مارشی مه‌رگ
مارشی مه‌رگ
Dödsfuga
پاول سێلان
و. لە سویدییەوە: گۆران مەریوانی
ئه‌ی شیری ڕه‌شی سوبحده‌م
ئێمه سه‌ر له ئێواران ده‌خۆینه‌وه
ئێمه ده‌م-ده‌می نیوه‌ڕوان و سبه‌ینان ده‌خۆینه‌وه
ئێمه شه‌وانه ده‌خۆینه‌وه
ئێمه ده‌خۆینه‌وه و ده‌خۆینه‌وه
ئێمه گۆڕێ له ئاسمان هه‌ڵده‌كه‌نین
كه ته‌نگ نییه بۆ درێژبوون و ڕاكشان
پیاوێ له‌و خانووه‌دا ده‌ژێ
ده‌ستبازی ده‌گه‌ڵ ماران ده‌كا
ئه‌و ده‌نووسێ
ئه‌و ده‌مێ ده‌نووسێ كه تاریكی به‌سه‌ر ئاڵمانیادا دادەکەوێ
پرچی زێڕینی تۆیش مارگرێتا
ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێ ده‌ینووسێ و له خانووه‌كه وه‌ده‌رده‌كه‌وێ
ستاره‌كانی ئاسمان باقوبریقیانه
ئه‌و فیكه‌یه‌ك ده‌كێشێ ئێستا
تا سه‌گاكانی هه‌ڵدێنه ده‌وری
ئه‌و فیكه‌یه‌ك ده‌كێشێ ئێستا
تا (جووه‌كانی) غارده‌نه ده‌وری
تا لێره له‌سه‌ر عه‌رد گۆڕێ هه‌ڵكه‌نین
ئه‌و فرمانمان پێ ده‌دا ئێستا
تا خۆمان كۆك بكه‌ین و ئاماده بین هه‌ڵپه‌ڕین.
ئه‌ی شیری ڕه‌شی سوبحده‌م ئێمه شه‌وانه ده‌خۆینه‌وه
ئێمه ده‌م-ده‌می نیوه‌ڕوان و سبه‌ینان ده‌خۆینه‌وه
ئێمه ده‌می ئێواران ده‌خۆینه‌وه
ئێمه ده‌خۆینه‌وه و ده‌خۆینه‌وه
پیاوێ له خانووه‌كه‌دا ده‌ژێ
ئه‌و ده‌ستبازی ده‌گه‌ل ماران ده‌كا و ده‌نووسێ
ئه‌و ده‌مێ ده‌نووسێ
كه تاریكی به‌سه‌ر ئاڵمانیادا دادەکەوێ
پرچی زێڕینی تۆیش مارگرێتا
كاكۆڵی خۆڵه‌مێشیی تۆیش سوله‌میت*
ئێمه گۆڕێ به حه‌واوه، له ئاسمان هه‌ڵده‌كه‌نین
كه ته‌نگ نییه بۆ درێژبوون و ڕاكشان.
ئه‌و به‌سه‌ر عه‌رددا تا هێزی تیایە ده‌قیژێنێ
ها ئێوه له‌وێ،
جه‌ماعه‌ت ئێوه‌ش بژه‌نن، سترانبێژن
ئه‌و پڕ ده‌كا به ئاسنی به‌ر قایشه‌كه‌ی كه‌مه‌ریدا و ڕایده‌وه‌شێنێ
چاوانی ئه‌و شین-شینن
ده‌ی ها ئێوه، خاكه‌نازه‌كانتان قووڵتر ڕاده‌ن
ئێوه‌ش جه‌ماعه‌ت به‌رده‌وام بن، لێده‌ن، بژه‌نن، هه‌ڵپه‌ڕن.
ئه‌ی شیری ڕه‌شی سوبحده‌م، ئێمه شه‌وانه ده‌خۆینه‌وه
ئێمه ده‌م-ده‌می نیوه‌ڕوان و به‌یانیان ده‌خۆینه‌وه
ئێمه ده‌خۆینه‌وه و ده‌خۆینه‌وه
پیاوێ له‌و خانووه‌دا ده‌ژی و
پرچی زێڕینی تۆیش مارگرێتا
كاكۆڵی خۆله‌مێشیی تۆیش سوله‌میت،
ئه‌و له‌ته‌ك ماران ده‌ستبازی ده‌كا.
ئه‌و بێ-لاموبالاتانه‌تر ده‌قیژێنێ
لێده‌ن، مه‌رگ بژه‌نن
مه‌رگیش زه‌لامێكه خه‌ڵكی ئاڵمان
ئه‌و به‌زه‌برتر ئێستا ده‌قیژێنێ
ده‌ی ئه‌و كه‌مانچانه تاو‌ده‌ن، بژه‌نن
پاشان، وه‌ك دووكه‌ڵ به‌رز ده‌بنه‌وه
بۆ ئه‌و حه‌وایه، بۆ ئاسمان
جا ده‌نێو ئه‌و هه‌ورانه ده‌بنه خاوه‌نی گۆڕی خۆتان
كه ته‌نگه نییه بۆ درێژبوون و ڕاكشان.
ئه‌ی شیری ڕه‌شی سوبحده‌م، ئێمه شه‌وانه ده‌خۆینه‌وه
ئێمه ده‌م-ده‌می نیوه‌ڕوان ده‌خۆینه‌وه
مه‌رگ ئاغایه‌كه خه‌ڵكی ئاڵمان
ئێمه ده‌خۆینه‌وه ده‌م-ده‌می ئێواران و سبه‌ینان
ئێمه ده‌خۆینه‌وه و ده‌خۆینه‌وه
مه‌رگ وه‌ستایه‌كی شاره‌زای ئاڵمانییه
چاوانی شین ـ شینییه
ئه‌و به گولله‌یه‌كی قوڕقوشمین ده‌تان ئه‌نگاوتێ
ئه‌و هه‌ر یه‌كه ڕێک به فیشه‌كێ ده‌پێكێ
پیاوێ له‌و خانووه‌دا ده‌ژێ
پرچی زێڕینی تۆیش مارگرێتا
ئه‌و سه‌گه‌كانی به‌رده‌داته ئێمه
گۆڕێكمان له‌و حه‌وایه، له ئاسمان ده‌داتێ
ئه‌و ده‌ستبازی له‌ته‌ك ماران ده‌كا و
خه‌و ته‌نێ به مه‌رگه‌وه ده‌بینێ
ئاغا ـ زه‌لامێكه خه‌ڵكی ئاڵمان
پرچی زێڕینی تۆیش مارگرێتا
كاكۆڵی خۆڵه‌مێشیی تۆیش سولامیت گیان!
پاول سێلان 1970ـ 1920
خه‌ڵكی ڕۆمانیایه، له كه‌مینه‌ی ئاڵمانییە و ئاڵمانزمانه. نازیه‌كان
زوو ده‌یگرن و ڕه‌وانه‌ی كاری قورسی كه‌مپی هۆلاكۆستانی ده‌كه‌ن له وڵاتان و
شوێنانی جیاواز تا هه‌ڵدێ و فره ساڵانێ خۆی حه‌شار ده‌دا، به ده‌ربه‌ده‌ری ده‌ژی
دواجار له پاریس ده‌گیرسێته‌وه و 1970 خۆی ده‌كوژێ. چێڵان یه‌كێكه له پێشڕه‌وانی
شیعری سیاسی له ته‌ك كۆمه‌ڵێ شاعیرانی تری ده‌می جه‌نگی دووەمدا، له‌وانه نێلی
سانتاكس كه من دوور زه‌مانێكه وه‌رمگێڕاوه. نێڵی سانتاكس ئه‌و خانمه شاعیره‌یه
كه به‌ختیار عەلیی كورد و دۆستم خه‌ڵاتی ئه‌وی پێ به‌خشراوه له ئا‌ڵمانیا ئه‌مساڵ.
بڕوانه ماڵپه‌ڕی من بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و.
سولامیت: كوڕ، سه‌له‌می: كیژ. دوو كه‌سی
عاشقن له ئه‌ده‌بیاتی كریستیان و بایبڵدا، له زۆر سروتی ئاینی ئه‌وانیشدا. كه
بۆ یه‌ك نابن، ده‌گیرێن به فرمانی خودا، هه‌ر یه‌ك بە دەستبەسەری ڕه‌وانه‌ی دوو
ئه‌ستێره‌ی جیاواز ده‌كرێن. ئه‌وانیش؛تا به‌یه‌ك بگه‌ن؛ پرد له تیشك له ئه‌ستێره‌كانی
خۆیانه‌وه دروست ده‌كه‌ن وەک ڕایەڵ بۆ سه‌ر ئه‌ستێرانی تر . ئه‌ستێره‌ی كاكێشان
یه‌كێكه له حه‌شارگا و دیدارگای ئه‌وان. شكاتیان له‌كن خودا لێ ده‌كرێ کە سه‌رپێچی
فرمایشتی خودایان كردوه. خودا ده‌یانبه‌خشێ؛ چوون له ڕێی ئه‌شقدا كه‌لامی ئه‌ویان
شكاندووه.