بە داتا و ریکۆرد: کلۆپ چی بە لیڤەرپول بەخشی؟

وەرزش 20/06/2019


راهێنەرەكەی لێڤەرپول لە 16/ ئەم مانگەدا، 52 ساڵی تەمەنی تێپەڕاند، یۆرگن كلۆپ لە هاوینی ساڵی 2015 بە كۆمەڵێك خەون و پرۆژەی گەورە روی لە یانە ئینگلیزییەكە كردو گرێبەستی لەگەڵدا كردن،  بە ئامانجی ئەوەی یانەی ریدز بتوانێت لە چوار ساڵی داهاتوودا كێبەڕكێی خولی ئینگلیزی یانەكانی ئەوروپا بكات.
كلۆپ، توانی لە وەرزی چوارەمیداو لە 2019 بە ئامانجی خۆی بگات و سەركردایەتی یانەكەی بكات بۆ بەدەستهێنانی نازناوی خولی یانەكانی ئەوروپا، كە ئامانجێكی گەورەی یانەكەی بە دەستهێنانی، چونكە لە ساڵی 2005ەوە یانەكە لەو نازناوە بێ‌ بەش بووە، ئەمە جگە لەوەی هاوشانی یانەی مانچستەر سیتی كێبەڕكێی لەسەر نازناوی خولی پریمەریگ دەكرد تا دوا گەڕی خولەكە.
نرخی تیپەكە:
كاتێك كلۆپ بوە راهێنەری لیڤەر، نرخی یانەكە بە كۆ گشتی 400 ملیۆن یۆر بوو،  بەڵام دوای چوار ساڵ بەرزبونەوەیەكی خەیاڵی بەخۆوە بینیوەو نرخەكەی گەشتۆتە 1.1 ملیار یۆرۆ، و بە رێژەی 175% زیادی كردووەو  هۆكاری سەرەكیش دەگەڕێتەوە بۆ راهێنەرە ئەڵمانیەكە، كە كاریگەری تەنها لەناو یاریگادا نەبێت، بەڵكو لەدەرەوەی یاریگاش كاریگەری خۆی هەبێت و توانیویەتی لە دیاریكردنی ئەو یاریزانانەدا سەركەوتو بێت كە دەیگوازێتەوەو لە ئێستاشدا یانەكە ریزبەندی شەشەمی لەسەر ئاستی جیهان گرتوە.
لە ئێستادا لیڤەرپول یەكێكە لە یانە بەهێزەكان پێدەچێت بردنەوەی جامی خولی یانەكانی ئەوروپا پاڵنەرێكی سەرەكی بێت بۆ بەدەستهێنانی نازناوی خولی ئینگلیزی بۆ وەرزی 2019 – 2020، جێی وەبیر هێنانەوەیە لیڤەرپول لە وەرزی رابردودا ژمارەیەكی پێوانەیی تۆماركرد لە كۆكردنەوەی 97 خاڵ، بەڵام   ركابەرە سەرسەختەكەی مان سیتی كە بە جیاوازی تەنها خاڵێك بوە پاڵەوانی خولەكە.