دوو گۆڤاری ئەمریكی، وادەی جەنگی ئەمریكاو ئێران ئاشكرادەكەن

ڕاپۆرت 19/06/2019

گۆڤاری (فارن پالیسی) چاپی ئەمریكا، لە راپۆرتێكیدا، ئاشكرایكردوە: كە بەرپرسانی ئەمریكا تاوتوێی ناردنی 6000 هەزار سەربازی ئەمریكی دەكەن بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
گۆڤارەكە، ئاشكراشیكردوە: لەدوای هێرشی سەر كەشتیە نەوتگوێزەرەوەكانی كەنداوی عومان، ئەمریكا خەریكی تاوتوێكردنی تەواوی بژاردەكانە بە بژاردەی هێرشی سەربازیشەوە.
هاوكات لەچوارچێوەی هەوڵەكانی بۆ دروستكردنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی ئێران، مایك پۆمیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، رایگەیاند: دوای تۆمەتباركردنی ئێران بە ئەنجامدانی هێرشی سەر كەشتیە نەوتگوێزەرەوەكانی كەنداوی عومان، دەوڵەتەكەی ترەمپ، چەند بژاردەیەكی لەبەردەمدایەو خەریكی تاوتوێ كردنیانە.
لەبەرامبەردا، لەچەند رۆژی رابردودا حكومەتی ئێران تاڕادەیەكی زۆر لە رێككەوتنە ئەتۆمیەكە هاتەدەرەوەو بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی ئاوی قورس و یۆرانیۆمی پیتێنراوی بەرزكردەوە، ئەمەش دوای ئەوەی مۆڵەتی دابوە وڵاتانی ئەوروپا تاوەكو ئەلتەرناتیڤی بانكی ئەمریكا بۆ ئێران بدۆزنەوە، بەڵام وڵاتانی ئەوروپا لەو كارەدا سەركەوتوو نەبون.
هاوكات پنتاگۆن رایگەیاندوە، كە لەسەر داوای بەرپرسانی ئەمریكا، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریكا، خەریكی تاوتوێكردنی ناردنی نزیكەی شەش هەزار سەربازی دیكەو ژمارەیەك كەشتی جەنگی و فڕۆكەو چەند ژێردەریاییەك و سیستمی موشەكی پاتریۆتە بۆ ناوچەكە.
لەلایەكی دیكەوە گۆڤاری (ناشیوناڵ ئێنترێست) راپۆرتێكی بڵاوكردۆتەوەو تێیدا باس لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریكا و ئێران دەكات. لەو راپۆرتەدا جیم كران، لێكۆڵەر لەپەیمانگەی بەیكەر بۆ سیاسەتی گشتی، پێشبینی دەكات جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتە لەهاوینی ئەمساڵدا دەستپێبكات.

ئا: رزگار فایەق