كۆمپانیای هواوی 30 ملیار دۆلار زیان پێدەگات

تەکنەلۆجیا 17/06/2019


دامەزرێنەری كۆمپانیای "هواوی" رایگەیاند بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە بڕی داهاتی كۆمپانیاكە نزیكەی 30 ملیار دۆلار كەم دەكات بەراورد بە پێشبینیەكانی دووساڵی رابردوو.
"رن چینگ فی" سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای هواوی چینی رایگەیاند: پێش بینی ئەوەمان نەدەكرد ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بەو شێوەیە سوور بێت لەسەر هێرشكردنە سەركۆمپانیاكە وئاكامی سزاكانی ئەمریكاش بەو سەختیە بێت
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە رێژەی فرۆشتنی كۆمپانیاكە لە دەرەوەی وڵات نزیكەی 40% كەمیكردوە.
باسی لەوەشكرد " هواوی " چالاكییەكانی كەم دەكاتەوەو پێش بینی دەكات لەماوەی دووساڵی داهاتوودا ساڵانە بڕی 100 ملیار دۆلار داهاتی هەبێت ،لەكاتێكدا لە ساڵی 2018 داهاتی كۆمپانیاكە 105 ملیار دۆلار و لە ساڵی 2019 ئامانجی كۆمپانیاكە بڕی داهاتی بگاتە 125 ملیار دۆلار.
ئاژانسی بلۆمبێرگ بڵاویكردوەتەوە كۆمپانیای هواوی خۆی ئامادە كردوە بۆ كەمكردنەوەی فرۆشی مۆبایلی زیرەك بە رێژەی 40% بۆ 60% لە بازاری نێودەوڵەتییدا.و بەنیازیشە مۆبایلی جۆری "ئۆنر 20" كەنوێترین مۆدیلی ئەو كۆمپانیایە لە دەرەوەی وڵات بكێشێتەوە.
مانگی ئایاری رابردوو حكومەتی ئەمریكا كۆمپانیای هواوی خستە لیستی رەشەوە و بریاری دا هاوردەكردنی بۆ ئەمریكا قەدەغە بكرێت چونكە واشنتۆن رایگەیاندوە ئەو مۆبایلە مەترسی هەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی.