ژووانێکی دیکەت هەیە بۆى بڕۆیت ئەى خانمى عاشق ؟
ژووانێکی دیکەت هەیە بۆى بڕۆیت
ئەى خانمى عاشق ؟
ئهدۆنیس
وهرگێرانى تتهلعهت تاهیر
1
بەردەوامبە ، ئەو کەسەى دووبارەى دەکاتەوە کە شاعیرى سەردەمە ، بەوەندە واز ناهێنێ زمان ئەشکەنجە بدا : بە بزمارى زۆربڵێیى لە مەمکەکانییەوە هەڵیواسێ .
بەڵکو پێى خۆشە هەوایش ئەشکەنجە بدا .
کۆچبکە، کۆچبکە : ئەى ئەبجەدییەت .
2
ئەو ژنەى خۆشیدەوێ کردییە ئەیقونەیەک ، بە خەیاڵى خۆى گوت :
ڕەنگیکە .
دواتر بە دەست و پێى گوت ، ببە چوارچێوە .
3
لە پاڵ مردندا دەژیم :
عەقڵم باوەڕى کردووە
بەڵام ، چۆن باوەڕ بە جەستەم بێنم ؟
4
نینۆکە درێژەکانتم خۆشناوێ ، ئەى خۆر .
5
ئاسۆ ، ئەمڕۆ :
بە هەتاو سەرخۆشە .
6
خوێنى قافیە لەبەر دەرگاى شیعر ڕژاوە ، -
هەستەوە ،
ئەسپەکانت ئامادەکە ئەى زمان .
7
دیجلە خەڵک دەنێژێ ،
فوراتیش ماڵئاوایى لە برادەرەکانى دەکا :
لمیش لە نێوانیاندا چەنەبازى دەکا .
8
مەترسە
تەنیا لەو وشانە نەبێ کە دەترسن .
9
فەرمانیان بە هەوا دەکرد ، کڵاو لەسەر بکا .
فەرمانیان بە چۆلەکە دەکرد ، تەقە بکا .
10
تێتدەگەم ئەى شکست :
هیچ شتێک نییە وا بکات سەرکەوتن خۆشەویست بێ .
11
هەناسەکانم
خۆیان زیندانییان کردووم .
12
کێ دەتوانێ نکۆڵى لە خۆشەویستى گەرمى تا مردن بکات :
لە نێوان ئاو و ئاگر ؟
13
لە نزیک چرپاکەیدا بوکەڵەیەک هەیە :
خەریکە غیرەى لێدەکا .
14
مێژوویێکە ،
جەلادێکە لە کۆشکى زەمەندا .
15
چونکە سێو هێشتا هەر بەردەبێتەوە ،
پێویستە وەک وەفایەک بۆ حەوا
باوەڕمان بە هەڵکشان هەبێ .
16
ئاو ، مافى ئەوەى نییە
بگەڕێتەوە سەرچاوەکەى .
17
نەخێر ،
پەلە مەکە ئەى بەختەوەرى ،
ئەوەى داوام کردووە ، پێم مەبەخشە .
18
جوانترین شت بۆ دوو عاشق ئەوەیە
بە رەشنووس بمێننەوە بۆ قەسیدەیەکى ئەوین .
19
کەشتیێکم هەیە لە دەریاى خەون ،
ماڵێکى گەڕۆکیش لەسەر کەنارەکانى .
20
ئەو خونچانە یەکسانخواز نین :
بۆچى مافى ئەوەم پێنادەن
ململانێ لەگەڵ پەپوولە و هەنگدا بکەم
لەسەر شیلەکەى ؟
21
ئەستێرەکان –
لەناو ماڵەکانیاندا دەژین ،
نە ژوانیان هەیە ، نە یەکتر بینین .
22
دڵنەوایى دۆخى سروشتە ،
نیگەرانییش دۆخى گەردون .
23
روخسارت کەنارە بۆ شەپۆلەکانى خەمت ،
چاوەکانیشت بەندەرن .
24
ماڵئاوا لە پێکەکانى مەیخانەى ئێستادا :
دوارۆژ شەرابەکانى پێدەگەیەنێ .
25
سەرەڕۆ ، مانگ لە نێوچەوانیدایە ،
ئەستێرەیش لە پێیەکانى .
26
بەختێک ،
هەمیشە لەسەر لێوارى ئەوەیە بمگرێ .
بەڵام ئەى بەخت ،
لە توانامدایە چى بکەم
کە سامان خۆى خودى هەژارییە و
تێربوونیش خودى برسێتییە ؟
27
بۆچى ، کاتێ سروشت جوان دەڵێ ،
شیعر چاوچنۆک دەبێ ؟
28
بەڵێ ،
خۆم تاقیمکردۆتەوە :
دڵى دڕندەیە و ،
جەستەیشى کێڵگەى گوڵە .
29
بێکۆتایى ؟
هەندێ کەس بە ئاسمانى دەپێوێ ( حەزى لێناکەم )
هەندێ کەسیش دەیپێوێ بە جەستە .
30
خەریکە باڵەکانى هەور
بەسەر روخسارى هەتاودا دەشەکێنەوە :
ژووانێکی دیکەت هەیە بۆى بڕۆیت
ئەى خانمى عاشق ؟
31
تاریکى ئاوێنەیە
تیشک بە راستى خۆى نابینێ تەنیا لەودا نەبێ .
32
تۆوەکانى نکۆڵى لێدەکەن ، بەرەکانى نکۆڵى لێدەکەن :
چ کارەساتێکە ،
چ خۆشیێکە !