتەوە، بەڵام بەپێی زانیاریەكان كۆبونەوەكە دواخراوە، چونكە رێككەوتنی كۆتایی لەسەر كاندیدەكان نەكراوە.
لەبارەی كاندیدی ئەو چوار وەزارەتە بەتاڵەی كە ماون، فالح عیساوی، وتەبێژی هاوپەیمانی هێزە عێرقیەكان، رایگەیاند: وەزارەتی بەرگری بۆ كوتلەی سوننەكانەو بۆ ئەو مەبەستە دوو كاندید لەئارادان كە ئەوانیش لیوا سەڵاح حەریری و لیوا نەجاح شەمەریە.
هەروەها كاندیدی وەزارەتی دادیش حاكم رزگارە.
ناوبراو راشیگەیاندوە: پۆستی وەزارەتی ناوخۆ بۆ كوتلە بونیاد یەكلابۆتەوە، ئەوانیش پێدەچێت چەند كاندیدێكیان بۆ ئەو پۆستە هەبێت، كە یەكێكیان فەریق عەبدولغەنی ئەسەدیە و شانسی زیاتری هەیە.
عیساوی راشیگەیاندوە: پێش كۆبونەوەكەی پەرلەمان تیمی حكومەت و پەرلەمان كۆبونەوەیەك دەكەن و چۆنێتی بەڕێوەچونی پرۆسەكە دیاری دەكەن.

هاوکات وەزارەتی پەروەردەش کە پشکی کوتلەی مەشروعی عەرەبیە بۆ سەفانە حەمدانی یەکلابۆتەوە.